رووداو-سلێمانی
چینی ئۆزۆنی پارێزەری زەوی لە چاکبوونەوەدایە لەو زیانانەی تێیکەوتبوو، راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان وادەڵێ.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە چینی ئۆزۆن تەنک بووبوو. زانایان لە هەموو لایەکی جیهانەوە زەنگی مەترسییان لێدا و ئەوەش وایکرد وڵاتان بکەونەخۆ و ئەو ماددە کیمیاییانە سنووردار بکەن کە زیان لە چینی ئۆزۆنی بەرگەهەوای زەوی دەدەن.
لە ئەنجامی رێوشوێنەکانی وڵاتان، ئێستا ئەو چینە لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە و پێشبینیدەکرێ چینی ئۆزۆنی داپۆشەری نیوەی باکووری زەوی لە 2030 یەکاندا تەواو چاکببێنەوە، ئەو کونەش کە لە چینی ئۆزۆنی ئاسمانی بەستەڵەکی باشوور درووستبووە لە 2060 کان چاکببێتەوە، ئەوەش بەپێی خەملاندنێکی زانستیی نیودەوڵەتی کە دووشەممە 5ی نۆڤەمبەر لە کۆنفرانسێکی ژینگەیی لە شاری کویتۆی ئیکوادۆر خوێنرایەوە.
پۆڵ نیومان، یەکێک لە ئامادەکارانی راپۆرتە زانستییەکەی یو ئێن و پسپۆڕی زەویناسی لە ئاژانسی ناسا، دەڵێ "ئەگەر ماددەکانی تەنککەرەوەی ئۆزۆن بەردەوام لە زیادبوون بوونایە، کاریگەری زۆری خراپی ئەوەمان بە چاوی خۆمان دەبینی. بەڵام باش بوو ئەوەمان راوەستاند".
چینی ئۆزۆن لە سەرەوەی بەرگەهەوای زەوییەوە رێگریدەکات لە هاتنی زیادی شەپۆلە سەروو وەنەوشەییەکان کە هۆکارێکی سەرەکی تووشبوونن بە شێرپەنجەی پێست و ئاوی سپی چاو، هەروەک دەبنە مەترسی بۆ سەر بەرهەمە کستوکاڵییەکان و چەندین زیانی دیکەشیان لێدەکەوێتەوە.
لە ساڵی 1990 دۆخەکە زۆر خراپ بوو، 10%ی چینی ئۆزۆنی زەوی تەنکبووبوو. بەڵام دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکان لەلایەن وڵاتانەوە بە قەدەخەکردنی ماددە (کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن)ـەکان ئەو چینە دەستی بە ژیانەوە کرد و بەپێی راپۆرتە نوێیەکە لە ساڵی 2000 ەوە ئەو چینە بە راددەی 1-3% دەستی بە چڕبوونەوە و باشبوونەوە کردووە.
هەروەها ئەو کونەی لە چینی ئۆزۆنی سەر ئاسمانی بەستەڵەکی باشوور درووستبووبوو لە ساڵی 2006 بە رووبەری 29.6 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، کەچی ئێستا بچووکبووەتەوە بۆ 24.8 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە، واتە بە راددەی 16% بچووکبووەتەوە.
چینی ئۆزۆن 10 کیلۆمەتر لە سەرووی رووکاری زەوییەوە دوورە و بێڕەنگە.
نیومان دەڵێ ئەگەر لە کۆنگرەی مۆنتریاڵ لەساڵی 1987 ماددەکانی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان قەدەخە نەکرانایە و و وڵاتان پابەندنەبوونایە بە رێوشوێنەکان، ئەوە تاوەکوو ساڵی 2065 رێژەی 66%ی چینی ئۆزۆن لەدەستدەچوو.
بەڵام ئێستاش هەندێک پیشەسازی هەن لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە ماددە کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان دەکەنە بەرگەهەوای زەوی و ئەوانەس دیسان مەترسی لەسەر چینی ئۆزۆن درووستدەکەنەوە.
نیومان دەڵێ سەرگرتنی تەواوی هەوڵە جیهانییەکان و تەواو چاکبوونەوەی چینی ئۆزۆن دەکەوێتە 2060ـەکان، واتە نەوەکانی ئێمە ئەو کارەی ئێستای ئێمە تەواودەکەن.



