رووداو - دهۆک
بەشێکی رزگارکراوانی کوردانی ئێزدی لە بارودۆخێکی دەروونی خراپدان و، رۆژە سەختەکانی ژێر دەستی داعش لە بیرەوەرییەکانیاندا ماوەتەوە، بۆیە دوای رزگارکردنیان هەوڵدەدرێت کەشێکی گونجاویان بۆ دابین بکرێت.
ئەحلام، زیاتر لە ساڵێکە لە دەستی داعش رزگاری بووە، لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو بە برینداری لە موسڵ گەڕایەوە. ئەحلام کچە کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش لە تەمەنی 13 ساڵیدا کەوتبووە دەستی چەکدارانی ئەو رێکخراوە.
ئەحلام خێرۆ، رزگاربووی دەستی داعش دەڵێ "دڵنیام ئێمە هەرگیز ئەو رووداوانە لەبیرناکەین کە داعش بەسەر ئێمەیدا هێنا. ئەوان گرتیانین، فرۆشتیانین، لێیانداین، ئێمەیان ترساند و برسییان کردین".
ئەو کوردە ئێزدییانەی رزگار دەبن، یەکەمجار دەبرێنە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، تاوەکو ئێستاش هەزار و 853 کەس حاڵەتی دەروونییان دەستنیشانکراوە.
هۆزان ساڵح، دەروونناسە و دەڵێ "ئێمە پشکنینمان بۆ حاڵەتی دەروونی نزیکەی هەزار کەس کردووە. دۆخی دەروونییان باشە، بەڵام ئەوانەی پێویستییان بە چارەسەری دەروونی هەبووە، رەوانەی نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەتمەندی چارەسەری دەروونیمان کردوون".
لەماوەی هێرشی داعش، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندران و، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 315 کەس لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدییەوە رزگارکراون.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار



