رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە گۆرانیگوتن چەندین سوودی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشی پارکینسۆنیان هەیە.
توێژەرەکانی زانکۆی ئایاوا لە ئەمریکا دەڵێن گۆرانیگوتن لە تووشبووانی پارکینسۆندا کۆنترۆڵی هەناسەدان و قوتدان باشدەکات، جووڵەیان نەرمونیانتردەکات و گوشاری دەروونییان کەمدەکاتەوە.
ئەلیزابێس ستیجمۆڵەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە فیزیۆلۆجیای جووڵەیی و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە، دەڵێ لە توێژینەوەکەیاندا بۆیان دەرکەوتووە گۆرانیگوتن لە تووشبووانی پارکینسۆندا هاوشێوەی دەرمان کاریگەر بووە لە کەمکردنەوەی نیشانە نەخوازراوەکانی نەخۆشییەکەدا.
ستیجمۆڵەر ئەنجامی توێژینەوەکەی لە کۆنفرانسی ئەمساڵی کۆمەڵەی دەمارناسانی ئەمریکا (Society for Neuroscience 2018 conference) پێشکەشکرد.
ستیجمۆڵەر دەڵێ "ئێمە هەموو هەفتەیەک دەیانبینین کاتێک گۆرانیگوتنە بەکۆمەڵەکەیان تەواودەکەن. هەست بە باشی دەکەن، میزاجیان باشدەبێ. هەندێک نیشانەی وەکوو دەستلەرزین و تێکچوونی هەنگاونانیان بەرەوباشی دەچن، تەنانەت هەندێکیان پێشووتر وەکوو پێویست سوودیان لە دەرمانەکانیان نەبینیبوو".
بەڵام لە توێژینەوەکەدا هۆشداری دراوە کە ئەم ئەنجامە دەستکەوتوانە هێشتا بە سەرەتایی دادەنرێن و پێویست بە توێژینەوەی زیاتر و گەورەتردەکات بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە.



