لە فەلسەفەی سیاسیی تۆماس هۆبزدا، یاسا و دەستوورەکان لەدایکبووی "رەوشت" نین، بەڵکو زادەی ترسی پەتین لە پشێوی و وێرانکاریی گشتگیر. لە ساڵی 1947دا ژاپۆن ملکەچی ئەو هاوکێشەیە بوو؛ بە خواستی خۆی کۆتوبەندی کردە دەست و پێی "لیڤیاتانی سەربازی"ی خۆی و کلیلەکەی فڕێدایە قووڵایی زەریای هێمن، بەو ئومێدەی سێبەری بەرگریی ئەمریکا و دەستوورێکی ئاشتیخوازانە، لە حاڵەتی دڕندانەی سرووشت بیپارێزن؛ بەڵام ناهەموارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا سەلماندیان رەوشتی نێودەوڵەتی تەنها وەهمێکە کاتێک بەرژەوەندییە مەزنەکان رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
ئەمڕۆ رێڕەوی تۆکیۆ بەرەو هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەکداری، بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان بۆ ئاستێکی مێژوویی و هەڵکوتانە سەر "بەربەستی ئەتۆمی"، تەنها مانۆڕێکی بەرگری یان پێداچوونەوەی رووت نییە، بەڵکو راپەڕینێکی خۆبەخشانەیە دژ بە زنجیرەکانی رابردوو. ئەو دەوڵەتەی رۆژێک لە رۆژان بە ئاگری ئەتۆم سووتا، ئەمڕۆ بەو ئاگاییە تاڵە گەیشتووە کە ئەگەر "لیڤیاتانەکەی" بە ئیرادەی خۆی هەڵنەسێتەوە، ئەوا بە حوکمی بێبەزەییانەی جوگرافیا قووت دەدرێت. لەدوای واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتی لە ساڵی 1945 و داڕشتنی دەستووری ساڵی 1947، ژاپۆن وەک دەوڵەتێکی بێ چەک و دوور لە ململانێ سەربازییەکان ناسرا؛ بەڵام ساڵی 2024 وەک وەرچەرخانێکی مەترسیدار لە مێژووی ئەم وڵاتە تۆمار دەکرێت. ئێستا تۆکیۆ تەنیا باس لە "بەرگری لەخۆکردن" ناکات، بەڵکو بە کردەیی هەنگاو بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە کیشوەری ئاسیا دا دەنێت.
1. کۆتایی سەردەمی "ئاشتیخوازانە" و هەڵکشانی بودجەی سەربازی
ژاپۆن کە پێشتر تەنیا 1%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بۆ کاروباری سەربازی تەرخان دەکرد، ئێستا پلانێکی 5 ساڵەی (2023 - 2027) راگەیاندووە بۆ خەرجکردنی 320 ملیار دۆلار (نزیکەی 43 تریلیۆن یەن) بۆ کەرتی بەرگری. ئەم بڕە پارەیە گەورەترین بودجەی سەربازیی ژاپۆنە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە و ئامانج لێی گەیاندنی ئاستی خەرجییە سەربازییەکانە بۆ 2%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوشێوەی وڵاتانی ناتۆ.
چاودێران پێیان وایە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تووند بۆ دووبارە چەکدارکردنەوەی تۆکیۆ، کە لەلایەن ئەو کاراکتەرە سیاسییانەی بە "باز"ەکان (Hawks) ناسراون، وەک "سانای تاکایتی" پاڵپشتی دەکرێ، دەکرێت ئەو پێکهاتە ئەمنییەی ناوچەی "ئاسیا - پاسفیک" بە تەواوی تێکبدات کە لەدوای ساڵی 1945ەوە دروست بووە. ئەم سیاسەتە رادیکاڵە دەکرێت سەقامگیریی هەرێمی پەکبخات و ناوچەکە بەرەو پێشبڕکێیەکی پڕچەککردنی بێ وێنە ببات.
2. گۆڕینی ناسنامەی ئەتۆمی و تێکچوونی سیستمی کۆنترۆڵ
یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی چین، رووسیا و کۆریای باکوور، پەیوەستە بە توانای تەکنیکی و ئاستی تەکنەلۆجییە ئەتۆمییەکانی ژاپۆنەوە. هەرچەندە ژاپۆن یەکێکە لە واژۆکارانی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و بە شێوەیەکی مێژوویی پابەند بووە بە "سێ پرەنسیپە نەگۆڕەکەی ساڵی 1967" کە بریتین لە: نەبوونی چەکی ئەتۆم، دروستنەکردنی و رێنەدان بە هێنانی بۆ ناو خاکی وڵاتەکە، بەڵام لەڕووی کردارییەوە ژاپۆن خاوەنی خوولێکی سووتەمەنیی ئەتۆمیی سڤیلی زۆر پێشکەوتووە و نزیکەی 45 تۆن پلوتۆنیۆمی جیاکراوەی پاشەکەوت کردووە؛ بڕێک کە بەپێی راپۆرتە تەکنیکییەکان بەسە بۆ دروستکردنی زیاتر لە 5000 کڵاوەی ئەتۆمی.
ئەم پیشەسازییە پێشکەوتووە وادەکات ژاپۆن لە زانستی جیۆپۆلەتیکدا وەک "دەوڵەتێکی پشت دەرگای ئەتۆم" (Virtual Nuclear State / Breakout Capability) سەیر بکرێت؛ بەو مانایەی تەنها یەک بڕیاری سیاسیی خێرا و ماوەیەکی تەکنیکیی زۆر کورتی دەوێت تاوەکو لە وڵاتێکی بێ چەکەوە ببێتە هێزێکی ئەتۆمیی کرداری. لەگەڵ ئەوەشدا، دروستبوونی گفتوگۆ لەناو پەرلەمانی ژاپۆن (دایت) سەبارەت بە پێداچوونەوە بە پێگەی "دەوڵەتی بێ چەکی ئەتۆمی" و هێنانەئارای تێزی "هاوبەشیکردنی ئەتۆمی" (Nuclear Sharing)، کە بریتییە لە رێگەدان بە جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمیی ئەمریکی لەسەر خاکی ژاپۆن، هاوشێوەی مۆدێلی ناتۆ، راستەوخۆ مەترسیی جیددی دەخاتە سەر بەردەوامیی پەیماننامەی NPT.
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی تۆکیۆ بۆ هەناردەکردنی چەک و لابردنی ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم پیشەسازیی بەرگری، ئەم هەنگاوانە ئاژاوەیەکی نوێ دەخەنە ناو سیستمی کۆنترۆڵکردنی چەک لە جیهاندا. ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە هۆی تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە ستراتیجییە هەستیارەی دەیان ساڵە سەقامگیری و ئاشتیی هەرێمیی لە ناوچەی ئاسیا - پاسیفیکدا راگرتووە.
ئەگەر وردتر لە بابەتەکە بکۆڵینەوە، رەنگە دەستڕاگەیشتنی تۆکیۆ بە چەکی ئەتۆمی دوای ئەم هەموو ساڵە لە بێچەکبوون، تەنها پەیوەست بێت بە فاکتەری کاتەوە. بۆ چەسپاندنی ئەم راستییەش سێ ئاماژەی سەرەکی هەن:
یەکەم: لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە ساڵیادی بۆردوومانکردنی هێرۆشیمادا، کاتێک ئامادە نەبوو وەڵامی راستەوخۆی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا ژاپۆن پابەندی ئەو پرەنسیپانە دەبێتەوە کە رێگری لە پڕچەکبوونی ئەتۆمی دەکەن یان نا.
دووەم: راگەیێندراوەکەی وەزیری بەرگریی ژاپۆن (شینجیرۆ کۆیزومی)، کاتێک ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت گفتوگۆیەکی کراوە و بێ قەدەخە سەرباری هەوڵەکان بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت.
سێیەم: بڕیاری فەرمیی ژاپۆن بۆ پێداچوونەوەی رادیکاڵ لە ستراتیجی سەربازیی خۆیدا.
ئەم ئاماژانە بەسن بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێی قووڵ بخەنە دڵی وڵاتانی دراوسێی ژاپۆنەوە؛ هەربۆیە لە چەندین بۆنە و سەکۆی جیاوازدا، بە ئاشکرا هۆشدارییان لەسەر مەترسییەکانی ئەم ئاڕاستە نوێیە داوە.
3. تایوان؛ تەڵەی گۆشەگیری بۆ ژاپۆن
(هەرچەندە ژاپۆن دان بە تایوان دا دەنێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام سەقامگیریی سەروەریی وڵاتەکەیان بە تایوانەوە پەیوەست کراوە، ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە، یەکێک لەوانە نزیکیی سنووری نێوانیانە، ئەویش دوورگەی (یو)ە کە تەنیا 110 کیلۆمەتر لە سنووری تایوانەوە دوورە، ئەمەش لەکاتی هەر جووڵەیەکی سەربازیی ئاسمانی یان دەریاییدا لەلایەن چینەوە، راستەوخۆ خاک و ئاسمانی ژاپۆن دەکەوێتە ژێر مەترسیی هێرش؛ بەڵام ئەمە تەنیا ترسی ژاپۆنییەکان نییە، بەڵکو کاتێک باسەکە دێتە سەر رێڕەوە ئاویەکان، بەتایبەت دوای جەنگی ئەمریکا و ئێران و گەمارۆ و ئاستەنگەکانی گەرووی هورمز، بیری ژاپۆنییەکان دەهێنێتەوە کە چۆن 80%ی رێڕەوە ئاویە بازرگانییەکانی ژاپۆن کە لە گەرووی تایوان تێپەڕ دەبن، راستەوخۆ بکەونە ژێر هەیمەنەی چین.
لە کاتێکدا جیهان بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت، زۆربەی وڵاتانی ئاسیا - پاسفیک هەوڵ بۆ پاراستنی ئاسایش و گەشەپێدان دەدەن. لەم بارودۆخەدا، جەختکردنەوەی "سانای تاکایتی" و تیمی نوێی دەسەڵات لە ژاپۆن لەسەر دابینکردنی پشتگیریی سەربازی بۆ تایوان (تایپێ)، دەکرێت ببێتە هۆی گۆشەگیرکردنی تۆکیۆ لە ناوچەکەدا. وازهێنان لە پێگەی "بێلایەنی" و هەنگاونان بەرەو سەربازیگەرایی، چانسی هەڵگیرسانی ململانێی چەکداری لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ترسناک زیاد دەکات.
4. فاکتەری ئەمریکا و مەترسیی "سووتەمەنیی جەنگ"
گرنگترین خاڵ لەم گۆڕانکارییانەدا، پەیوەندییە لەگەڵ واشنتن. لەمیانی لووتکەی ئەم دواییەی نێوان چین و ئەمریکا لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، رەنگە واشنتن ئارەزووی نەبێت هێزە سەربازییەکانی خۆی بە شێوەیەکی راستەوخۆ تێوەبگلێنێت لە ئەگەری هەر ململانێیەکی سەربازی لە گەرووی تایوان دا.
ئەم پەیامە مانا و لێکدانەوەی قووڵی بۆ ژاپۆن هەیە. لەکاتی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربازیی تووند، ژاپۆن رەنگە خۆی لە ناوەڕاستی قەیرانێکدا ببینێتەوە کە تێیدا تەنیا رۆڵی "سووتەمەنیی جەنگ" (Cannon Fodder) دەگێڕێت. واتە ژاپۆن دەبێتە بەرەی پێشەوەی شەڕەکە لە کاتێکدا هاوپەیمانە گەورەکەی (ئەمریکا) لە دوورەوە سەیری دۆخەکە دەکات. ئەمەش نەک هەر ئاسایشی ژاپۆن ناپارێزێت، بەڵکو دەیکاتە ئامانجی یەکەمی مووشەکە ئەتۆمییەکانی چین و کۆریای باکوور. لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور بەسەر ئاسمانی ژاپۆن دا رۆیشتوون، لە ئەگەری پەیمانێکی سێ قۆڵیی ستراتیژی لەنێوان کۆریای باکوور، رووسیا و چین، راستەوخۆ ژاپۆن دەستبەند دەکرێ و چیدی ئاسایشی داهاتووی ژاپۆن لەدەستیان نامێنێت.
کۆتایی
ژاپۆن لە ساڵی 2024ەوە لە لێواری بڕیارێکی چارەنووسسازدایە. گۆڕینی دەستوور و هەنگاونان بەرەو پڕچەککردنی ئەتۆمی و هێرشبەرانە، تەنیا گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو تەقاندنەوەی ئەو بەرمیلە بارووتەیە کە دەیان ساڵە لە ناوچەی ئاسیا - پاسفیکدا بە کزۆڵی ماوەتەوە. ئەگەر تۆکیۆ بەردەوام بێت لەم رێڕەوە، رەنگە باجی ئەم سەرکێشییە سیاسییانە، لەدەستدانی ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییە بێت کە لەدوای ساڵی 1945ەوە بە رەنجی نەوەکانی بەدەستیهێناوە.



.jpeg&w=3840&q=75)