رووداو دیجیتاڵ
ساندرۆ مازۆلا، ئەفسانەی یانەی ئینتەر و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، کاروانی وەرزشیی بەناوبانگی نزیکەی 20 ساڵ لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکەدا بوو، کە ماتەمینی لەدەستدانی یەکێک لە کەسایەتییە ئایکۆنییەکانی بوو.
لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ ئینتەرمیلان، ئەو هێرشبەرە چوار نازناوی خولی ئیتاڵیا و دوو جامی ئەورووپای بەدەستهێنا. هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە ساڵی 1968 نازناوی یۆرۆی بەدەستهێنا و دوای دوو ساڵ واتا لە ساڵی 1970 بوونە دووەمی مۆندیال.
یانەی ئینتەر لە هەژماری "X"ـی خۆیدا نووسیویەتی "کەسانێک هەن مێژوو تۆمار دەکەن، هەندێکیش هەن خۆیان دەبنە مێژووی ئینتەر".
یانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هاندەرێکی گەنجی نێرازۆرییەوە تا ئایکۆنێکی نەمر، ساندرۆ مازۆلا نەوەکانی پێگەیاند، سەرکەوتنەکانی بەدەستهێنا، وروژاندنی دروستکرد و خۆشەویستی بۆ ئەم رەنگانە گواستەوە.
لە درێژەی پەیامەکەی ئینتەردا هاتووە "ئەو لە یاریگادا درەوشایەوە و ئەمڕۆش بەردەوامە لە درەوشاوەیی، ئەو ئەستێرەیەی کە سمێڵی هەبوو. زۆرجار دەیگوت تەنیا یەک خواستی کۆتایی هەیە: وەک پیاوێکی باش یادی بکرێتەوە کە هەمیشە هەموو شتێکی خۆی بەخشیوە، تەنانەت کاتێک ئەرکەکە مەحاڵیش بوو".
مازۆلا لەنێوان ساڵانی 1960 بۆ 1977 زیاتر لە 567 یاری بۆ ئینتەر ئەنجامداوە و 161 گۆڵی تۆمارکردووە. هەروەها لە ساڵی 1968 دەستەی یاریزانانی تۆپی پێی ئیتاڵیای دامەزراندووە و لە 70 یاریدا 22 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا تۆمار کردووە. دواتر مازۆلا وەک بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئینتەر و تۆرینۆ کاری کردووە و وەک شرۆڤەکاری وەرزشیی کاری کردووە؛ گرینگترین شتەکانی ژیانی پەخشی بریتی بوون لە رووماڵکردنی سەرکەوتنەکانی ئیتاڵیا لە مۆندیالی ساڵی 1982 و 2006.




