رووداو دیجیتاڵ
ئالان مستەفا، پێشبینیکاری بەناوبانگی رۆژئاوای کوردستان کە پێشتر چەندین پێشبینی گرنگی سیاسیی کردووە. لە رۆژانەی مۆندیالی تۆڕی میدیایی رووداو، سیناریۆی جیاواز و نامۆ بۆ ئەم مۆندیالە دەخاتەڕوو، ئەو پێشبینی دەکات پۆرتوگال ببێتە پاڵەوان و گەورەکانی وەک بەرازیل و ئەڵمانیا و ئەرجەنتین زوو ماڵئاوایی بکەن، هاوکات هۆشداری لە رووداوی مەترسیدار و جەڵتەی دڵ بۆ ئەستێرەکان دەدات.
ئالان مستەفا بە متمانەیەکی زۆرەوە باسی مۆندیال دەکات، ئەو دەڵێت ئەم پاڵەوانێتییە دەبێتە گۆڕستانی ناوبانگی زۆرێک لە هەڵبژاردە گەورەکان. لە کاتێکدا جیهان چاوی لە بەرازیل و ئەڵمانیا و ئەرجەنتینە، ئالان باس لەوە دەکات ئەم ناوانە پێشوەختە ماڵئاوایی دەکەن. ئەو پێیوایە نەرویج دەبێتە ئەسپە رەشەکەی پاڵەوانێتییەکە و تەنانەت بەرازیلیش تێکدەشکێنێت. بە بڕوای ئەو، ئەڵمانیا و ئیسپانیا تەنیا ناو دەبن و لە قۆناخەکانی سەرەتادا ماڵئاوایی دەکەن.
یەکێک لە دراماتیکیترین پێشبینییەکانی ئالان، پەیوەستە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ. ئالان وێنەیەکی جیاواز دەبینێت و دەڵێت "رۆناڵدۆ جامی مۆندیال بەرز دەکاتەوە و ئینجا ماڵئاوایی لە جیهانی تۆپی پێ دەکات". ئەمە ئەو کۆتاییە شاهانەیەیە ئالان پێشبینی کردووە بۆ گۆڵکارە مێژووییەکەی جیهان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی پۆرتوگال دەبێتە پاڵەوانی جیهان.
ئەوەی پێشبینییەکانی ئالان جیا دەکاتەوە، تەنیا لایەنە وەرزشییەکە نییە، بەڵکو باس لە رووداوی ترسناک دەکات. ئەو پێشتر بە شکانی قاچی یاریزانێکی کەنەدی پێشبینییەکەی راست دەرچووە، ئێستاش هۆشداری لە رووداوێکی گەورەتر دەدات. ئالان باس لەوە دەکات کە مێسی یان رۆناڵدۆ لەنێو یاریگادا تووشی جەڵتەی دڵ دەبن. تەنانەت دوورتر دەڕوانێت و دەڵێت "ئەگەری هەیە مۆندیال بەهۆی رووداوێکی گەورە یان تەقینەوەیەک تەواونەکرێت".
ئالان مستەفا دەڵێت لایەنگری هیچ تیپێک نییە و تەنیا پێشبینییەکانی خۆی خۆش دەوێت، بەڵام هاندەری لە ریال مەدریدە. ئەو وەک کەسایەتییەک دەردەکەوێت باوەڕی وایە ئەم مۆندیالە، مۆندیالی گۆڕانکارییە گەورەکان و شکانی هەموو ئەو پێوەرانەیە مێژووی تۆپی پێیان دروست کردووە.




