هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا یادەوەرییەكی بەر لە رووخاندنی رژێمی سەدامی بیرخستمەوە، لەمیانەی ئامادەكاری بۆ لێدانی رژێمی ئەوسای عێراق، لەرۆژی 7/12/2002 لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین وەكو وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، لەگەڵ جۆ بایدن كۆبووینەوە، كە ئەوكات بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس بوو.
وەفدی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كاك بەرهەم و بەندەش بەشدار بوو، وەفدی پارتی بە سەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بوو، لە كۆتایی كۆبوونەوەكە و باسوخواسەكان، من پرسیارێكم لە بایدن كرد، لێم پرسی لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاوەکو ساڵی 1975 بە گەرمی پشتیوانیتان لە كورد كرد، بەڵام دوایی لەبەر خاتری رژێمی ئەوكاتی ئێران پشتتان لە ئێمەكرد.ئەی ئێستا ئەمریكا تا كوێ پشتیوانی لە كورد دەكات، ئایا ئەمجارەش لەبەر خاتری توركیا پشتمان تێناكات؟ توركیا ئەو كات هەندێ مەرجی هەبوو بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی رووخاندنی رژێمی بەعس.
بایدن زۆر بە راشكاوی وەڵامی دامەوە، وتی: ئەمریكا نكۆڵی لە رەوایی مەسەلەی كورد ناكات، تا ئەو شوێنە پشتیوانی سەرڕاستی كورد دەبێت، كە خاوەن سیاسەتێكی عەقڵانی و مەنتقی بێت. بایدن وتی خۆ ئەگەر کورد كەركووك دەكاتە پایتەختی كوردستان، ئەوا لەمە ئەمریكا پشتیوانیتان لێ ناكات و لەگەڵتان نابێت.
بۆیە بایدن ئەو نموونەیەی هێنایەوە، چونكە وەک یەكێتی و پارتی، دوای رێكکەوتنی واشنتۆن، پرۆژی دەستوورێكمان ئامادەكردبوو، لەوێدا كەركووك وەكو پایتەختی كوردستان دانرابوو.
بیرمە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە كاك نێچیرڤان پێیوتم دەستخۆش، پرسیارێكی زۆر گرنگت كرد و وەڵامێكی روونیشمان وەرگرتەوە.
سەرۆك بایدن كۆتایی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو بە رەسمی وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكار دەبێت، دڵنیام شارەزایی و ئەزموونێكی زۆری سەبارەت بە عێراق و كوردستان بەگشتی هەیە، بەڵام ئاخۆ لەم پۆستە گرنگەدا هەمان بۆچوونی هەیە و سەركردایەتی سیاسی كوردیش ئێستا بە روونی سیاسەتی خۆی گونجاندووە لەگەڵ عەقڵ و مەنتقدا!؟

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
