ئەمە دوایین هەڤپەیڤینی ژالیا سیروان دەبێ وەكو شاجوانی كوردستان، چونكە رۆژی 20ـی ئەم مانگە شاجوانێكی تازە بۆ كوردستان هەڵدەبژێردرێ. ژالیا كە دوو ساڵە تاجی شاجوانی لەسەرە و لە ساڵی 2016 بە شاجوانی كوردستان هەڵبژێردرا، دەڵێت پرۆژەیەك بەناوی "خەمی ژالیا بۆ شەهیدان" رادەگەیەنێ. هەروەها دەڵێت ئەو ماوەیەی شاجوان بووە چەندین جار لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڕەشەی لێكراوە، بەڵام ئەو بەنیاز نییە كوردستان جێبهێڵێت و دەڵێت لە "ئارامترین پایتەختی دونیا" دەژیم.
رووداو: لەو دوو ساڵەی رابردوو كە شاجوان بوویت، چیت كردووە و كام لەو پڕۆژانەت جێبەجێ كردن كە پێشتر بەڵێنت دابوو؟
ژالیا سیروان: من لە ساڵی 2016 بووم بە شاجوان، بۆیە بەپێی پێویست نەمتوانی ئەو پڕۆژانەی كە پلانم بۆ دانابوون جێبەجێیان بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پڕۆژەی خێرخوازیم جێبەجێ كردوون. دیارترینیان كە من شانازی پێوە دەكەم، پڕۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بوو بۆ ئاوارەكان. بۆ ئەم پڕۆژەیە سەردانی فەرەنسام كرد و وەك نوێنەری كوردستان لەوێ پڕۆژەكەمان راگەیاند، ئێستاش دڵخۆشم كە ئەم پڕۆژەیە كاری لەسەر دەكرێت و لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە.
رووداو: دوای هەڵبژاردنی شاجوانی تازە، لە پرۆژە خێرخوازییەكانت بەردەوام دەبی؟
ژالیا سیروان: بەڵێ، پرۆژەم زۆرن، گرنگترین پرۆژەش كە بیرم لێكردووەتەوە راگەیاندنی پرۆژەی "خەمی ژالیا بۆ شەهیدان"ە.
رووداو: لە چەند رۆژی داهاتوودا شاجوانی نوێ هەڵدەبژێردرێت، خەڵكی پێیانوایە كچە بەربژێرەكان لەو ئاستە نین، تۆ بۆ ئەمە چی دەڵێی؟
ژالیا سیروان: نا من بۆچوونێكی دیكەم هەیە. ئێمە جارێ هیچكام لە كچە كاندیدەكان ناناسین، تەنیا لە چەند راپۆرتێكی كورتی تەلەڤزیۆنی دەركەوتوون، بۆیە ناكرێ بڕیاریان لەسەر بدرێت، من پێموایە ئەوانەی بەربژێركراون زۆر باشن و هیوادارم ئەو كچەی كە دەبێتە شاجوانی كوردستان بتوانێت بە باشی كارەكانی بكات و سەركەوتوو بێت.
رووداو: تا چەند پشتگیر و هاوكاری شاجوانی نوێ دەبیت؟
ژالیا سیروان: تا ئەو رادەیەی بتوانم پشتگیری دەكەم.
رووداو: لە ماوەی رابردوو دوای كوژرانی تارا فارس خانمە نمایشكاری عێراقی لە بەغدا، بەشێك لە كچە كوردە ناسراوەكانیش گوتیان كە هەڕەشەیان لێكراوە، هەندێكیشیان كوردستانیان بەجێهێشت، ئایا تۆ هەڕەشەت لێكراوە؟
ژاڵیا سیروان: بەڵێ، چەندین نامەم بە كوردی و بە عەرەبی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێدەگات كە هەڕەشەی كوشتن دەكەن، بەڵام من هەستدەكەم لە ئارامترین پایتەختی دونیا دەژیم كە هەولێرە، ئەمەش لە سایەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، بۆیە هەرگیز گوێم بە هەڕەشەكان نەداوە و بیرم لێی نەكردووەتەوە، هەرگیزیش نامەوێت كوردستان بەجێبهێڵم.
رووداو: دەگوترێت بەر لەوەی ببیتە شاجوان شووت كردووە و جیابوویتەوە، ئەمە راستە؟
ژالیا سیروان: نا، بەهیچ شێوەیەك راست نییە.
رووداو: یەكێك لە مەرجەكانی مانەوەت وەك شاجوان ئەوە بوو كە نابێت شوو بكەیت، ئێستا كە ئەو مەرجە نامێنێت، بیرت لەوە كردووەتەوە بچیتە قۆناغێكی دیكەی ژیان؟
ژالیا سیروان: دوای هەڵبژاردنی شاجوانی نوێ من ئازادتر دەبم، بابەتی شووكردن و چوونە ژیانی هاوژینی شتێكە پەیوەندی بە قسمەت و نسیب هەیە، بۆیە ناتوانم بڵێم شوو دەكەم یان نایكەم، بەڵام ئازاد دەبم لەوەی شوو بكەم.
رووداو: یەكێك لە مەرجەكانی بوون بە شاجوان ئەوەیە كە نابێ نەشتەرگەریی جوانكاریت كردبێ، دەڵێن ژالیا سیروان زۆرترین نەشتەرگەریی جوانكاری كردووە و روخساری بەتەواوی گۆڕیوە؟
ژالیا سیروان: من كاتێك بووم بە شاجوان هیچ نەشتەرگەرییەكم نەكردبوو، ئەمەش یەكێك لە خاڵەكان بووم كە من بتوانم ناسناوەكە بەدەستبهێنم، بەڵام دوای ماوەیەك زۆر نامورتاح بووم لەگەڵ لووتم، بۆیە بڕیارم دا نەشتەرگەری جوانكاریی لووت بكەم، لەگەڵ هەندێك فیلەر كە ئەویش زۆر شتێكی ئاساییە. بەڵام ئەو نەشتەرگەرییە هۆكار بوو بۆ ئەوەی شێوەی دەموچاوم بە تەواوی بگۆڕێت، ئەگەر نا جگە لە لووتم هیچ نەشتەرگەرییەكی دیكەی جوانكاریم نەكردووە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)