رووداو دیجیتاڵ
لەم چوار ساڵەی رابردوودا، سەنتەری سەلاحەدین لە هارسینبۆرگی ڤێرجینیا توانیویەتی خزمەتێکی زۆر بە کۆمەڵگەی کوردی بکات بە پێشکەشکردنی وانەکانی زمانی کوردی. ئەم پڕۆژە گرنگە، کە بە ئامانجی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک لەنێو نەوەی نوێی کورددا دروستکراوە، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
بەشێکی زۆر لە خێزانە کوردەکان و منداڵەکانیان بە پەرۆشەوە بەشدارییان لەو دەرفەتەدا کردووە، ئەمەش وایکردووە زمانی کوردی وەک پردێک بۆ پەیوەندیی نێوان نەوەکان و پاراستنی ناسنامەی کولتووری بمێنێتەوە.
بۆ یادکردنەوەی دامەزراندنی سەنتەرەکە، خێزانە کوردەکان و مامۆستایانی زمانی کوردی لە یەکێک لە پارکەکانی شارەکەدا ئاهەنگیان گێڕا. مامۆستاکان لە سەنتەرەکە بە خۆبەخش وانە دەڵێنەوە.
ئێستا 75 خوێندکار وانەی زمانی کوردی دەخوێنن، بەڵام پلانی داهاتوو ئەوەیە ژمارەی خوێندکاران زیاتر بکرێت و خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکە فراوانتر بکرێت.