شێخ ساڵەح خەڵکی سلێمانییە 37 ساڵ جگەرەی کێشاوە، لەگەڵ پرۆژەی ئەنتی تۆباکۆی رووداو تەرکی کردوە. شیخ ساڵەح چایچییە و رۆژانە 4 پاکەت جگەرەی لول داوە، دەڵێ کاتێ جگەرەم دەکێشا زۆر وڕ بووم، ئیستا کە وازم لێی هێناوە گڤەم دێ، کەیفم سازە خەوم باش بوە ئیشتهای زۆر شتم کراوەتەوە.
شێخ ساڵح، ژیانی رۆژانەی لە نێو چایخانەكەیدا بە جگەرەكێشان بەرێدەكرد، لەوكاتەوەی تۆڕی میدیایی رووداو پرۆژەی ئەنتی تۆباكۆی راگەیاند وازی لە جگەرە كێشان هێناوە، نایشارێتەوە هێشتا مەیلی بۆ جگەرە هەیە، بەڵام دەڵێ لە بریارەكەی پەشیمان نابێتەوە.
ئەو دەڵێ"كە جگەرەم دەكێشا دایمە وڕ بووم زۆر خووم پێوەی گرتبوو گەر نەمكێشایە تووشی سەرئێشە دەبووم و بێتاقەتی دایدەگرتم، بەڵام سوپاس بۆ خوا كە ئێستا وازم لێهێناوە، زۆر باشم و تەندروستیشم باشە كە ئەوانەی دەبینم لێرە جگەرە دەكێشن حەز دەكەم جگەرە نەكێشن و دووربكەونەوە".
ناو تۆماركردن لە پرۆژەی ئەنتی تۆباكۆ بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام بوو، ئێستا پرۆسەی پشكنین دەستپێكردووە، ئەوانەی هاتوونەتە ئێرە بە ئومێدی سەركەوتنن بەسەر جگەرە كێشاندا و ئامۆژگارییان هەیە ئەوانەی كە جگەرە دەكێشن.
بەشداربوویەکی پرۆژەی ئەنتیتۆ باكۆ دەڵێ" براكانم كەلەلام جگەرەدەكێشن من دوور دەكەومەوە لێیان و پێیاندەلێم ئێوەش وەك من خۆتان لەم دووكەڵ و نەخۆشییە رزگار بكەن ".
بەشداربوویەکی دیکە دەڵێ" بەهەموو ئەوانە دەڵێم كە جگەرە دەكێشن واز لە جگەرە بهێنن و هەتا زووە خۆیان رزگار بكەن بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەكان دوور بن".
توێژینەوەكان دەڵێن جگەرە كێشان هۆكاری سەرەكی تووشبوونە بە شێرپەنجەی سییەكان، هەربۆیە بەشداربووان دوو جۆر پشكنینان بۆ ئەنجام دەدرێت، لە كۆتایدا 100 خەڵات دیاریكراوە بۆ ئەوانەی لە تیروپشكی پرۆژەی ئەنتی تۆباكۆ ناویان دەردەچێت.
سەوسەن عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پشكنین،دەڵێ" ئەوانەی كە هاتوون و بەشدارن دوو جۆر پشكنینیان بۆ دەكەین یەكەم پشكنینی خوێن و پشكنینی هەناسە بۆ ئەوەی بزانین تەمەنی جگەرە كێشانیان لە نێو هەناسەدانیان چەندە و رێژەی نیكۆتین لە خوێنیاندا چەندە ئەمە بۆمان دەردەخات كە ئەو كەسە لە رووی تەندروستییەوە دۆخی چۆنە".
ژمارەی بەشداربووانی پرۆژەی ئەنتی تۆباكۆی تۆری میدیایی رووداو لە شاری سلێمانی لە كۆی 700 كەس كە ناویان تۆمار كردبوو 421 گەیشتنە قۆناغی پشكنین.



