ئەمساڵ زۆرێك لە حیزبەكان بڕیاری كۆنگرە و هەڵبژاردنی ناوخۆییان داوە، بە شێوەیەك كە دەتوانین ئەمساڵ ناوبنێین وەرزی كۆنگرەكان.
مەرجی كۆمیسیۆن بۆ بەستنی كۆنگرە لەسەر ئەو حیزبانە، جووڵەی بەستنی كۆنگرەی لەناو حیزبەكاندا خێراتر كردووە، ئەمەش دوو ڕووی باش و خراپی هەیە.
باشەكە ئەوەیە ناكرێت حیزبەكان داوای هەڵبژاردن و گۆڕانكاری سیاسی لە دەرەوە بكەن، بەڵام بۆخۆیان لەم پێویستییە رابكەن، بۆیە بەناچارییش بێت دەبێت كۆنگرە ببەستن.
خراپییەكەشی ئەوەیە كە كۆنگرە و هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەحزاب ببێتە شتێكی رۆتینی بۆ رازیكردن و پڕكردنەوەی فۆرمی بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا نەك وێستگەیەكی گرنگی گۆڕانكاری.
بەڵام هەرچۆن بێت دەكرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن و كۆنگرە خولییەكان لە ئەحزابدا لەلایەن ئەوانەوە بقۆزرێتەوە كە دەیانەوێت گۆڕانكاری بكەن، یان دەیانەوێت پارتی سیاسیی خۆیان بەهێز بكەن.
كۆنگرە بۆ چییە؟
نابێ كۆنگرە بەتەنیا كەرنەڤاڵێكی میدیایی و خۆنمایشكردنێكی كادێرە بێ تفاقەكانی حیزب و ئاهەنگێك بێت بۆ یەكتربینین و قسەی خۆش و نانخواردن.
دەبێت كۆنگرە مینبەرێكی راستەقینە و راشكاو بێت بۆ باسكردن لە گیروگرفتەكانی حیزب و دانانی بەرنامە بۆ خولی ئایندە تا تیایدا حزب هەنگاوبەهەنگاو بچێتە پێشەوە و نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە كۆمەڵگەدا زیاد بكات.
بەڵام ئەگەر كۆنگرە تەنها رۆتین و خۆنمایشكردن بێت و هیچ ئیلزام و ئیلتیزامێك دروستنەكات و پێشڕەفت لە حیزبدا دروستنەكات، ئەوە جگە لە كوشتنی كات و بەخەرجدانی دارایی گشتی و هەروەها بێهیواكردنی زیاتری ئەندامانی حزب شتێكی دیكە نییە و لەم حاڵەتەشدا نەبەستنی باشترە.
یەكێك لە پێویستییەكانی كۆنگرە دەكەوێتە پاش كۆنگرەوە كە ئەویش چاودێری و بەداواداچوونە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی بڕیاری لێدراوە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. زۆرینەی ئەو بەرنامانەی لە كۆنگرەی ئەحزابی كوردستانیدا بڕیاریان لێدەدرێت بە تەواوی جێبەجێ ناكرێن و تەنیا وەك بەڵێن و دروشمی میدیایی دەمێننەوە.
"ی.ن.ك"
یەك لەو حیزبانەی بەتەواوی ئاتاجی بە كۆنگرەیە و ئیدی ناكرێت دوایبخات، یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، كەسی یەكەمی نەماوە و ململانێیەكی راستەقینەش لەسەر دەسەڵات لەم حیزبەدا هەیە.
یەكێتی چ لەڕووی شەرعییەت و چ لەڕووی رێكخراوەیی پێویستییەكی زۆری بە بەستنی كۆنگرە هەیە، كۆنگرەیەك كە سەركردایەتییەكی روون و خاوەن شەرعییەت بۆ ئەم حیزبە بێنێتە كایەوە و ململانێی دەسەڵات لەناوخۆی حیزبەكەدا بەلایەكدا بخات، تا ئەم حیزبە هەم بپەرژێتە سەر ململانێی دەرەوەی خۆی و هەمیش بتوانێت بەڕاستی بەرپرسیارێتییەكانی لەناو حكومەت و ئیدارە محەلییەكاندا هەڵبگرێت.
ریسكی یەكێتی نیشتیمانی لە كۆنگرەدا لەسەر كەسی یەكەمە، ئەگەر یەكێتی بتوانێت كەسی یەكەم یەكلایی بكاتەوە ئیشی مەیسەر دەبێت، بەڵام ئەمەش زۆر قورسە، چونكە باڵانسێكی هێزی راستەقینە لەناو پێكهاتەی ئەم حزبەدا هەیە و هەموو جەمسەرەكان بەیەك ئاست لەیەكەوە نزیكن و وەك یەك بەهێزن، ئەمەش وادەكات چارەسەری ئەو حیزبە بۆ كەسی یەكەم تەنیا لە رێگەی تەوافوقەوە بێت و پێویستە جەمسەرەكانی بەرلەوەی بچنە كۆنگرەوە، لەسەر كەسی یەكەم رێكبكەون.
لێرەدا پێویستە سەركردایەتی یەكێتی خۆی لە دەستوەردانی دەرەكی بپارێزێت، زۆر گرنگە یەكێتی خۆی سەركردایەتییەكەی یەكلایی بكاتەوە و رێگە نەدات هیچ زلهێزێكی بێگانە كەلێنی ململانێكان بقۆزێتەوە و ئەم كارەی بۆ بكات. لێرەدا دەتوانین بڵێین كۆنگرەی داهاتوو چارەنووسی یەكێتی دیاری دەكات.
"یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان"
بەپێچەوانەی یەكێتی نیشتمانی، یەكگرتووی ئیسلامی كە بڕیارە ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێ، پێویستییەكی ئەوتۆی بە كۆنگرە نییە، چونكە ئەگەر یەكێتی نیشتمانی سەری كۆنگرەی بئێشێت ئەوا یەكگرتوو سەری كۆنگرەی نائێشێت، بەڵكو سەری هەڵبژاردنە گشتییەكانی دێشێت و لەڕاستیشدا هەر حیزبە و شوێنێكی دێشێت و گرنگە حیزب حەبی چارەی ئەو شوێنەی بخوات، نەك شوێنێكی دیكەی.
یەكگرتووی ئیسلامی بە درێژایی ژیانی سیاسی خۆی كێشەی هەڵبژاردنە گشتییەكانی هەبووە نەك كێشەی سەركردایەتی، یان ململانێی دەسەڵات، بۆیە كۆنگرە شتێكی ئەوتۆ بۆ یەكگرتووی ئیسلامی چارەسەر ناكات.
لەناو یەكگرتووی ئیسلامیدا نە كێشەی شەرعییەت هەیە، نە كێشەی پەیكەرەی رێكخراوەیی و نە كێشەیەكی راستەقینەی ململانێی دەسەڵات، تەنانەت لەڕووی ئایدیای سیاسیشەوە تاڕادەیەك ئایدیای یەكگرتوو روونە، لە ئۆپۆزسیۆندا ئیجابیە و لەڕووی جەماوەریشەوە پۆپۆلیست نییە و خیتابی واقیعییە و یەكەم حزبیش بوو بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی دا، بەڵام كێشەكە هەر ئەوەیە ماركێتینی ئەم روئیایە بەتەواوی لاوازە، ئەویش بە هۆی لاوازیی میدیا و ئۆرگانە سیاسییەكانی دیكەی حیزبەكەوە.
بەڵام ئایا بۆچی یەكگرتوو بڕیاری پێشخستنی كۆنگرەی خۆی داوە؟ ئەمە دەبێت چاوەڕێی رۆژانی كۆنگرەكە بین بزانین چی لێدەخوێنینەوە. یەكگرتووی ئیسلامیش دیسانەوە دەبێت خۆی بپارێزێت لە دەستوەردانی دەرەكی. بەكورتی یەكگرتووی ئیسلامی شوێنێكی دێشێ، بەڵام حەبی شوێنێكی دیكە دەخوات.
بزووتنەوەی گۆڕان
ئێستا بزووتنەوەی گۆڕانیش لە سەروبەندی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی خۆیدایە، گۆڕانكاری كردووە بەتایبەت لە خانەی راپەڕاندندا، وەك دەبینرێت چەند گەنجێكی هێناوەتە خانەكەوە، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە و بارودۆخی ناوخۆی حیزبەكە و ئەو پاشەكشانەی لەم دواییە بەخۆیەوە بینیویەتی، پێماندەڵێن ئەگەر ئەم حیزبە بیەوێت هەستێتەوە، زۆر لەمە زیاتری دەوێت و ئەم شتانە هیچی بۆ ناكەن.
لەو هەنگاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی پێیە: تەبایی ناوخۆیی و هەروەها رێكخستنەوەی گوتاری سیاسی و پاشان بەهێزكردنەوەی میدیا و ئۆرگانەكانیەتی.
بزووتنەوەی گۆڕانیش پێویستی بە دیاریكردنی ستراتیجێكی چەند ساڵە هەیە تا دەگاتەوە هەڵبژاردنە گشتییەكان، كە بۆ ئەم حیزبە دەرئەنجامی هەر هەڵبژاردنێكی دیكە لە كوردستان ئەنجام بدرێت تەواو چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەیە، بۆ ئەمەش پێویستی بە رێكخستنەوەی گوتار و نووسینەوەی روئیای سیاسی خۆی هەیە و پاشان ناساندنی ئەو روئیایە بە جەماوەر.
سەركردایەتی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان ئەركی رزگاركردنی گۆڕانیان لەسەرشانە، ئایا لە قۆناغی داهاتوودا دەتوانن ئەمە بكەن؟

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
