رووداو - هەولێر
تا دێت ناكۆكیی لایەنە عێراقییەكان بە تایبەت لە نێوان شیعە و سوننە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق توندتر دەبێت، حكومەتی عێراقی كە شیعە تێیدا باڵادەستە، سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە 12/5/2018، بەڵام سوننە داوای دواخستنی دەكەن.
پەرلەمانتارێكی گۆڕان: هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بكرێت دانوستاندنی هەولێر و بەغدا دوادەخرێت

رۆژی 13/1/2018 دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوونەوە، بەڵام لەسەر پرسی یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، بۆیە ئەو پرسە بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "كورد كێشەی نییە لە كاتی دەستووری خۆی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچێ، بەڵام عەرەبی سوننە داوای دواخستنی بۆ ماوەی شەش مانگ دەكەن، شیعەكانیش دەیانەوێ هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بەڕێوەبچێ".
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێت "كێشە تەنیا لە نێوان شیعە و سوننەدا نییە، بەڵكو نێو ماڵی شیعەكانیش گرفت و كێشەیان هەیە، ئەوانیش بەشێكیان لەگەڵ دواخستن بوون، بەڵام لە ترسی شەقام و موزایەدە نایانەوێ راشكاوانە باسی بكەن".
پەرلەمانتارێكی سوننە: داوامان كردووە هەڵبژاردنەكان بۆ 6 مانگ دوابخرێت

سوننەكان پاساوی خۆیان هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و دەڵێن باری ئەمنی ناوچەكانیان لەبار نییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. تەڵال زوبەیعی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی عێراقیە بە (رووداو)ی راگەیاند "ناوچەكانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون، خەڵك بە تەواوەتی نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان، هێشتا بەتەواوەتی ئەو ناوچانە ئاسایشیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بۆیە داوامان كردووە لانیكەم هەڵبژاردن بۆ شەش مانگ دوابخرێ، تا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی دەكرێتەوە".
بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی 56ی دەستووری عێراق، خولی پەرلەمانی عێراق چوار ساڵە، حكومەتی عێراق و هێز و لایەنە شیعییەكان سوورن لەسەر بەرێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لە وادەی دیاریكراوی خۆی.
بەختیار شاوێس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت "شیعەكان ترسیان هەیە دواخستنی هەڵبژاردن ببێتە دیاردە وەكو لوبنان كە چەندین ساڵ دوابخرێ، بۆیە لە روانگەی دەستوورەوە ئەو قسەیە تەواوە كە پێویستە لە كاتی خۆی هەڵبژاردن بكرێ، بەڵام ناوچە سوننییەكان هێشتا ئاوەدان نەكراونەتەوە و خەڵكەكەشی زۆربەی نەگەڕاونەتەوە".
پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەو باوەڕەدایە كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكرێ. مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری گۆڕان بە (رووداو)ی گوت: "سوننە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن سوورە، بەڵام ئەگەری زۆرە حكومەت بۆ لاوازكردنی هەڵوێستی پەرلەمان پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببات تا بڕیار بدات هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بەڕێوەبچێ".
تەڵال زوبەیعی كە پەرلەمانتارێكی سوننەیە، پێیوایە عەرەبی سوننە بەناچاری بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات و دەڵێ "بۆ ئەوەی عەرەبی سوننە بە پشتیوانیكردنی تیرۆر تۆمەتبار نەكرێن، ناچارن بەشداری هەڵبژاردن بكەن".
پەرلەمانتارێكی پارتی: شیعەش لەگەڵ دواخستنە بەڵام لە بەر موزایەدە داوای ناكەن
دۆخی كورد لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زۆر باشتر نییە لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە، بەتایبەتی دوای پێشلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو و ناوچەكانی دیكە كە بەهۆیەوە دەیان هەزار كەس ئاوارە بوون.
حیزبی دەعوەی ئیسلامی كە لەساڵی 2005 ـەوە دەسەڵاتی بەدەستە و سێ سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نێوماڵی ئەو حیزبەوە دەرچوون، دواجار رێككەوتن لەسەر ئەوەی بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، نووری مالیكی ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە و جێگری سەرۆككۆمار سەرۆكایەتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەكات، حەیدەر عەبادی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حیزب و سەرۆكوەزیرانیش سەرۆكایەتی هاوپەیمانی "سەركەوتن" دەكات، گرنگترین كوتلە و رەوتەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكەش بریتین لە هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری كە لە چەندین گرووپی حەشدی شەعبی پێكدێ، هەروەها رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم. تاوەكو ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە 22 حیزب و رەوت چوونەتە نێو هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی.
پەرلەمانتارێكی یەكێتی: بەشداری مالیكی و عەبادی بە دوو لیست مانای ئەوەیە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت

بەختیار شاوێس دەڵێ: "یەكلابوونەوەی مالیكی و عەبادی بۆ دروستكردنی دوو لیستی جیا مانای ئەوەیە كە شیعە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان جددین، بۆیە نایانەوێ پرۆسەكە دوابخرێت".
رێككەوتنی عەبادی و حەشد، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدری تووڕە كرد، بە جۆرێك سەدر لە بەیاننامەیەكدا ئەو رێككەوتنەی بە زەمینەسازی بۆ گەڕاندنەوەی "گەندەڵكاران" وەسفكرد.
وەرەقەی كورد یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی هەڵبژاردنە، دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی، گرتنەبەری گوتاری تووند و سەپاندنی سزا بەسەر هەرێمی كوردستاندا لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لە شەقامی شیعەدا دەنگ پەیدا دەكات.
مەسعود حەیدەر دەڵێ: "بە قەناعەتی خۆم ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت دانوستاندن و رێككەوتنی هەولێر و بەغدا دەكەوێتە دوای هەڵبژاردن و بە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو دەسپێردرێت، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت عەبادی لەگەڵ كوردستان دەكەوێتە دانوستاندن، چونكە وەرەقەی كوردی لە شەقامی شیعیدا دەنگی پێ كۆدەكرێتەوە".

.jpg&w=3840&q=75)
