لە سەرەتای پاییزی ساڵی 1976 لەگەڵ كاك فازڵ كەریم ئەحمەد (مامۆستا جەعفەر) لهخانهقینهوه هاتین بۆ سلێمانی بۆ لای مامۆستا موحسین، مهبهستمان بوو كاك شاسوار جەلال (ئارام) ببینین بۆ تێگەیشتن لە شێوە و شێوازی کاری یەکێتی و پایە و جۆری کارکردنی کۆمەڵە لەناو یەکێتی و ئامۆژگاری و راسپاردەی ئەو بۆ رێکخستنەکانی (هەرێمی پێشڕەو)، جگه لهوهش ههندێ گلەیی و رخنەمان لە كاك حیكمەت محەممەد كەریم (مەلا بەختیار) ههبوو ویستمان به کاک ئارامی بڵێین.
سنووری ههرێمهکه ئهوکات بەغدا، مەندەلی، خانەقین و گەرمیانی لەخۆدەگرت، شەهید سادق، مامۆستا جەعفەر، مامۆستا موحسین، دڵشاد مەولوود و عیماد ئەحمەد ئەندامی كۆمیتەی هەرێمەكە بوون.
دوای پەیوەندیکردن بە رێکخستنی سلێمانییەوە بۆ دیدارەکە، کاک ئازادی مەلا دانرابوو بۆ ئەوەی بمانباتە لای کاک ئارام
لە کات و شوێنی دیاریکراو لە (ئەسحابە سپی) لەگەڵ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسین ئامادەبووین و کاک ئازادی مەلا هات و وای پێی باش بوو یەکێکمان بچین بۆ لای کاک ئارام لەبەر ئەمنیەت و خۆپاراستن. مامۆستا جەعفەر گوتی: با عیماد بچێ
ئیتر لەگەڵ کاک ئازاد له ئهسحابه سپییهوه شۆڕبوونەوه بۆ خوارەوە بەرەو گەڕەگی سەرشەقام، چوینە کۆڵانێکی تەسک و باریک، کەسێک لە نزیك دەرگەی خانووییەکی گڵ رووە و گۆیژە راوەستابوو، كاك ئازاد سڵاوی لێ كرد و بە مستی راستی سێ جار لە دەرگەکەی دا و بێ چاوەڕوانی و بەدەمەوەهاتن لەگەڵ خۆی منی برده ژوورەوە، یەکسەر چاوم كەوتەسەر خێزانێک لە بەرهەیوانێک دانیشتوون كە بە سەر دوو ژووردا دەیڕوانی، خەریکی چا خواردنەوەن، دەرگەی دەرەوە و بەرهەیوانەکە چەند هەنگاوێك لە یەك دووربوون، دیارە خاوەن ماڵەکە ئاگاداری دیدارەکەی ئێمە بوو، دوای سڵاو و ئەحواڵ پرسین، دەرگەی ژووری تەنیشتیان کردەوە بۆ من، چوومە ژوورەوە و کاک ئازادیش لای ئەوان مایهوه.
بۆ من ساتهوهختێکی خۆش بوو، وەکو دەروێشێک بە حەسرەتی بینینی شێخەکەی بێت، كاك ئارام وەها هاتە بەرچاوم. من کاک ئارامم لە کۆتایی ساڵی 1974 لە چۆمان بینیبوو لە (سكرتاریەتی یەکێتیی لاوانی كوردستان)، بەڵام ئەم جارە جیاواز بوو، که بینیم شەرواڵێک و کراسێکی لەبەربوو، دەموچاوی هیلاك، دەستوپەنجە زەردههڵگەڕاو، چاویلكەكەی لە چاودا بوو، جانتایەکی بچووک و چەند وەرەقە و قەڵەمێك و تێپێكی ئاوی لهبەردەست بوو، ژوورەكە بچووك و بنمیچەكەی نزم بوو، پەنجەرەكەی لەسەر هەیوان و چەند بستێك لە ئەرزەكە بەرزتر بوو، بە پهردەیەكی قوماش داپۆشرابوو، ژوورەكە زۆر رووناك نەبوو، تەنها ژێر نوێنێكی تیابوو، چەند لێفە و دۆشەك و سەرینی لەسەر دانرابوو، راخەرێك بە قەد نیوەی ژوورەكە راخرابوو، كاك ئارام چوارمشقی لەسەر ئەرزەكە دانیشتبوو، هەڵسا و تەوقەی لەگەڵدا کردم و لە بهرانبەری خۆی داینیشاندم.
دوای بەخێرهاتن و ئەحواڵ پرسین گوتی: دەقیقەیەک سەبرم لێ بگرە تا ئەم نامەیە تەواو دەکەم، چکلێت ئاسا پێچایەوە و خستیەگیرفانی کراسەکەی، ئینجا بە زمانێكی روون و سادە دەستیكرد بەشیكردنەوەی بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دونیا و پەیوەندییهكان و خۆئامادەكردن بۆ شۆڕش، دوای ئەوە پرسیاری لە وەزعی رێکخستنەکانی هەرێمی پێشڕەو و باری ژیانی خەڵک لە بە غدا و خانەقین و کاریگەری چوونەدەرەوەی کاک عەلی عەسکهری و هەڤاڵەکانی لەناو جەماوەر کرد، منیش بە کورتی وڵامم ئەدایەوە بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لەو بگرم، کاتەکەش بەفیڕۆنەدەم دوای ئەوە گوتی: فەرموو، منیش قسەکانم كرد بە شێوەیهكی كورت و پوخت سەبارەت بە هەرێمی پێشڕەو و کۆمەڵە و یەکێتی و شۆڕش و ئەركی تازەی خەباتمان ئەویش بە دیقەت گوێی دەگرت كە قسەكانم تەواو كرد گوتی، ئێمە دەبێت کۆمەڵە بپارێزین و بە هێزیبکەین، بۆ ئەوەی ببێت بە کاکڵەو داینەمۆی یەکێتی، مام جەلال دامەزرێنەری سەرەكی یەکێتیە لەسەر بنهمای نیمچە بەرەیی دایمەزراندووە و لە داهاتوودا بە گەشەكردن و بە فراوانبوونی لایەنەكانی ناو یەكێتی دەبێتە بەرەیهكی نیشتمانی و میللیی یەكگرتوو، ئەم شۆڕشە لە بنچینەدا شۆڕشێكی نەتەوەییه، بە تەنها بە کۆمەڵە ناکرێت و بەڕێوەناچێت، شۆڕشەكە پێویستی بە بەرەیەكی سیاسیی فراوانە.
لهوێدا رۆڵی مام جەلالی بەرزنرخاند لە هەڵسانەوەی و هەڵگیرساندنی شۆڕش لە كوردستان
لە دواییدا من هاتمە سەر ئەسڵی مەقسەد بۆ گلەیی و گازندە و رەخنەبارانی کاک بەختیار، گوتم: ئەو هەموو رۆژێک لە شەقامەکانی سلێمانی دەسووڕێتەوە و خەڵک ئەیبینێت و هەواڵ بۆ پووری لە خانەقین دەنێرێت و ئێمەش وامان بڵاوکردووەتەوە کە مەلا بەختیار لەلایهن ئەمنی عامەوە گیراوە، وتم ئێمە دەترسین ئەمیش تووشی گرتن بێت و زیانێکی دیکە بەر رێکخستن بکەوێ، من قسەم دهکرد و ئەو هەر گوێی دەگرت، كە قسەكانم تەواو بوون، کاک ئارام هەڵساو لەسەر هەردوو ئەژنۆی دانیشت، گوتی: گلەیی و رهخنەکانتان لە مەلا بەختیار لە ئەلفە وە بۆ یاء ناحەق و نادروستە، ئەو ئێستا خەریکی رێکخستنەكانی کۆمەڵەیە و پەیوەندی بە هەموو رایەڵەکانی رێكخستنەوە دەكات، هەر رۆژێك و لە شارێكە ئەو هەموو کارەكانی رێكخستنی لە ئەستۆ گرتووە دەتانەوێت لە ژوورەوە دابنیشێت و ئەرکەکانیش بە قودرەتی قادر جێبەجێ بكرێن؟ ئینجا وتی: باشە ماوەیەکی دیکە دەیبینم، حاڵی حازر لە شار نییە، دواییش نامەیەکتان بۆ دەنێرم لهو بارهیهوه.
دوایین قسەم دەربارەی كاك ساڵح سێوك (شێروان شێرەوەندی) بوو كە پێش رۆژێك لە جادەی سجن بینیم، زۆر بێتاقەت و بێزار بوو لە مانەوە لە شار و نە ناردنی بۆ دەرەوە، دەیگوت، هاوڕێیانی رێكخستن دەستی دەستیم پێ دەكەن ئەگەر بەم زووانە بۆم جێبەجێ نەكەن ئەگەڕێمەوە.
بە كاك ئارامم گوت: هاوڕێیەكمان هەیە دەیەوێ پەیوەندی بە شۆڕشەوە بكات و بچێتە دەرەوە چەند رۆژێكە لە شارە و هاوڕێیانی ئێرە هاوكاری ناكەن بۆ رۆشتنەكەی، ئەویش وتی: خۆتان دەزانن پەیوەندیكردن بە مەفرەزەكانەوە ئاسان نییە، ئێمە لە سەرەتادا هەموو كەسێك نانێرینە دەرەوە، پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە جیاوازە لەگەڵ پێشمەرگەی جاران لە رووی رەوشت و بیر و تەحەموول و هەڵسوكەوتەوە، منیش بە دوور و درێژی وەسفی كاك شێروان شێرەوەندیم كرد لە هەموو روویەكەوە وەكو ئەوەی بڵێم: ئەم كەسە دەمانچەیەكی چواردەخۆری سێ لەسەر سێی، لاكەلی، تەرەقە سوورە، ئەڵقەدار! لە دواییدا گوتی، باشە با سەبر بگرێ بۆی جێبەجێ دەكەین.
دوای تەوقەكردنێكی دیکە لهگهڵم، بهڵام گەرمتر لهوهی پێشوو بهڕێیکردم و منیش خوا حافیزیم لێ کرد و لەگەڵ كاك ئازادی مەلا بە هەمان رێگە گەڕاینەوە شوێنی دیاریكراو و لە یەكدی جیابووینەوە، گەڕامەوە بۆ لای خاڵم مامۆستا موحسین، رۆژی دوایی قسەكانی كاك ئارامم بۆ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسین گێڕایەوە، لە دواییدا زانیمان ئەو ماڵە، ماڵی كاك ئاوات قارەمانی بوو.
پاش ماوەیەك كاك بەختیارم لە بەغدا بینی، دەستی كرد بە گلەیی و وتی: بۆ لای كاك ئارام رەخنەت لێ گرتووم، دهبووایه پێش ئەوهی لای ئهو رهخنهم لێبگرێت، لای خۆم باست بکردایە؟ سەرەتا بە زەردەخەنەیەك و سەر بادانەوە حاشام لێكرد، بهڵام ئەو
به شتێکی سهیر کهشفی کردبوو و گوتی: كاك ئارام باسی هاوڕێیەكی هەرێمی پێشڕەوی کرد، كە هاتووەته لای سۆرانییەكەی باش نەبووە، لەناوماندا تهنیا تۆ سۆرانیەكەت باش نییە، ئەبێت تۆ بیت!
لەدواییدا گوتم: بەڵێ من بووم، لەپێناوی كۆمەڵە و یەكێتی و تۆش بووە، لێرهوه ئەو شایەدیەی بۆ دەدەم كە هیچ دڵگران نەبوو و بەرووحی ریازی وەریگرت. دوای ئهوه گوتی: كاك ئارام نامەیەكی بۆ نووسیون لای منە لە سلێمانی، دوایی بۆتان دەنێرم، ئێستا و ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت و نەمانبینی.
بەڕاستی لە ژیانمدا كەم سەركردەم بینیوە وەكو كاك ئارام ئەو بهرگری و پشتیوانییە لە هاوڕێیەكی خۆی بکات بەو جۆرە راستییهكان روونبكاتەوە، نهک وەکو خەڵکانی دیکە، ترش و خوێ به باسێکی خراپی هاوڕێیهکی خۆی بکات و نان و پیازی پێوه بخوات! لێرهوه فەرمایشتهكەی مەولانا جەلالەدین رومیم بیردهکهوێتهوه كە دەڵێت (رووبار بە لە هاوڕێیەتی و برایەتیدا) ئهم وتهیه رێک پڕ بە پێستی كاك ئارامە، ئهو نهک روبار، بگره دهریایهک بوو له هێمنی و وهفا بۆ هاوڕێکانی.
لەو دیدارەدا باشتر بۆم دەرکەوت کە ئەم زاتە چەند گەورە و خاوهن کاریگهرییه، ههستم بهوهکرد که ئهو پیاوه کاریزمایهکی ههیه، كادیرێكی پێشكەوتوو و پێگهیشتوو بوو، لە کاتی شکستی بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری گهورهدا، له سات و بەرکەوتنی جهزرهبهیهکی سهخت به رێکخستنەکانی رێكخراوەكەی و شاڵاوی گرتن و کوشتن و راونانی ههڤاڵانی، لهساتی بڵاوبوونەوەی نا ئومێدی لەناو خەڵکدا، ئا لەو ئان و ساتەدا قۆڵی ئازایەتی و جوامێری هەڵماڵێت و لێپرسراوێتی قۆناخێکی سهختی خهبات و سهرکردایهتیکردن لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ هاوڕێیان کاک ئازاد هەورامی و کاک سالار عەزیز و مەلا بەختیار، کۆمیتەی هەرێمەکان دروست بکەن و کاک ئارامیش وەکو سکرتێری کۆمەڵە دەور ببینێت بە بێ تەکەتول و پارە و ئیمتیاز هەڵڕشتن و خزم خزمێنە و ناوچەگەری. کاک ئارام بە سەلیقە رابەر بوو، بێجگە لە ئاستی بەرزی رۆشنبیری و سیاسی و دووربینی بۆ ئەو كاتە، پیاوێکی بەتوانا و دەگمەن بوو.
كاك ئارام لەو ماوە كەمەی كە لێپرسراوی كۆمەڵە بووە، دەستێكی باڵای هەبووە لە گۆڕینی بەشێك لە بیر و هزر و سیاسەتی كۆمەڵە بە ئاقاری عەقڵانی و واقعیدا، بێجگە لە سەرپەرشتیكردن و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ لە وڵاتدا، ههر بەمەش بوو بە سومبول و ئەستێرەیەكی گەشی پرشنگدار لە سەرتاسەری كوردستاندا.
سهبارهت به کاک ئارام زۆر جار ئەم پرسیارە لهخۆم دهکهم ئەگەر كاك ئارام بەم كوتوپڕیه و لهسهرهتای شۆڕشی نوێ شەهید نەبووایە، كۆمەڵە لە رووی چینایەتی و چونایەتییەوە چۆن دەبوو؟ یەکێتی و شۆڕش بە چ ئاقارێكدا دەڕۆیشت؟ بەڵام سهد حهیف ئهو سهرکرده لێهاتووە بههۆی بێباكی خۆی و كەمتەرخەمی هاوڕێكانی لە31-1-1978 لە دێی تەنگیسەر بە دەستی تاقمێك جاشی خۆفرۆش شەهید دەبێت و رووحیشی ئۆغری ئەبەدی دەكات بۆ لای شەهیدانی دیکەی كوردستان، ئهو پیاوهی چهند ساڵێکی کهم سهرکردایهیتی شۆڕشی کرد، بهڵام بۆ ئهبهد نهمری بهباڵای خۆی بڕی.
بهڕای من ئارام دهرکهوتن و دیاردهیهک بوو له شۆڕش و سیاسهتی کوردیدا که پێویستی بهوهیه دیراسهی بکهین، چونکه رهنگه زیادهڕهوی نهبێ گهر بگوترێت ئارام وێڕای شههیدبوونی، هێشتا کهسێکه بهزیندوویی ماوهتهوه، سێبهری ئارام هێشتا بهسهرمانهوهیه، ئارام شەم بوو بۆ پەروانە دەگریا و بەدوای سۆمای چاو دەگەڕا، ئەستێرە بوو لەناو چاوی گەردوون، بە هێمنی ئەخوولایەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
