رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، درەنگ نووستن و خۆراک خواردن لە درەنگی شەودا، مەترسییەکانی تووشبوون بە کۆنیشانەی زیندەچالاکی و کێشەکانی تەندروستیی ریخۆڵەکان دەبنەوە.
د. فەراز بیشەهساری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی تەکساس دەریخستووە، توێژینەوەیەک لەسەر 87 کەسی قەڵەو ئەنجامدراو و دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی درەنگ خۆراک دەخۆن و دەخەون، زیاتر تووشی مەترسییەکانی تەندروستیی زیندەچالاکیی دەبنەوە. بەگوێرەی ئەنجامەکان، 73%ـی ئەو کەسانەی درەنگ خۆراک دەخۆن و درەنگ دەخەون، چەندین هۆکاری مەترسیی تەندروستییان هەبووە. هەروەها دەرکەوت، تێکچوونی کاژێری بایۆلۆژی پەیوەندی بە زیادبوونی هەوکردن و کێشەکانی ریخۆڵەوە هەیە.
د. میر عەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لە کالیفۆرنیا رایگەیاند، مانەوەی بەردەوام تاوەکو درەنگانی شەو و خۆراک خواردن کاریگەری نەرێنی لەسەر هەستیاریی ئەنسۆلین، دەردانی هۆڕمۆنەکان و زیندەچالاکی چەوری هەیە.
بۆ پاراستنی تەندروستی جەستە پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن:
- ژەمەکان بەتایبەت ژەمی ئێوارە، زووتر بخورێن و ماوەیەکی گونجاو پێش خەوتن هەبێت، چونکە زیندەچالاکی خۆراک لە سەرەتای رۆژدا چالاکترە.
- دانانی خشتەیەکی جێگیر بۆ خەوتن و هەستان.
- گرنگی بە پاراستنی کێشێکی تەندروست و هەڵبژاردنی خۆراکی هاوسەنگ بدرێت.



