رووداو – هەولێر
شاعیر و نووسەری كوردی عەرەبینووس سەلیم بەرەكات، رۆمانە نوێیەكەی بڵاوكردەوە كە ناوەڕۆكەكەی باس لە جووەكانی قامشلوی رۆژئاوای كوردستان دەكات.
رۆمانەكە كە 566 لاپەڕەیە، بە زمانی عەرەبی بەناوی (ماذا عن السيدة اليهودية راحيل؟؟) لەلایەن دەزگای عەرەبی بۆ لێكۆڵینەوە و بڵاوكردنەوە، بڵاوكرایەوە.
سەلیم بەرەكات لەو رۆمانەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و بە نێو كوچە و كۆڵانەكانی قامشلودا گوزەر دەكات. باسی پێكەوە ژیانی كورد، جوو و ئەرمەن و پێكهاتەكانی دیكەی ئەو شارە دەكات، پێش ئەوەی بەعسی سووری دەسەڵات بگرێتە دەست و ئەو پێكەوە ژیانە تێكبدات. ئەو بە وردی باس لەوە دەكات كە چۆن ژمارەی جووەكان رۆژ لە دوای رۆژ لە قامشلو كەمدەبوونەوە، ئەویش بەهۆی پیلانگێڕیی حیزبی بەعس كە جووەكانی قامشلوی ناچار كرد دواجار خۆیان لە گەڕەكی بروكلین لە نیویۆرك ببینەوە.
هەر لەو رۆمانەدا باسی جووەكانی قامشلو دەكات لە پاش شەڕی حوزەیرانی 1967 لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل. دوای ئەوەی بەعسی سووری لەو شەڕە شكستی هێنا، تۆڵەی ئەو شەڕەی لە جووەكانی قامشلو كردەوە و ناچاری كردن بەرەو ئیسرائیل كۆچ بكەن و پاشان دەستی بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گرت.
سەلیم بەرەكات ساڵی 1951 لە گوندی مۆسیسانەی سەر بە شاری عاموودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە. ساڵی 1970 بۆ خوێندنی ئەدەبی عەرەبی چووەتە دیمەشق، بەڵام تەنیا یەك ساڵ لەوێ خوێندی. پاشان رووی كردە بەیروت و تا ساڵی 1982 لەوێ مایەوە، دوای ئەوە رووی لە قوبرس كرد. لە ساڵی 1991 یشەوە لە ستۆكهۆڵمی پایتەخی سوێد دەژی. ساڵی 2018 خەڵاتی ماكس جاكۆبی لە فەرەنسا وەرگرت.


