رووداو دیجیتاڵ
بڵند تاهیر
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بە بەشداریی 25 هونەرمەندی شێوەکار لە سەرانسەری باشووری کوردستان، پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند قەرەنی جەمیل کرایەوە.
پێشانگەکە نزیکەی 50 بەرهەمی هونەری لەخۆدەگرێت، کە لە نیگارکێشان، گرافیک، سیرامیک و پەیکەرسازی پێکدێن و هەر هونەرمەندێک بە دوو تابلۆ بەشداریی کردووە. بەشێک لە کارەکانیان بۆ یەکەمجارە نمایش دەکرێن و بۆ فرۆشتنیش خراونەتەڕوو.
کردنەوەی ئەم پێشانگەیە جگە لەوەی یادێکی بەرز راگرتنی هونەرمەند قەرەنی جەمیلە، وەکو پردێک وایە بۆ دروستکردنی دیالۆگی هونەری و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هونەرمەندان.
لە چوارچێوەی پێشانگەکەدا، میدالیای رێزلێنان بە 11 هونەرمەندی گەنج دەبەخشرێت، هەروەها کەتەلۆگی کارە هونەرییەکانی قەرەنی جەمیل کە لەلایەن دەزگای رۆشنبیریی زانکۆکانی جیهانەوە چاپ کراوە، نمایش دەکرێت.
ئەمە یەکەمجارە پێشانگەیەکی وا بەرفراوان لە هەولێر دەکرێتەوە، کە هونەرمەندان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن.
پێشانگەکە تاوەکو رۆژی 27ی مانگ بەردەوام دەبێت و ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکەشی هەیە.
