دیاردەیەکى مەترسیدار لە وڵاتانى ئەورووپا سەریهەڵداوە، نەک ساڵ لەدواى ساڵ، بەڵکو مانگ دواى مانگ رێژەکەى لە بەرزبوونەوەدایە. ترس و نیگەرانیى خستووەتە دڵ و دەروونى هەموو خێزانێکەوە، ئەویش دیاردەى دیارنەمانى منداڵانە. رێژەکە بە جۆرێک لە هەڵکشاندایە، مرۆڤ تووشى گومان دەبێت لە وڵاتگەلێکدا کە ئاستى دەستگەیشتن بە زانیاری و چاودێریکردن زۆر چووەتە پێش، کەچى رۆژانە گوێچکەت بە هەواڵى بزربوون و رفاندن بزرەنگێتەوە.
مەبەستم لە دیارنەمانى منداڵان ئەو رێکارە یاساییە نییە کە لە وڵاتانى ئەورووپا پەیڕەو دەکرێت، کە ئەگەر هەست بکەن خێزانێک بایەخ بە پەروەردەکردنى منداڵەکانیان نادەن، یاخود ئازارى دەروونى و جەستەیى دەدرێن، یاخود ژینگەى خێزانەکە بۆ بەخێوکردنى منداڵ گونجاو نییە، حکومەت خۆى بەزۆر منداڵەکان لە خێزانەکان وەردەگرێت، یاخود لە سەنتەرى تایبەت بە بەخێوکردنى منداڵان، یاخود دەیانداتە خێزانى دیکە. ئەوە دیاردەیەکى بەرچاوە و لە چوارچێوەى یاسا و رێساکانى ئەورووپا پەیڕەو دەکرێت. ئەوەى لێرەدا وەکو دیاردەیەکى مەترسیدار ئاماژەى بۆ دەکەم، بزربوون، رفاندن، نادیاریى چارەنووسە. لەلایەن بکەرى نادیارەوە.
لە کۆندا و بەتایبەت لە سەردەمى جەنگ و قاتوقڕى، زۆرجار دیاردەى ونبوونى منداڵ روویداوە. لەم ساڵانەى دواییش ئەوە ئاشکرا بوو کە هەر لە کۆندا لە هەندێک ناوەندى خوێندن و پەروەردەیى لە کەنیسەکان، منداڵ و مێرمنداڵى زۆر بزربوون و بەم دواییانە روون بووەوە کە هەر لە سەنتەر و ناوەندە ئایینى و پەروەردەییەکان دەستدرێژییان کراوەتەسەر و دواتر کوژراون.
ئەوەى لە کۆندا بە ئاسانى رووی دەدا و بە سەختى ئاشکرا دەبوو؛ لەم سەردەمە دەبێت بە سەختى رووبدات و بە ئاسانى ئاشکرا ببێت، بەڵام ئەم دیاردەیەى وڵاتانى ئەورووپا بەگشتى و بەتایبەتییش من باسى ئەڵمانیا دەکەم، ئاسان روو دەدەن و بە گران ئاشکرا دەبن. لە کاتێکدا بەهۆى گەشەى ئامرازەکانى پەیوەندى و چاودێری، نەدەبوو لە وڵاتانى ئەورووپا ئەوە رووبدات کە هەفتە و مانگانە زیاتر لە کەسانێک بزربن و چارەنووسیان بە نادیارى بمێنێتەوە.
رەنگە ئامارەکان شۆکهێنەر بن ئەگەر بڵێم ساڵانە بە سەتان مێرمنداڵى لە 12 ساڵ بۆ 17 ساڵ دیار نامێنن و چارەنووسیان نادیارە. تەنها لە دوو هەفتەى رابردوو لە ئەڵمانیا چوار حاڵەتى رفاندنى کچى تەمەن کەمتر لە 14 ساڵ لە رێگەى قوتابخانە، هەبوون. کەسوکاریان هیچ زانیارییەک لەبارەى چارەنووسیانەوە نازانن. لەناو میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چەندین سیناریۆى جیاجیاى مەترسیدار باس دەکرێن، کە مایەى ئەوپەڕى شەرمەزارییە بۆ دامودەزگاکانى ئەم وڵاتانە کە بەو ئاسانییە بتواندرێت منداڵ بڕفێندرێت و نەشتواندرێت بدۆزرێنەوە.
سرووشتى مرۆڤ بەو جۆرەیە، تاوان ئەنجام دەدات، بەڵام ئەرک و بەرپرسیارێتیى دەوڵەت رێگرییە لە ئەنجامدانى تاوان، دۆزینەوەى تاوانبار و سزادانى. مایەى سەرسوڕمانە بگوترێت لە ساڵێکدا بۆ نموونە 20 کچى خوار تەمەن 14 ساڵ رفێندراون و هیچ لەبارەى چارەنووسیانەوە نازاندرێت، ئەنجامدەرى هیچکام لەو رفاندنانەش نەدۆزرێتەوە.
پێش ئاشکرابوون و بڵاوبوونەوەى زانیارییە نامرۆیى و نائەخلاقییەکانى دوورگەى (ئێپستین)، تێڕوانینى گشتى بۆ حاڵەتەکانى دیارنەمان و رفاندنى منداڵان دەبەسترایەوە بە تۆڕەکانى مافیایى قاچاخچێتى و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، جا بۆ مەبەستى سێکسى یاخود بۆ فرۆشتنى ئەندامانى جەستە، یاخود بۆ کارى زۆرەملێ. بەتایبەتییش وا لێکدەدرایەوە کە ئەو حاڵەت و دیاردانە لەو وڵاتانە باو و بەربڵاون کە یاسا تیایاندا سەروەر نییە و دەسەڵاتى دەوڵەتى لاوازە و گرووپ و باندى مافیا حوکم دەکەن.
بەڵام دواى بڵاوبوونەوەى ئابڕووچوونەکانی دوورگەى ئێپستین، دەرکەوت ئەم دیاردەیە لە سەرووى تواناى باندەکانى قاچاخچێتى و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوەیە لە وڵاتە دواکەوتووەکان، بەڵکو کارێکى رێکخراوە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانى دونیا و هەرە باڵادەستترین دەسەڵاتداران و گەورە سەرمایەدارانى جیهان تیایدا بەشدارن. بۆیە ئەم دیاردەیەى ئێستا لە وڵاتانى ئەورووپا پەرەى سەندووە پێش هەر شتێکى دیکە، ئەوە بە مێشکى مرۆیا دێت، دوور نییە ئەمەش کارێکى رێکخراو بێت. دواى داخستنى دوورگەى ئێپستین چەندین دوورگەى دیکەى هاوشێوە هەبن یاخود تازە دروستکرابن و هێشتا بۆ راى گشتى ئاشکرا نەبووبن. رفاندن و دیارنەمانى منداڵانیش بۆ تێرکردنى ئارەزووە شەیتانییەکانى شەهوەتبازانى ناو هەندێک ناوەندى دەسەڵات بێت.
بۆ وڵاتانى ئەورووپا ئەم بابەتە زۆر جیاوازترە لە هەر وڵاتێکى دیکەى جیهان، جا لە وڵاتە هەژار و دواکەوتووەکانەوە بیگرە تاوەکو ئەمریکا. لە هەر شوێنێکى دیکەى جیهاندا ئەم دیاردەیە هەبێت، بە ئەندازەى ئەوە شۆک نییە، کە لە هەر وڵاتێکى ئەورووپا پەرە بسێنێت؛ چونکە ئەورووپا خۆى بەو جۆرە وێنا دەکات کە ناوەندى پاراستنى ماف و کەرامەت و بەها ئەخلاقى و ئینسانییەکانە. بە هەزاران رێکخراوى چالاک و سەنتەر و ناوەندى چاودێریکردنیان هەیە بۆ بەها مرۆییەکان. لە حاڵەتەوە بوون بە دیاردەى دیارنەمانى منداڵان، نەک تەنها دەسەڵات، تەنانەت هەموو رێکخراو و ناوەند و سەنتەرەکانیشیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دەبێت ناوەندەکانى دەسەڵاتى ئەورووپا بەرپرسیارێتیى گەورە لەئەستۆ بگرن بۆ پێشگرتن و کۆتاییهێنان بەو دیاردە مەترسیدارە. تەنها بەوەش ئەو گومانانە دەڕەونەوە کە ئایا دوورگەى هاوشێوەى ئێپستین لە ئەورووپا هەیە یاخود نا؟



