رووداو دیجیتاڵ هەوڵەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، گەیشتووەتە بنبەست و پێدەچێت خەونی ئەو یاریزانە بۆ پۆشینی درێسی بلاوگرانا لەناو بچێت. خۆسێ ئەلڤارێز، رۆژنامەنووسی دیاری بەرنامەی ئەلچیرینگیتۆی ئیسپانی ئاشکرای کرد، گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بۆ بارسێلۆنا 99% کۆتاییهاتووە و لە کارنامەی یانە کەتەلۆنییەکە سڕدراوەتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە چەندین جار ئارەزووی خۆی بۆ یاریکردن لە کامپ نو دەربڕیوە. کێشەکە پارە نییە بەگوێرەی سەرچاوەکان، بارسێلۆنا بۆ ماوەی چەندین مانگ هەوڵی داوە رێگەیەک بۆ رازی کردنی ئاتلێتیکۆ مەدرید بدۆزێتەوە، تەنانەت دەستەوارەیەکی فەرمی بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کردووە، بەڵام یانە مەدریدییەکە هیچ وەڵامێکی فەرمی نەبووە. خۆسێ ئەلڤارێز دەڵێت "ئەمڕۆ لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە گرێبەستەکە قسەم کردووە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە بابەتەکە ئیدی پەیوەندی بە پارەوە نەماوە، بەڵکو کێشە لە نێوان هەردوو یانەدا هەیە و هیچ لایەکیان ئامادە نین سازش بۆ ئەویدیکە بکەن". ئەلڤارێز بێئومێد بووە جولیان ئەلڤارێز کە پێشتر هەنگاوی گەورەی نا و بە ئاشکرا داوای رۆیشتنی لە ئاتلێتیکۆ کرد، ئێستا بڕیاری داوە چیتر گوشار نەکات. ئەو یاریزانە هەموو کارێکی کرد بۆ ئەوەی رێگەی بۆ خۆش بێت بچێتە بارسا، بەڵام ئێستا تەنیا چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایی میگێل ئەنخێل خیل مارین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاتلێتیکۆ دەکات، هەرچەندە هیوایەکی کەم ماوە بۆ گۆڕانکاری. ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت "جولیان گەیشتووەتە بنبەست و چیدیکە هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێت، ئەو بە ئاشکرا گوتی خەونم یاریکردنە بۆ بارسا، بەڵام ئێستا بەردەوامە لە مەشق و راهێنانەکانی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ و داهاتووی بە ناڕوونی ماوەتەوە". راستییە تاڵەکە بۆ بارسا بۆ یانەی بارسێلۆنا، ئەمە گورزێکی کوشندەیە. یانەکە لەگەڵ یاریزانەکە لەسەر هەموو مەرجە تایبەتییەکان رێککەوتبوو، بەڵام بڕواپێکردنی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ فرۆشتنی ئەستێرە یەکەمەکەی بە رکابەرە مێژووییەکەی، کارێکی مەحاڵ بوو. ئەگەر لە چەند کاژێری داهاتوودا گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە هەڵوێستی کارگێڕیی ئاتلێتیکۆدا روونەدات، بارسێلۆنا دەبێت شکستهێنانی گەورەترین پڕۆژەی هاوینەی خۆی رابگەیەنێت.
مۆندیالی 202629-07-2026بەهۆی دروشمی دوورگەکانی فۆکلاندەوە، پاسەوان بۆ دوو یاریزانی ئەرجەنتین دادەنرێن