رووداو دیجیتاڵ
ئاستی بەرزی دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە یاریی بەرامبەر کۆتدیڤوار کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و لە میدیای ئەورووپادا باس باسی تواناکانی ئەو یاریزانەیە.
رۆژنامە بەنێوبانگ و دیارەکانی ئەورووپا بەشێوەی جیاواز باس لە ئاست بەرزیی هێرشبەرە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات و ئونداڤ رۆژەڤی گەرمی میدیایە.
رۆژنامەی کیکەری ئەڵمانی نووسیوویەتی "دێنیز ئونداڤ جارێکی دیکە تواناکانی خۆی وەک یاریزانێکی یەدەگی کاریگەر سەلماندەوە و بە تۆمارکردنی سێیەم گۆڵی لە دووەم یاریدا."
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت "دەبێت ئونداڤ لە هەموو یارییەکدا یاری بکات".
رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی ئینگلیزی نووسیوویەتی "وەک ئەوە وابوو جیهان لە جوڵە وەستابێت، کاتێک دێنیز ئونداڤ تۆپەکەی لە تۆڕەکەدا جێگیر کرد. وەک ئەوە دیار بوو کە هەمووان لەناو یاریگادا بڕوایان نەدەەکرد کە بەڕاستی یەکێکیان ببێتە براوە. بێدەنگییەکی درێژخایەن باڵی کێشابوو پێش ئەوەی ئاهەنگگێڕان و خۆشییەکان بتەقنەوە. کۆتاییهێنانێکی بێوێنە بوو."
تۆڕی بی بی سیی بەریتانی دەڵێت "دێنیز ئونداڤ، سەری رێزی بۆ دابنوێنن." هەروەها: "دەبێت بەزەییت بە کۆت دیڤواردا بێتەوە. دوای ئەو ئاستە سەرنجڕاکێشەی پێشکەشیان کرد، ئەم ئەنجامە دڕندەییەکی بێ پاساو بوو."
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی نووسیوویەتی "ئەمە یەکێک بوو لە پڕکێشەترین و توندترین 90 خولەکی ئەم مۆندیالە تاکو ئێستا."
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی لەبارەی ئونداڤەوە نووسیوویەتی "چ شۆکێک بوو!"
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت "کۆت دیڤوار شایەنی زیاتر بوون، بەڵام کاتێک دوای کاتژێرێک لە یارییەکە ئاستیان دابەزی، لەلایەن ئونداڤەوە، کە یاریزانە یەدەگە هەمیشەییەکەی ناگێڵسمانە، شۆککران و دواتر بە دوو گۆڵەکەی هێرشبەرەکەی شتوتگارت تێپەڕێنران. لانیکەم یەکسانبوون دادپەروەرانەتر دەبوو. کەسایەتی ئەڵمانییەکان جارێکی دیکە سەرکەوت."
رۆژنامەی "کۆریێرێ دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی نووسیوویەتی "ئونداڤ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ، ئەستێرەی بێ رکابەری یارییەکە بوو."
رۆژنامەی "ئەی ئێس"ی ئیسپانی دەڵێت "ئونداڤ ئەڵمانیایەکی لاوازی لەگەڵ خۆی راکێشا و گەیاندییە سەرکەوتن."
رۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لە بارەی هێرشبەرە کوردەکەوە دەڵێت "ئەڵمانیا تۆزێک لە ئاستە کۆنەکەی خۆی نزیک بووەتەوە. دوای بەشداری لە دوو مۆندیالدا کە تێیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاواییان کردبوو، ئێستا پاڵەوانانی چوار جاری جیهان بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگی گەیشتن بە قۆناخی شانزە دەگێڕن."
ئونداڤ لە دوو یاریی مۆندیالدا 3 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئەسیستی هەیە، یەکەم یاریزانی مۆندیالی 2026ـە بەشداریی لە 5 گۆڵدا کردبێت.

.jpg&w=3840&q=75)


