رووداو دیجیتاڵ
540 خولەکە هیچ یانەیەک لە ئیسپانیا نەبووە، بارسێلۆنا رابگرێت، یانەکە نەدۆڕاوە و نە یەکسانبووە، هەموو یارییەکانی ئەم وەرزەی بردووەتەوە و چاوی لە حەوتەم سەرکەوتنی لەسەریەکە.
بارسێلۆنا لە گەڕی حەوتەمی لالیگادا، ئەمشەو کاژێر 22:00 لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی سێڤییا یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە.
بارسا لە شەش یاریی رابردوودا، بە ئاستێکی زۆر بەرزەوە دەرکەوتووە و وەکو رەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردووە، یانەکە لەو شەش یارییەدا 28 گۆڵی تۆمارکردووە، بە تێکرای 4.6 گۆڵ بۆ هەر یارییەک و خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە.
بلاوگرانا لە شەش گەڕدا، شەش گۆڵی لێکراوە، سێ یاریی گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
رافینیا و لامین یامال، دووانە مەترسیدارەکەی تیپەکەی هانزی فلیکن، رافا 9 گۆڵی تۆمارکردووە و لامین 7 گۆڵی تۆمارکردووە، بە هەردووکیان 16 گۆڵیان کردووە و جگە لە بارسا و ریال مەدرید لەسەر ئاستی یانەکانی ئیسپانیاش هیچ یانەیەک 16 گۆڵی نەکردووە.
سێڤییا لە شەش یاریی رابردوودا چوار یاریی بردووەتەوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و یەک دۆڕانی هەیە، تیپەکە بە 13 خاڵ لە پلەی پێنجەمە و دەیەوێت ببێتە ئەو یانەیەی سەرکەوتنەکانی بارسا رادەگرێت، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.




