بزووتنەوەی گۆڕان بەهەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، سەرکەوتنێکی سەنگین و ستراتیجی بەدەستهێناوە، لیرەدا ئاماژە بە هەندێک لە خاڵە سەرەکییەکان دەکەین.
1. بزووتنەوەی گۆڕان توانی رێکخەرێکی نوێ هەڵبژێرێت، لەکاتێکدا حزبێکی وەک یەکێتی نیشتمانی، کە سەرکردەکانی هاوڕێی تەمەنی سەرکردەکانی گۆڕانن و لەیەک زەمەن و کولتوور و رێکخستندا پەروەردە بوون، نەیانتوانیوە تا ئێستا شوێنی جەنابی مام جەلال" تەندروستی هاوکاری ناکات بۆ راپەڕاندنی کارەکانی" پڕ بکەنەوە. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەنجامی باشی خەباتی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا لەسەر حیزبەکەی.
2. سەرکردە بەتەمەن و خاوەن ئەزموونەکان پشتیان نەکردە بەرپرسیارێتی و غیابی رەوانشاد، نەوشیروان مستەفایان نەکرد بە بیانوو تا وەک هەر کەسێکی دیکە خەریکی ژیانی تایبەت و خۆشییەکانی خۆیان بن. ئەوان جوامێرانە شانیان دایەوە بەر بەرپرسیارێتییەکی قورستر لە زەمەنێکی ئاڵۆزتر و بەرگەی ئەو هەموو رەخنەیان گرتووە کە لێیان گیراوە. بیرمان نەچێت رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، شوێنی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە نەک ئیمتیازات. ئیمتیازات لەناو حکومەت و دەزگاکانی دەوڵەتدایە و ئەمان بەهیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە خۆیانی بۆ کاندید بکەن.
3. ئەم دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی کوردستان، پێویستی بەم زاتانە بوو "سەرەڕای تێبینی لەسەریان"، ساڵەهای ساڵە ئەم بەڕێزانە شەڕ و ئاشتی و مفاوەزات و تەشکیلکردن و هەڵوەشاندنەوە دەکەن لەگەڵ یەکێتی و پارتی و دەست و فرت و فێڵ و مناوەرە و موبادەرەی یەکتری دەزانن، ساڵەهای ساڵە موخابەراتی ئەم وڵات و ئەو وڵات دەبینن و بەرچاو رۆشنن لەوەی روودەدات، بۆیە بوونی ئەم زاتانە لەم دۆخەدا، زەرورەتێکی کاتییە و ئەو رۆڵە گرنگەی ئێستا دەیبینن، مەرج نییە لە زەمەنێکی دیکە هەیانبێت. دیسانەوە خۆپاڵاوتنیان بۆ هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە جێی دەستخۆشییە.
کەسیش ریگەی لە گەنجە زیرەک و دڵسۆزەکان نەگرتووە کە راوێژی باش و بەرچاورۆشنی زیاتر بدەن بەم زاتانە، گەنجێک لە یەک رۆژدا دەتوانێت هەموو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی ببینێت و قسەی خۆی بکات و شەویش لەمیدیاکانی سەر گردەکەوە رەخنەی خۆی بگرێت بێ ئەوەی کەس بتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات. ئەمە جیاوازییە جەوهەریەکەی حیزبەکەی کاک نەوشیروانە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە.
4. رەوانشاد، نەوشیروان مستەفا، بەجۆرێک رەنگڕێژی ئەم حیزبەی کردووە، هەمیشە گەنجەکان لێی سوودمەند بن، چونکە خانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتی و نیشتمانی، هەموو بەرپرسیارێتییەکان هەڵدەگرن و دوو رۆژی دیکە بۆ پلە و پۆستەکان، چەندان گەنجی جوامێری وەک یوسف محەممەد و هەڤاڵ ئەبوبەکر و هاوڕێکانیان کاندید دەکەن و دەیانکەنە رەمز. بۆیە خوێندنەوەی ئەم رووداوە مێژووییە بەچاوی ئەوەی کێ گەنجە و کێ پیرە، بۆ گەنجی تێدا نییە، کوان گەنجەکان، خوێندنەوەیەکی سەتحی و هاوکات تێنەگەشتنیشە لە بزووتنەوەی گۆڕان.
5. دەرچوونی ئەم زاتانە، خزمەتێکی گەورە دەکات بە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی و ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دەکات، چونکە ئەمانە پیاوی سیاسەت و ئیدارەدانی ململانێن، نەک نووسەر یان فەیسبووکنووس و راوچی کۆمێنت و لایک. ئەوەی کە وەک رۆژ رووناکە، هیچ کەسێک لە گۆڕان ناتوانێت تەنازول لە کەرامەتی بزووتنەوەکە و مەبادیئەکانی بکات بەناوی سیاسەت و مفاوەزاتەوە، بەڵام دیسانەوە کەسێک سیاسی بێت و سیاسەت بکات دنیابینی روونترە بۆ پرۆسە سیاسییەکان تا گەنجێک لە دڵی پاک و گەرمی خۆیەوە لە رووداوەکان دەڕوانێت.
6. دەرچوونی ئەم زاتانە، ئەگەری شەڕی ناوخۆ و هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناوی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەک و یەکێتی و پارتی لەلایەکی دیکە کەم دەکاتەوە. لەبیرمە چەند جارێک کە دۆستەکانم لە هەولێرەوە دەهاتن بۆلای رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا، هەمیشە ترسی شەڕی ناوخۆیان هەبوو، کاک نەوشیروان دڵنەوایی دەکردنەوەو دەیگوت کاتی خۆی بۆ گرتنی چەند تەپۆڵکە و گوندێکی بچووک و رزگارکردنی لەدەستی بەعس، چەندەها قارەمان و جوامێر گیانی خۆیان فیدا دەکرد، بۆیە ئێمە زیاتر نرخی ئەم خاکە ئازادکراوە دەزانین و دەبێت بیپارێزین.
رەوانشاد تا لەژیاندا بوو، چەندین جار شەڕیان بۆ هێنا ناو ماڵ و ژوورەکەی، بەڵام ئەو لەبەر خوێنی شەهیدان و کەرامەتی میللەتەکەی خۆی لی دوور گرت. دەیان دیمەنی ئازاردانی گۆڕانخوازەکانم لەبیرە، ئەشمزانی دەستکردنەوەی گۆڕان، چەند گورچکبڕە، کاک نەوشیروان خەباتی مەدەنی پڕ ئازاری هەڵبژارد و دڵنیام ئەم دەستە نوێیەش بەهەمان رێگادا دەڕۆن و لە "شەڕی ویستراو"ی ئەوانی دیکە خۆیان دەپارێزن.
7. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم سەرکەوتنە، درووست نەبوونی بەرپرسی بندیوار بوو. واتە گەنجێک بهێنیت بەناوی ئەوەی نەوەی نوێیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی بدەیتێ، بەڵام پیرێک لە پشتەوە قورمیشی بکات و ئاراستەی بکات. ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە، رێگەی لەم مەترسیە گەورە گرت. درووستبوونی بەرپرسی بندیوار، رەگ و ریشەی بزووتنەوەکەی هەڵدەوەشاندەوە، چونکە لەکاتی کێشە و پلان و ئامادەکاریدا، نەتدەزانی لەگەڵ کێ قسە بکەیت، وەک شەڕی بەوەکالەتی لێدەهات، کە ماڵوێرانکەرترین شەڕ لە دنیا، شەڕی بەوەکالەتە، باشترین نمونەش، سوریا و عێراقە.
8. مرۆڤ کاتێک لە پێستی سیاسەت و ململانێ بچووکەکان دێتە دەرەوە و بەچاوی بەها و رەوشتە بەرزەکان سەیری وێنەی موبادەرەی بەڕیزان کاک عومەری سەید عەلی و کاک قادری حاجی عەلی دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی رێکخەری گشتی، دڵی خۆش دەبێت و دەگەشێتەوە. ئاخر کەسایەتییەکی نەجیبی وەک کاک عومەری سەید عەلی، هەموو ژیانی خۆی بۆ میللەتەکەی سەرف کرد، چەند جوانە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان وەفای ئەو هەموو ساڵەی خەبات، وەک مەدالیایەکی رێزلێنان لە یەخەی دەدەن. ئەمە وادەکات هەموو کەس دڵخۆش بێت بەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرەڕای ئەرکە سیاسیەکەی، نمونەیەکی جوانی بەهای لیبووردەیی و وەفاداریە بۆ پیرەکانی رێی خەبات. بیرمان نەچێت، هەڵبژاردنی کاک سەید عومەر، تەنها پەیوەندی بە تەمەن و خەباتەوە نەبووە، ئەو لە باشترینی سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکەیە بەتایبەت لە دانوستاندندا کە ئێستا گۆڕان هەر چوار دەوری بە مفاوەزات گیراوە.
9. لەماوەی رابردوودا هەڵمەتێکی زۆر تووند و بێویژدانانە کرایە سەر نەوەکانی کاک نەوشیروان مستەفا کە گوایە حیزبەکە بەرەو بنەماڵەیی دەبەن، ئەم هەڵبژاردنە دەریخست گۆڕان نە حیزبی بنەماڵەیە و نە خەڵکی زیرەک و لێهاتووی بنەماڵەشی لێ زیادە.
ئێمە دەمانزانی هەڵمەتەکە و هاندانەکە لەکوێوە سەرچاوی گرتبوو، کوڕەکان بە دانگرتن بەخۆیاندا و بزووتنەوەی گۆڕانیش بە دەستگرتن بە پەیامەکەی کاک نەوشیروانەوە، هەموو ئەو درۆ و دەلەسانەیان پووچەڵ کردەوە. ئامانج لەو هەڵمەتە تێکدانی یەکڕیزی ناو گۆڕان و درووستکردنی بەرەیەک بوو دژی نەوەکانی کاک نەوشیروان و دەرپەڕاندنیان لە کوردستان، ئەگەر ئەم پلانە گڵاوە سەری بگرتایە، سەدان هەزار دەنگدەرەی گۆڕان کە کاک نەوشیروان بۆ ئەوان رەمزێکی رۆحی و نەمرە، پشتیان لە حیزبەکە دەکرد بەبیانووی بێ وەفایی و نمەک حەرامی.


.jpg&w=3840&q=75)