عومەر ئەحمەد*
لە 11ی حوزەیرانی 2026، فیکەی دەسپێکی جامی جیهانی لە دالاس لێدەدرێت و لەگەڵیدا، پڕبایەخترین و ئابووریترین خولی مێژووی تۆپی پێ دەست پێدەکات.
جامی جیهانی 2026ی فیفا لە 11 شاری ئەمریکا، بە 104 یاری و بە بەشداری 48 وڵات بەڕێوەدەچێت. ئەمە نمایشێکە کە حەوت ساڵە ئامادەکاری بۆ دەکرێت. بەپێی ئەوەی بڕوا بە داتا و خەمڵاندنی کام دامەزراوەو پەیمانگەی ئابووری دەکەیت، یان دەبێتە وەرچەرخانێکی ئابووریی بۆ ئەمریکا، یاخود وەک رووداوێکی جوان ، بەڵام کەم بایەخ لەڕووی ئابوورییەوە دەمێنێتەوە.
توێژینەوەیەکی هاوبەشی (فیفا) و (رێکخراوی بازرگانی جیهانی) کە لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاری ( ئۆپێن ئێکۆنۆمیست) ئامادەکراوە و لە ئاداری 2025 بڵاوکرایەوە، پێشبینی دەکات بەرهەمی ئابووریی جیهانی بەبڕی 80.1 ملیار بەهۆی یارییەکانی جامی جیهانی زیاد بکات. لەوەش 30.5 ملیار دۆلاری بەر ئەمریکا دەکەوێت. ئەم بڕە هێندە گەورەیە کە دەتوانێت بودجەی ساڵانەی وڵاتێکی مامناوەند دابین بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم ژمارەیە لەلایەن هەندێک لە ئابووریناسانەوە بە ژمارەیەک ناودبرێت کە هیچ کات بەدینایێت.
فیفا دەڵێت ئەمریکا چی دەست دەکەوێت؟
بانگەشەکەی فیفا بچووک نییە. بەپێی راپۆرتی ( ئۆپێن ئێکۆنۆمیست) کە پشتی بە داتاکانی بانکی جیهانی، رێکخراوی نێودەوڵەتی کار و رێکخراوی گەشتیاری جیهانی بەستووە، ئەمریکا پشکی شێری دەستکەوتە ئابوورییەکانی جامی جیهانی بەر دەکەوێت. پێشبینییەکان بەم شێوەیەن:
• کۆی بەرهەمی ئەمریکا: 30.5 ملیار دۆلار
• کۆی بەرهەمی ناوخۆیی: 17.2
• هەلی کاری رەخساو لە ئەمریکا: 185,000 هەلی کار
• داهاتی هێزی کار لە ئەمریکا: 10.23 ملیار دۆلار
• داهاتی باج بۆ ئەمریکا: 3.4 ملیار دۆلار
ئەو شتەی پاڵپشتی لەم ژمارانە دەکات، ژمارەی گەشتیارانە. کۆمەڵەی گەشتیاریی ئەمریکا مەزەندە دەکات گەشتیارە نێودەوڵەتییەکانی جامی جیهانی هەر کەسێکیان زیاتر لە 5,000 دۆلار خەرج بکات، ئەمەش 1.7 جار زیاترە لە تێچووی گەشتێکی ئاسایی بۆ ئەمریکا. مۆدێلی ئابووریی فیفا و رێکخراوی بازرگانی جیهانی پێشبینی هاتنی 1.24 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی دەکات کە تێکڕا 12 رۆژ دەمێننەوە و رۆژانە زیاتر لە 400 دۆلار خەرج دەکەن. هۆتێلەکان پڕ دەبن، چێشتخانەکان قەرەباڵخ دەبن و خەزێنەی باجەکان دەبووژێنەوە.
جگە لەوەش، ئابووریی پەخشی تەلەڤزیۆنی هەیە. بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ( ئێس ئەند پی گڵۆباڵ مارکێت ئینتێلێجێنس)، پارەی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی وەرزشی لە ساڵی 2026 گەیشتووەتە 67.34 ملیار دۆلار. تەنیا مافی پەخشی جامی جیهانی 2026 نزیکەی 4.26 ملیار دۆلارە. داهاتی رۆژانەی یارییەکان (تیکت و خزمەتگوزارییەکان) بە نزیکەی 3 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە شارەزایان دەڵێن دەکرێت یەکسان بێت بە کۆی داهاتی شەش جامی جیهانی رابردوو پێکەوە.
ئابووریناسەکان بە راستی چی دەڵێن؟
بەڵام جیاوازی نێوان پێشبینییە فەرمییەکان و ئەنجامە راستەقینەکان ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
ڤیکتۆر ماتیسۆن، پرۆفیسۆری ئابووری وەرزشی، لە حوزەیرانی 2026 بە (نیوزویک)ی ڕاگەیاند، "کاریگەری ئابووری جامی جیهانی بۆ ئەمریکا ئەگەری هەیە تەنیا بەشێکی زۆر بچووکی ئەو شتە بێت کە بانگەشەی بۆ دەکرێت". هاوکارەکەی، دێنیس کۆتس لە زانکۆی مێریلاند، هێشتا راشکاوانەتر دەڵێت، "ئابووریناسان بۆ ماوەی دوو دەیە بە بەڵگەوە پێشانیانداوە جامی جیهانی هیچ کاریگەرییەکی ئابووریی سەلمێندراوی نییە." کورتەی قسەکانی ئەو بووەتە دروشم لە ناوەندە ئابوورییە وەرزشییەکان دا.
ئەوە دەڵێت، "فیفا داهاتەکە دەبات، ئەو وڵاتانەش کە یارییەکان تێیاندا بەڕێوەدەچێت پسوولەی خەرجییەکانیان بۆ دەمێنێتەوە."
تەنانەت بانکە گەورەکانی وەک (گۆڵدمان ساکس) و (ناتیکسیس) گەیشتوونەتە هەمان ئەنجام. بەپێی ئەو بانکانە، جامی جیهانی دەکرێت کاریگەریی ناوخۆیی لەسەر ئاستی شارەکان هەبێت، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر ئاستی ئابووریی نیشتمانی دروست ناکات.
بیرکارییەکە بە روونی راستییەکان نیشاندەدات. کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم ساڵ گەیشتە 31.9 تریلیۆن دۆلار. باشترین پێشبینیی فیفا بۆ جامی جیهانی 17.2 ملیار دۆلارە کە دەکاتە تەنیا 0.054%ی ئەو بڕە. بە واتایەکی دیکە، ئابووری ئەمریکا تەنیا لە دوای نیوەڕۆیەکی هێمن و ئارام، ( مەبەست لە 5-6 کاژێرە لەرۆژێکدا)، کۆی ئەو ژمارەیە بەرهەم دەهێنێت. ئەگەر کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا 31.9 تریلیۆن بێت و دابەشی بکەین بەسەر رۆژەکانی ساڵ دا، دەبێتە 87.4 ملیار دۆلار کە قەبارەی ئابووری ئەمریکایە لە یەک رۆژدا . واتە داهاتی 17.2 ملیار دۆلار لە کەمتر لە 5 کاژێر لە ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
داتاکان ئێستا چی نیشاندەدەن؟
پێویست ناکات چاوەڕێی کۆتایی هاتنی جامی جیهانی بکەین بۆ ئەوەی درک بە جیاوازی نێوان پێشبینییەکان و ڕاستییەکان بکەین. داتاکانی پێش دەستپێکردنی یارییەکان، بارودۆخەکە پێشاندەدەن.
رووپێوێکی (کۆمەڵەی هۆتێل و میوانخانەکانی ئەمریکا) لە نیسانی 2026 ئاشکرای دەکات نزیکەی 80%ی خاوەن هۆتێلەکان لەو شارانەی یارییەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، رایانگەیاندووە رێژەی حیجزی ژوورەکان کەمترە لەوەی پێشبینییان دەکرد. هۆتێلەکان نرخەکانیان زۆر بەرز کردبووەوە بەوهیوایەی خواست زۆر بێت، بەڵام وادەرنەچوو.
بازاڕی دەسی دوویی تیکتیش ئەو دۆخە ئاشکرا دەکات. داتاکانی ماڵپەڕی ( تیکت داتا دۆت کۆم) پێیشانیدەدەن نرخی تیکتەکان بۆ زۆربەی یارییەکان لە کۆتایی ئایاری 2026 دابەزیوە. بۆ نموونە تیکتی یاریی یەکەمی ئەمریکا بەرامبەر پاراگوای تەنیا لە یەک مانگ دا 30% دابەزیوە..
پارەکە بەڕاستی بۆ کوێ دەچێت؟
ئەمە بەو مانایە نییە کە جامی جیهانی هیچ سوودێکی نییە. سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام بە یەکسانی دابەش نابێت.
لە سەر ئاستی شارەکان، چیرۆکەکە دروستتر دەنوێنێ. بۆ شارێکی وەک (کانزاس سیتی) کە میوانداری 6 یاری دەکات و چاوەڕێی 650,000 هاندەر دەکات، جامی جیهانی دەرفەتێکی زێڕینە. هەروەها ئەمریکا یەک سوودی گەورەی هەیە بەراورد بە وڵاتانی دیکە کە پێشتر میوانداری جامی جیهانیان کردووە. ئەویش ئەوەیە هیچ شتێک لە سفرەوە دروست ناکات. بەپێچەوانەی قەتەر کە لە ساڵی 2022 دا 220 ملیار دۆلاری خەرج کرد، ئەمریکا تەنیا یاریگەکانی ئێستای نۆژەنکردووەتەوە. کاتێک جامی جیهانی تەواو دەبێت، ئەم یاریگەیانە دووبارە بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی نێوخۆ و کۆنسێرتەکان بەکاردەهێنرێنەوە و وەک ئەوانەی قەتەر نابنە بارگرانی و پرۆژەی بێ کەڵک و تێکنادرێن.
سەرئەنجام جامی جیهانی 2026، ئابووریی ئەمریکا ناگۆڕێت. وڵاتێک کە ساڵانە 31.9 تریلیۆن دۆلار داهاتی هەیە، بە بەڕێوەچوونی جامی جیهانی وەرچەرخانێک تێیدا روونادات، هەرچەندە نمایشەکە گەورەش بێت. ئەوەی ڕوودەدات تەنیا کۆکردنەوەی وزەیەکی ئابوورییە لە 11 شاردا بۆ ماوەی شەش هەفتە. لەگەڵ ئەوەش دا پێشبینییەکەی فیفا، (17.2 ملیار دۆلار)، تەنیا ژمارەیەکە کە لەسەر بنەمای گەشبینی زۆر دانراوەو رەنگە بە تەواوی دەستەبەرنەبێت.
بەڵام شتێک لەبارەی جامی جیهانی هەیە، جامی جیهانی هیچ کات بەتەنیا پەیوەست نەبووە بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و کەڵکی ئابوورییەوە. جامی جیهانی بەو واتایەیە ملیارێک کەس لە یەک کاتدا سەیری یەک شت دەکەن و وڵاتێک بۆ ماوەی شەش هەفتە دەبێتە چەقی جیهان. دەبێت دانی پێدابنێین، ئەمە نرخێکی هەیە کە هیچ خشتەیەکی (ئێکسڵ) ناتوانێت بەها راستەقینەکەی دەربخات.
*بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو
.jpg&w=3840&q=75)

