رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە زیاتر لە 88%ی نەشتەرگەرییەکانی لابردنی ئاڵووەکان (لەوزەتێن) پێویست نین، پسپۆڕانیش دەڵێن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەشتەرگەرییەکە زیانی لە سوودی زیاترە.
وەک توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە لە نیسانی 2016 تاوەکوو ئاداری 2017 لە ئینگلتەرا 37 هەزار نەشتەرگەریی لابردنی لەوزەتێن ئەنجامدراون کە تێچووەکەیان 55 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەوان بۆیان دەرکەوتووە زۆرینەی رەهای نەشتەگەرییەکانی لابردنی لەوزەتێن لە ئینگلتەرا لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا، جا لە کەرتی تایبەت ئەنجامدرابن یان کەرتی گشتی، لەڕووی زانستییەوە پێویست نەبووە ئەنجامبدرێن.
د. تۆم مارشاڵ، پرۆفیسۆری تەندروستی کۆمەڵگە و چاودێریی سەرەتایی لە زانکۆی بێرمینگهام و یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە، دەڵێ "ئەگەر منداڵەکەت زۆر بە توندی تووشی هەوکردنی ئاڵووەکان بووبوو، ئەوە هەندێک سوودی هەیە نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێ، بەڵام منداڵیش هەن زۆر بە سەختی تووشی هەوکردنی ئاڵووەکان بوون و نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەنجامنەدراوە و تووشی هیچ کێشەیەکی ئەوتۆش نەبوون".
سەرەتای ئەمساڵ دامەزراوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی نیشتیمانیی (NHS) بەریتانی رایگەیاند کە کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لابردنی لەوزەتێن دەکات.
مارشاڵ و هاوپیشەکانی لە توێژینەوەکەیاندا، کە لە جۆرناڵی زانستی (British Journal of General Practice) بڵاویانکردووەتەوە، سوودیان لە داتا تەندروستییەکانی ملیۆنێک و 600 هەزار منداڵ وەرگرتووە لەنێوان ساڵانی 2005-2016.
لەنێو ئەو منداڵانەدا نەشتەرگەری لابردنی لەوزەتێن بۆ 18,281 منداڵ ئەنجامدراوە، کە زۆرینەی رەهایان ئەو نیشانانەیان تێدا نەبووە کە تێیاندا لەڕووی زانستییەوە وا باشترە نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدرێ.
وەک لە توێژینەوەکەدا روونکراوەتەوە، لەنێو ئەو نەشتەرگەرییانەدا، تەنیا 2,144 حاڵەتیان لەڕووی زانستییەوە پێویست بووە ئەنجامبدرێن.



