رووداو-سلێمانی
ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوژی لەنێو منداڵ و نەوجەوانانی ژاپۆندا ریکۆردی شکاند لە 30 ساڵی رابردوودا و گەیشتوووەتە بەرزترین ئاست، وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆن ئاشکرایدەکات.
بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە لەنێوان ساڵانی 2016-2017 دا ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی خۆیان کووشتووە گەیشتووەتە 250 حاڵەت.
لە ساڵی 1986 ەوە هیچ ساڵێک هێندە منداڵ و نەوجەوان ژاپۆنی لە ساڵێکدا خۆیان نەکوشتووە.
هۆکاری خۆکوژییەکان دەگەڕێنەوە بۆ؛ گرفتی خێزانی، نیگەرانیی لەبارەی ئاییندە و هەروەها توانجلێدان لەلایەن کەسانی دەوروبەر.
لەو 250 کەسەی لەو ساڵەدا خۆیان کوشتووە، 140 کەسیان هیچ هۆکارێکی دیاریکراو نابینرێتەوە لەپشت روودانیان.
زۆربەی ئەوانەی خۆیان کوشتووە خوێندکارانی ئامادەیی بوون، کە تەمەنیان خوار 18 ساڵانە.
لەساڵی 2015 ژاپۆن لەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین حاڵەتی خۆکوژییان تێدابووە، بەڵام پاش هەندێک هەنگاو و رێوشوێنی نوێی پەیوەندیدارانی ژاپۆن، رێژەکە بەرەو کەمی چوو، ئەوەش بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی.
ساڵی 2017 لە سەرتاسەری ژاپۆن 21 هەزار کەس خۆیان کوشتووە، ئەوەش کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە بەروراد بە ساڵی 2003 کە تێیدا 34 هەزار کەس خۆیان کوشتبوو.
کەمبوونەوەی رێژەی گشتیی خۆکوژی، لەنێو منداڵ و نەوجەواناندا رەنگدانەوەی نەبووە و تاوەکو ئێستا خۆکوژی هۆکاری سەرەکی مردنی منداڵ و نەوجەوانە ژاپۆنییەکانه.
نۆریاکی کیتازاکی، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆن، دەڵێ "ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوژی لەنێو خوێندکاراندا بە بەرزی ماوەتەوە، ئەوەش زەنگی مەترسییە و دەبێ بەرەنگاری ببینەوە".



