رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بڕیاڕێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، سەرجەم ئەو بریکارانەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان کە لە 40 خێزان کەمتریان لەلا تۆمارکراوە شوێنەکانیان دادەخرێت. بەرێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، لەم هەفتەیەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2026، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی سلێمانی بە رووداوی گوت: " وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە نووسراوێک ئاگاداری کردینەوە، هەر بریکارێکی خۆراک لە شارەکە بەشە خۆراکی کەمتر لە 40 خێزانی لا تۆمارکرابێت، راژەکەی سفر دەکرێتەوە و شوێنەکەی دادەخرێت."
کامەران فەتاح ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەکە زیاتر لە 100 بریکاری خۆراک دەگرێتەوە و لە هەفتەی داهاتووەوە شوێنەکانیان دادەخرێت."
سەبارەت بە فۆڕمی هاونیشتمانییان، بەڕێوبەری بەشەخۆراکی پارێزگاکە دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "بەشە خۆراکی هیچ خێزانێک نابڕێت، ئەو هاونیشتمانییانەی بریکارەکانیان دادەخرێت فۆڕمەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ نزیکترین بریکاری خۆراک لە شوێنەکانیان."
لە بارەی هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی خێزان لای ئەو بریکارانە، کامەران فەتاح رایگەیاند: "بەشێک لە بریکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ هاونیشتمانییان باش نەبووە، بۆیە بەشە خۆراکەکانیان لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە گواستووەتەوە، ئەمیش وایکردووە ژمارەی خێزانەکان کەمببێتەوە."
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە رووداوی گوت: "نزیکەی 150 بریکار بەشە خۆراکی کەمتر لە 40 خێزانیان لا تۆمارکراوە و سەرجەمیان ئاگادارکراونەتەوە ئەگەر بە زووترین کات چارەسەری نەکەن شوێنەکانیان دادەخرێت."
دلێر عەبدولواحید روونیکردەوە، "ئەو بریکارانەی لە 40 خێزان کەمتریان لایە و بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەیانگرێتەوە، دەتوانن لە رێگەی داواکردن لە هاونیشتمانییان بۆ خۆ تۆمارکردن رێژەی خێزانەکان لای خۆیان بەرزبکەنەوە بۆ سەروو 40 خێزان ئەو کات شوێنەکانیان داناخرێت."
هاوکات هەر ئەمرۆ یەکشەممە، هەجەر دۆسکی، بەرێوەبەری بەشە خۆراکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەو بریکارانەی 40 خێزانکەمتریان لایە گەیشتووەتە 150 خێزان و لەسەر داوای وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرجەمیان دادەخرێن."
لە هەڵەبجە یەک بریکاری خۆراک هەیە 40 خێزان کەمتری لابێت
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "تەنیا یەک بریکاری خۆراک لە هەڵەبجە هەیە لە 40 خێزان کەمتری لابێت، ئەو بریکارەش دەتوانێت بە زیادکردنی خێزانەکان لای خۆی بەردەوام بێت لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان کە دەست رووداو کەوتووە، "زیاتر لە شەش هەزار بریکاری خۆراک لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون."



