رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین هێرشی کردە سەر هەریەکە لە مەکسیک، بەرازیل و پارتی دیموکراتی ئەمریکا و تۆمەتباریان دەکات بەوەی هەڵمەتیان لە دژی وڵاتەکەی بەرپاکردووە، بۆ ناشرینکردنی وێنەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لە مۆندیالی 2026.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵدا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا و ئیسپانیا بووە پاڵەوانی مۆندیال.
میلی گوتوویەتی، ئەو دوو وڵاتە و دیموکراتەکان، لە کاتی مۆندیالدا، هەڵمەتی "دژایەتی ئەرجەنتین"یان بەرپاکردووە.
سەرۆکی ئەرجەنتین هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەری لەسەر قسەکانی نەخستووەتە روو.
خاڤیێر میلی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ، "25 لەسەدی تێچووی ئەو هەڵمەتەی کرایە سەر ئەرجەنتین، لەلایەن حکومەتی بەرازیلەوە پارەکەی دابینکراوە"، وایداناوە کە "رەوتە پێشکەوتنخوازەکان، نایانەوێت بیری ئازاد سەرکەوتوو بێت.
ئەو دەڵێ، لەگەڵ بەرازیلدا، حکومەتی مەکسیک و پارتی دیموکراتی ئەمریکاش، بەشدارییان لە هەڵمەتی دژە ئەرجەنتیندا کرد.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە میانی مۆندیالدا، رووبەڕووی هێرش و رەخنەی زۆر بووەوە، هەندێک کەسایەتی و راهێنەر، فیفایان بە چاوپۆشین لە هەڵەکانی هەڵبژاردەکە و ئاسانکاریی ناوبژیوانان بۆ ئەستێرەکانی هەڵبژاردەکە، تۆمەتبارکرد.
سەرۆکی ئەرجەنتین، باسی لە سرووشتی ئەو هەڵمەتە دژەی وڵاتەکەی نەکردووە، تەنیا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان، کاریان لەسەر شێواندنی وێنەی ئەرجەنتین لەسەرئاستی نێودەوڵەتی کردووە.
لێدوانەکانی سەرۆکی ئەرجەنتین، هاوکاتە لەگەڵ ئەو ناکۆکی و تەنگژانەی پەیوەندییەکانی ئەرجەنتین و بەرازیل، پێیدا تێدەپەڕێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرازیل باڵیۆزی خۆی لە ئەرجەنتین کشاندەوە، پاشئەوەی سەرۆکی ئەرجەنتین، هێرشی کردبووە سەر ئیناسیۆ لولا داسێلڤای سەرۆکی بەرازیل و ئەوی بە "دز" و "تۆمەتبار" ناوبردبوو.
میلی هەروەها هێرشی کردبووە سەر ئەلیکساندەر دی مۆرایسی دادوەری دادگای باڵای وڵاتەکە.




