لە گەلەریی رەنج لە باڵەخانەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەیەکی شێوەکاری بەناوی "کانڤاسی ژیان" بە بەشداریی 16 هونەرمەندی کوڕ و کچ کرایەوە.
پێشانگەکە تایبەتە بە یەکسانیی جێندەری و هونەرمەندان لە رێگەی تابلۆکانیانەوە، کە هەریەکەیان بە 2 بۆ 3 تابلۆ بەشدارن، گوزارشت لەو پرسە دەکەن.
ژیان نەجمەدین، بەرپرسی یەکەی یەکسانیی جێندەری لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە رووداوی گوت، "ئامانج لەم کارە ئەوەیە لە رێگەی هونەرەوە شۆڕشێکی یەکسانیی جێندەری دروست بکەین، چونکە یەک تابلۆ دەتوانێت لە جیاتی هەزاران وشە قسە بکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکەم جارە پێشانگەیەکی لەم شێوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە کە تایبەت بێت بە یەکسانیی جێندەری و تێکەڵەیەک بێت لە هونەرمەندانی نەوەی کۆن، ناوەند و نوێ.
پێشانگەی "کانڤاسی ژیان" بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕووی هاونیشتیمانییان و هونەردۆستاندا کراوە دەبێت و هەر کەسێک بیەوێت تابلۆیەک بکڕێت، دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ هونەرمەندەکە قسە بکات.
.jpg&w=3840&q=75)