بینینی وێنەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانە دوای یەكلابوونەوەی ژەهر خواردكردنی، سەرەڕای ئەوەی پەرۆشیی و خەمێكی قووڵ بۆ هاوڕێیەكی تەمەنم سەراپای داگرتم، هەستێكی بەراوردكارییانەی سەیریشی لا دروست كردم، كە وێنەكەیم بینی، چۆن بەشەكەتی، بەدەست غەدری ژەهر خواردن گیرۆدە بووە، یەكسەر جووڵە و سەركێشی و حهماسی ئەو پیاوەم بە گەنجی بیركەوتەوە.
ئەو گەنجەی لە كۆڵانە باریك و تەسكەكانی خانەقینەوە، هەمیشە فەنتازیایەكی فراوان و بێسنووری كوردایەتیی دەنەخشاند، ئەو مەلا بەختیارەی زەبروزەنگی رژێمی داگیركاری عێراق نەیدەترساند و نەیدەتاساند، کەچی ئەوەتا ئێستا ژەهر و خەنجەری خیانەت شەکەتی کردووە و وەک دەردەدارێک لە نەخۆشخانەیە، بۆ من چاوهڕوان کراوبوو گوللهی دووژمن، پیلانی ناحهزانی کورد و یهکێتی بیپێکن، بهڵام ژههر خواردکردنی داخ و مهراقێکی تره که بۆ من وهکو شۆکێک وایه و بۆ ئهنجامدهرانیشی پهڵهیهکی رهشی ناپاکییه که قابیلی سپی بوونهوه نییه.
ساڵی 1963 بۆ یەكەمجار مەلا بەختیارم لە خانەقین لە قوتابخانەی (نەهضة)ی سەرەتایی ناسی ، بەیەكەوە ھەر لەسەرەتاوە بارگرانیی ژیانێكی سەختی خانەقینمان بەشكرد، لە زۆر شت لەیەك ئەچووین، ئەو زوو دایكی مرد و هەتیو كەوت، منیش زوو باوكم مرد و هەتیو كەوتم، هەر بەمنداڵی هەردووكمان كەوتینە دەست زەبری بێ رەحمانەی ژیان و چەرمەسەری و سەختیی رۆژگار.
هەرچەندە منداڵیمان پێچەوانەی شیرینیی خورمای خانەقین تاڵ و سەخت بوو، بەڵام ئەو تاڵییە نەیتوانی سەركێشی و لاساری منداڵانەی ئێمە زەوت بکات و ههمیشه به ئومێد و هیوایهکی زۆرهوه بهسهر پهیژهی دهردهسهریی ژیان سهردەکهوتین.
چیرۆكی ئاشنایەتیمان 10 ساڵ دوای یەكەم یەكتر ناسین، واتە لە ساڵی 1973 چووە قۆناخێكی ترەوە، لهرێگهی مەلا بەختیارهوه چوومه ریزهکانی كۆمەڵەوه، ئیتر لەوێوە بەهەموو هەوراز و نشێوەییەكانی سیاسەت و كوردایەتیدا رۆیشتین و لەزۆر وێستگەی جیاش ھەر پێكەوە ماینەوە، بەویژدانەوە دەڵێم ئەو بۆمن هەمیشە برایەكی بەلووتف و سنگ فراوان و لێبووردە بوو، هەمیشە بەرگەی سەركێشی و هەڵوێست و دەڕبڕینە جیاوازەكانی منی بەزیادەوە گرتووە.
ئاخر بەڕاست ژەھرخوارکردنی تێکۆشەرێکی وەک مەلا بەختیار بۆچی؟ دەپرسم ئەو پیاوە گوناهی چی بوو وای لێ بەسەرهات، جگە لە گوناهی سیاسەتكردن و كوردایەتی و پێشمەرگایەتی چ گوناهێكی دیکەی كردووە؟ ئاخر ئەو هەموو تەمەنی لە خەبات و تێكۆشان لە رێبازی شەهاب و ئارام و مام جەلال بەسەر برد، وەكو داربەڕوویەكی چەسپاوی چیاكانی ئەو كوردستانە بەرگری لە میللەتەكەی و یەکێتییهکەی كرد، کەچی ئێستا لەبری پاداشت، بە ژەهر و بەخەنجەری بێ وەفایی ھەوڵی لەناوبردنی دەدرێت؟
ئەوەی ئێستا بۆ من مایەی داخ و ناسۆرە ئەوەیە من لەم وێستگەیە ناتوانم راستەوخۆ شتێك بۆ مەلا بەختیاری برا و ھاوڕێم بكەم، ناتوانم وەكو رۆژانی گەنجی و تەمەنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی، ئازار و ناسۆرەكانی لەگەڵ بەش بكەم، بەڵام دڵنیام دەزانێت کەچۆن لەدڵەوە هیوای زوو چاكبوونەوەو تەندروستیی لەجاران باشتری بۆ دەخوازم. بۆیە پێی دەڵێم : ھاوڕێم ، تۆ بەم ژەھرەش ھەر بە سەربەرزی دەمێنیتەوە، دەستی نامەرد ناگاتە کێوی شکۆمەندیی تۆ، ئەوان بودەڵە و تۆش بوێر، تۆ جوامێر و ئەوانیش ناپاک لەبەردەم خەڵک و خودا و مێژوو.
ھاوڕێم سوێند بەئەڵوەن ئازارت ههمان ئازارە لەدڵما، ھاوڕێم بمبوورە کەبەهۆی دۆخی تەندروستیمەوە، نەمتوانی سەردانت بكەم و لەسەر چرپای نەخۆشخانەکە وێنەیەکی یادگاریی بگرین و بڵێم تۆ ھەرگیز بەتەنیا نیت، شاعیریش نەبووم دەنا ئێستا وادەی بوو بە قەسیدەیەك گوزارشت لە ناخی هەڵقرچاوم بكەم بۆ تۆی برا و هاوڕێی تهمهن..
عیماد ئەحمەد
12/11/2021
وێنەکەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کە بۆ یەکەمجار لە رووداو بڵاوکرایەوە

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
