سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا، مێرمنداڵ بووم. لە گەڕەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام. بە خهیاڵێکی کوردانهوه لەگەڵ خەڵکی گەڕەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچووگەوە دوای خاڵۆ فرە بەهرەکەم، مامۆستا موحسین دەکەوتین و بەدەنگی بەرز، لە قەراخ هاژەی رووباری ئەڵوەندا هاوارمان دەکرد "ئیمڕۆ رۆژی خۆشییە، کاوە زووحاک کوشتییە."
ساڵی 1970 هەرزەکار بووم، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا. یەکێک لە سونبوولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پڕ سۆز و زوڵاڵەكەی بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی هاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکو برووسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئهو درووشمه بووه وزیهکی هەتاهەتایی کوردایهتی بۆ خەڵکی شارەکەم.
ساڵی 1984 لە هەڕەتی گەنجایەتی بووم، یادی نەورۆز لە سوورداش ساز کرا، بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پڕ جۆش و خرۆشەکەی هەڤاڵ مام جەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەهاتووی یەکێتی) دڵنیایی بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نهورۆز و پێشمهرگه و خهڵک ئاوێتهی یهکدی بوون.
ساڵی (2012) قۆناخی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو، بۆ یادی نەورۆز، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی هەمووان، کۆمەڵێک هاوڕێ و کەسوکاری هەردوولامان، لە کانی ماسی قەراخی شاری سلێمانیدا میوانداریی کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە......) ئێوارەی نەورۆزمان بەسەربرد. دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەروونمان.
ساڵی 2022 لە سێبەری رەشماڵی پاییزی تەمەندا، یادی نەورۆز یادێكی ئێجگار جیاواز لە جاران دەبینم
پهرتهوازهیی زۆر و یەکڕیزی زۆر کەم
هیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر كەم !
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر!

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
