رووداو – هەولێر
تەمەنی 22 ساڵە و هەڵەبجەییە، بەڵام لە ستۆكهۆڵم لەدایكبووە. سانا مەحموود لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ بەشداریی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان گەڕایەوە هەولێر، دواتریش خۆی ناونووس كرد بۆ كێبڕكێی شاجوانی كوردستان بۆ ساڵی 2018. سانا كە ژمارە 13ی لە مەچەكی بەستبوو، لەگەڵ 13 كچی دیكە كێبڕكێی لەسەر ناسناوەكە دەكرد، ئەو قسە باوەی بەتاڵ كردەوە كە دەڵێت 13 ژمارەیەكی شوومە و شەوی 21/12/2018 تاجی شاجوانی كوردستانی لەسەر نا.
رووداو: ئەگەر خوێنەران بیانەوێت پڕۆفایلی تۆ بزانن، چۆن باسی خۆت دەكەی؟
سانا مەحموود: ناوم سانا مەحموودە، لە هەڵەبجە لەدایكبووم. تەمەنم 22 ساڵە، باڵام 168 سانتیمەترە، لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوێد دەژیم، حەزم لە نمایشكاری جلوبەرگە، شارەزایی زۆرم لە سەماكردن هەیە.
رووداو: ئەو ماوەیە كە شاجوانی كوردستانیت لە كوێ دەبیت؟ دەگەڕێیتەوە سوێد؟
سانا مەحموود: ئەو ساڵە لە هەولێر دەمێنمەوە و خەریكی پرۆژەكانم دەبم. جار جارەش دەگەڕێمەوە ستۆكهۆڵم.
رووداو: شاجوانی كوردستان لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ چۆن خۆت ناونووس كرد؟
سانا مەحموود: شاجوانی كوردستان پڕۆسەیەكی جوان و مۆدێرنە، سوپاس بۆ رێكخەرانی پڕۆژەكە، من بۆ بەشداریی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان هاتمەوە هەولێر، دواتریش خۆم بۆ بەشداری لە شاجوانی كوردستان تۆماركرد و بەربژێر بووم. دواتریش سوپاس بۆ خوا ناسناوەكەم بردەوە، من شانازی بە خۆم و كچانی هەر چوار پارچەی كوردستانەوە دەكەم، شاجوان دەبێت پارێزەری ناسناوەكە بێت، هەروەها دەبێت خزمەتكاری خەڵكی كوردستان بێت.
رووداو: كار و پڕۆژەكانت لە چ بوارێك دەبێت؟
سانا مەحموود: دەمەوێت پڕۆژەكانم زیاتر لە بواری منداڵان بێت، كار و خزمەت پێشكەشی منداڵان بكەم، چونكە منداڵانی كوردستان شایستەی باشترین ژیانن.
رووداو: تۆ كە یەكەم شاجوانی خەڵكی هەڵەبجەیت، پڕۆژەت بۆ هەڵەبجە دەبێت؟
سانا مەحموود: من فەخر و شانازی بە خەڵكی هەڵەبجەوە دەكەم، شانازی بەخۆشمەوە دەكەم كە خەڵكی هەڵەبجەم، بێگومان پڕۆژەی تایبەتم بۆ هەڵەبجەییەكان و بۆ شاری هەڵەبجەش دەبێت.
رووداو: تا ئەو كاتەی كە بوویت بە شاجوانی كوردستان هیچ جوانكارییەكت نەكردبوو؟.. بۆتۆكس یا فیلەر؟
سانا مەحموود: نەخێر هیچ جوانكارییەكم نەكردووە، چونكە متمانەی تەواوم بە روخساری خۆم هەبووە.
رووداو: لە داهاتوودا نەشتەرگەریی جوانكاری دەكەیت؟
سانا مەحموود: نەخێر، من متمانەی تەواوم بە جوانییە سروشتییەكەی خۆم هەیە، بۆیە هیچ پلانێكم نییە بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی جوانكاری بكەم، خۆم جوانم و پێویستم پێی نییە.
رووداو: شاجوان لە سۆشیالمیدیا هەمیشە هێرشی دەكرێتە سەر، بەشێك لە خەڵكی كوردستان ئەم پرۆسەیە و ئەو كەسەی كە ناسناوەكە بەدەست دەهێنێت رەتدەكەنەوە، تۆ تا چەند بۆ ئەوە ئامادەیت؟
سانا مەحموود: من دەڵێم رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان رێوڕەسمێكی مۆدێرن و نوێیە، لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا ئەم رێوڕەسمانە دەكرێن، بۆیە دەبێت لە كوردستانیش هەبن. هەروەها من بۆ هێرشی خەڵكی لە سۆشیالمیدیا زۆر ئامادەم، من كچێكی بەهێزم و دەتوانم بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستم و بە كار و پرۆژەكانم وەڵامیان بدەمەوە، بۆیە ئەوانە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر من نابێت.
رووداو: چیت هەیە بۆ شاجوانانی پێش خۆت؟
سانا مەحموود: هەموویان كچی باش و بەهێز و سەركەوتوو بوون، هەموو پێكەوە بەردەوام دەبین لە هەڵگرتنی پەیامی شاجوانی كوردستان. خۆشەویستیم بۆ هەموویان هەیە.
رووداو: بنەماڵەكەت تا چەند پشتیوانت بوون بۆ ئەوەی ببیتە شاجوان؟
سانا مەحموود: بێگومان ئەگەر ئەوان پشتگیرییان نەكردبام نەمدەتوانی بەشداربم و سەركەوتوو بم، ئێمە ماوەی چەند ساڵە لە سوێد دەژین، هەموویان زۆر پشتگیری منیان كرد تا بەشداری بكەم، ئێستاش كە سەركەوتنم بەدەستهێناوە، بەشێكی بەهۆی پشتگیریی خێزانەكەمە.
رووداو: حەز دەكەی تەنیا شاجوان بیت یان دەتەوێ ببیتە ئەكتەر یان گۆرانیبێژ؟
سانا مەحموود: من ئەمساڵ تەنیا شاجوان دەبم، دواتریش حەز دەكەم وەك نمایشكارێكی پڕۆفیشناڵی جلوبەرگ بەردەوام بم.
رووداو: لە سوێد چیت كردووە؟ هیچ كار و پڕۆژەت هەبووە؟
سانا مەحموود: لە سوێد زیاتر خەریكی خوێندن بووم، ئێستاش هەر لە قۆناغی دواناوەندی دەخوێنم لەوێ، لە زۆر فێستیڤاڵ وەك نمایشكاری جلوبەرگ بەشداریم كردووە.
رووداو: چەند زمان دەزانیت؟
سانا مەحموود: كوردی، ئینگلیزی و سوێدی، حەز دەكەم خۆم فێری عەرەبیش بكەم.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)