رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروشمی سیاسیی بەرزکراوە، لە دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەسەر ئینگلتەرا، لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، دوو یاریزانی ئەرجەنتینیی پرێمەرلیگ، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.
لە دوای سەرکەوتنی ئەرجەنتین بۆ یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵ، پاشبردنەوە لە ئینگلتەرا بە 2 - 1 گۆڵ، یاریزانانی ئەرجەنتین لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەرکەوتنەکەوە، دروشمێکیان بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو، "دوورگەکانی مالڤین (فۆکلاند) ئەرجەنتینین.
ئەو دروشمە گوزارشت بوو لە ویستی سیاسییانەی ئەرجەنتین، کە وایدادەنێت دوورگەکانی فۆکلاند، بەشێکی لە خاکی وڵاتەکە. بەڵام پێشتر لە ساڵی 1984دا بەریتانیا، لە دوای جەنگێک کە زیاتر لە هەزار کەسی سڤیل و سەرباز تێیدا بوونە قوربانی، دەستی بەسەرداگرت.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری سیکیوریتی، پەنایان بۆ زیادکردنی ئەندامانی ئاسایشپارێزیان لە چواردەوری ماڵی هەردوو یاریزانی ئەرجەنتینی، لیساندرۆ مارتینێز و ئەلێکسیس ماک ئالیستەر بردووە.
ئەو دوو یاریزانە ئەرجەنتینییە کە لە مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول یارییدەکەن، لە دوای یارییەکە بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیانەوە، زۆر ئاهەنگیان گێڕا و ئەوەش هاندەرانی ئینگلتەرای نیگەرانکرد.
رێوشوێنی کۆمپانیاکانی سیکیوریتی، بۆ پاراستنی ژیان و ماڵی ئەو دوو یاریزانەن لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە.
لە ئاهەنگی یاریزانە ئەرجەنتینییەکاندا، هەروەها هەریەکە لە کریستیان رۆمیرۆی بەرگریکەر و جیۆڤانی لوسێلسۆ بەشدارییان لە بەرزکردنەوەی هەمان دروشمدا کرد.
وێڕای ئەو مشتومڕەی لەدوای بەرزکردنەوەی دروشمەکە هاتە ئاراوە، هیچ حاڵەتێکی هەوڵدان بۆ پەلاماردان یان شێواندنی ماڵوموڵکی ئەو دوو یاریزانە تۆمارنەکراون، یانەی مانچێستەر یونایتدیش هیچ بەشدارییەکی لە زیادکردنی ژمارەی سیکیوریتییەکانی چواردەوری ماڵی بەرگریکارەکەیدا نەکردووە.
جیا لەو دوو یاریزانە، ئینزۆ فێرناندێزی یاریزانی یانەی چێڵسیش، هاوشێوەی هاوتیپەکانی دیکەی، بەشداری لە بەرزکردنەوەی دروشمەکەدا کرد.
مارتینێز تەنانەت لە دوای تۆمارکردنی گۆڵێک لە ئینگلتەرا، شێتانە ئاهەنگی گێڕا و ئەوەش ناڕەزایەتیی تووندی هاندەرانی چێڵسی بەدوای خۆیدا هێنا.




