رووداو-هەولێر
رۆمانە نوێیەكەی حەلیم یوسف، چیرۆكنووس و رۆماننووسی كوردی رۆژئاوای كوردستان، بەناوی (فڕین بە باڵە شكاوەكان) چاپ و بڵاوكرایەوە. ئەم رۆمانە كە لە 127 لاپەڕە پێكدێ، لەلایەن وەشانخانەی پەیوەند لە ئامەدی باكووری كوردستان چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
حەلیم یوسف، بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی گوت: "بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی رۆژئاوای كوردستان، تا ئێستا چاپی رۆمانەكەم بەدەست نەگەیشتووە".
یوسف ئاماژەی بە ناوەڕۆكی رۆمانە نوێیەكەی كرد و گوتی: "ساڵی 2014 لە كاتی شەڕی كۆبانێ، بەردەوام لە رێگەی ئامرازی جیاجیاوە پەیوەندیم لەگەڵ كوڕان و كچانی كۆبانێدا هەبوو، پێشنیازم بۆ كردن كە چیرۆكی رۆژانەی خۆیان بنووسن و بۆم بنێرن، بۆ ئەوەی بیكەم بە رۆمانێك. هەندێك لەوانە لە شەڕی كۆبانێدا شەهید بوون. لە نێویاندا رۆدی و گوڵستان هەبوون، رۆدی كە تەنیا بیست رۆژ بوو ئاهەنگی هاوسەرگیریی كردبوو، لەگەڵ هاوژینەكەی كوژران. رۆدی و جیهان و گوڵستان بوون بە كاراكتەری سەرەكیی رۆمانەكەم".
حەلیم یوسف هەروەها دەڵێت: "لە رۆمانەكەدا باسی دوو چیرۆكی ئەڤینداری دەكەم كە لە سایەی ئاڵای رەشی داعش، هەم چەكەرە دەكەن، هەمیش لەوێ بە نیوەچڵی سەردەبڕدرێن، لە رێگەی ئەو دوو چیرۆكەوە خوێنەر تێدەگات لە ماوەی 134 رۆژی شەڕی كۆبانێدا چی روویدا".


