وەرزش لە رووداو دا لە لاپەڕەیەكەوە دەستیپێكرد لەكاتی دەرچوونی هەفتەنامەی (رووداو)دا لەنیسانی 2008دا. بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2008 بە كۆششی كاك گۆران محەممەد توانیمان سپۆنسەریی كۆمپانیای دەلتا بە دەستبێنین بۆ دەركردنی پاشكۆیەكی تایبەت بەوبۆنەیە بەناوی (رووداوی وەرزشی)، كە بینیمان خوێنەر و كڕیارێكی زۆری هەیە، هەر خۆمان وەك كۆمپانیای رووداو بەردەوامبووین لە درێژەپێدانی. دوای ساڵێك پێش ئێستاش كۆمپانیای كۆڕەك سپۆنسەریی دەكرد. (رووداوی وەرزشی )، ئەوكات رووداوی وەك دەزگایەكی میدیایی گەیاندە مێردمنداڵان و تازەپێگەیشتووان و گەنجان. كە دەمبینی مێردمنداڵانی تەمەن 13-16 ساڵ دێن بۆ پەرتووكخانە و كۆشكەكانی رۆژنامەفرۆشی لە كوردستان بەمەبەستی كڕینی (رووداوی وەرزشی ) زۆر دڵخۆش دەبووم. لە راستیشدا زۆربەی كڕیارانی لەو تەمەنەدا بوون. بە بیرم دێت بەڕێوەبەری شارۆچكەی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆك پێیگوتین گەنجانی شارۆچكەكەمان هاتوون و داوادەكەن هەفتانە (رووداوی وەرزشی ) بگاتە دەستیان و زۆر تووڕەن كە (رووداوی وەرزشی ) نایێت بۆ شیلادزێ. بەڕاستیش لەسەرەتادا تیراژی (رووداوی وەرزشی ) لە هەفتەنامەی (رووداو ) لەسەرووتربوو. سەركەوتوویی نێوەڕۆكیی (رووداوی وەرزشی ) دەگەڕێتەوە بۆ دڵسۆزیی و لێهاتوویی سەرنووسەری (رووداوی وەرزشی ) كاك ئیحسان تاهیر، لەگەڵیشدا ئەو دوو فریلانسەر و دیزاینەرانەی بەشێوەیەكی زۆرباش هاوكاریبوون. هەروەها سەرپەرشتیاری بڵاوكردنەوەی هەفتەنامەی (رووداو ) و (رووداوی وەرزشی)، بەهەشتی مامۆستا عەبدوڵڵا قڕگەیی، زۆر بە دڵسۆزییەوە لە خەمی بڵاوكردنەوەی (رووداوی وەرزشی)دابوو و، كاك ئیحسانیشی زۆر خۆشدەویست، چونكە رێكوپێك و دڵسۆزبوو لە كارەكەیدا و رۆژنامەكەی لەكاتی خۆیدا بۆ ئامادە دەكرد بۆ چاپكردن. كاك ئیحسان تاهیر، كە لەنێو ئێمەدا لە رووداودا هەر بە "ئیحسانی وەرزشی" ناوی رۆییوە، لە ساڵی 2008ـەوە تائێستا خزمەتێكی یەكجار نموونەیی رۆژنامەڤانی وەرزشیی كوردی كردووە، كە بێگومان وەك سەرنووسەری باشترین رۆژنامەی وەرزشیی كوردی ناوی دەچێتە مێژووی رۆژنامەڤانی كوردییەوە ، ئەوەش شانازییەكە شایەنی كاك ئیحسانە. وەرزش واتە هۆشمەندی و وردی و خێرایی، ئەو خێراییە كە ئێستا تێكەڵی خێرایی نیومیدیا و دیجیتەڵمیدیا بووە، وایكردووە رۆژنامەی چاپكراوی كاخەزیی وەرزشی تەنیا بە دوو شێواز بتوانێت خۆی بگرێت، گەیشتن بە یانە گەورەكان و ئەستێرە گەورەكانی جیهان، شرۆڤەی ناوازە و پڕ زانیاری. بەداخەوە ئەوە ئێستا لە توانای ئێمەدا نەبوو. هەركاتێك ئەو توانایەمان هەبێت، بێگومان دەبێ جارێكی دیكە دەست بە دەركردنەوەی (رووداوی وەرزشی) بكەینەوە. چونكە هەواڵی وەرزشی ئێستا دوای یەك كاژێر بۆ نەوەی نوێ لە خوێنەرانی وەرزشی زۆر كۆن دەبێت، بۆیەش رۆژنامەی وەرزشی پێویستی بە شێوازێكی دیكەیە. رووداو و خوێنەرانی وەرزشی لە كوردستان هەر لەسەرەتاوە بەهۆی (رووداوی وەرزشی)یەوە پەیوەندییەكی زۆر خۆشیان هەیە ، باوەڕدەكەین كە بە گوێزرانەوەی تواناكانی كاك ئیحسانی وەرزشی بۆ دیسكی وەرزشی لە تۆڕی میدیایی رووداو ، توانای رووداو لەو بوارەدا باشتر دەبێت و پەیوەندییەكەمان باشتر دەبێت . سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بە خوێندنەوەو سەرنجەكانیان بە درێژایی تەمەنی (رووداوی وەرزشی ) لەگەڵمان بوون و هاوكاریانكردین . دەمانەوێ لەمەودواش دڵگەرمانەتر پێكەوەبین . سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بەشداربوون لە دەركردن و بڵاوكردنەوە و خۆشویستنی (رووداوی وەرزشی)دا.