رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، نوێترین بەرهەمی نووسەر و توێژەرێکی کورد، بە ناوی 'گێڕانەوەی پاشنوێخوازی لە رۆمانی کوردیدا' دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران. ئەو نووسەرە دەڵێت: "لە بنەڕەتدا کتێبەکە نامەی ماستەرە و وەک کتێب چاپی دەکەم."
ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 باهۆز مستەفا، نووسەر و توێژەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە توێژینەوەکەماندا بە شێوەیەکی کراوە سوودمان لە چەمک و گێڕانەوەناسیی چەند بیرمەندێکی پاشنوێخوازی وەرگرتووە، کە کاریگەریی فەلسەفی و تەکنیکییان لەسەر گێڕانەوەی پاشنوێخوازی هەبووە، هەروەها لەسەر چەند نموونەیەکی رۆمانی کوردی پراکتیزەمان کردووە."
لەبارەی رۆمانی پاشنوێخوازییەوە، ئەو نووسەرە دەڵێت، وەک یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین کارە هونەرییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی 20 و سەدەی 21، شێوازێکی ئەدەبییە کە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی نوێخوازیی پێش خۆی رەت دەکاتەوە، یان لێی هەڵدەگەڕێتەوە.
باهۆز مستەفا ئاماژە بەوە دەکات: "ئەم جۆرە رۆمانە جگە لەوەی شێوازێکی نووسینە، هاوکات رەنگدانەوەیەکی قووڵی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، سیاسی و تەکنۆلۆژییەکانی سەردەمەکەی خۆیەتی."
ئەو توێژەرە دەشڵێت: "بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لەم شێوازە هونەرییە، پێویستە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی، تەکنیک و تێمە جیاوازەکانی، ئامانجەکانی و کاریگەرییە بەربڵاوەکەی لەسەر ئەدەبیاتی جیهانی بزانین."
بەرهەمە نوێیەکەی باهۆز مستەفا لەلایەن دەزگای فامەوە بڵاودەکرێتەوە. کتێبەکە بە تیراژی 500 دانە و لە 344 لاپەڕە چاپ دەکرێت. دەڵێت: "لە 21ی ئەم مانگەدا، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاودەکرێتەوە."
ناوەڕۆکی کتێبەکە لە 3 بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم و دووەم: دوو بەشی تیۆریین کە تایبەتن بە ناساندن، پێناسە، مێژووی سەرهەڵدانی پاشنوێخوازی و تەکنیکەکانی؛ هەروەها ناساندنی بیرمەندەکانی پاشنوێخوازی و کاریگەرییان.
بەشی سێیەم: بەشێکی شیکارییە و تێیدا ئەو تیۆرییانە لەسەر نموونەی چەند رۆمانێکی کوردی جێبەجێ کراون.
پێش بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە، باهۆز مستەفا 17 کتێبی دیکەی چاپکردووە، کە پێکهاتوون لە رۆمان، چیرۆک، شیعر، لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان.
باهۆز مستەفا لە ساڵی 1975دا لە هەولێر لەدایک بووە. قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە. بکالۆریۆسی لە بەشی زمانی کوردی، کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین _ هەولێر بەدەستهێناوە. دبلۆمی لە زمانی ئەڵمانی _ گیۆته ئینستوت_ ئەڵمانیا هەیە و ماستەریشی لە ئەدەبی کوردی وەرگرتووە. زمانەکانی ئەڵمانی، ئینگلیزی و عەرەبی دەزانێت. ئەم کتێبەی نووسەر لە بنەڕەتدا توێژینەوەی ماستەرەکەیەتی و وەک کتێب چاپی دەکات.

