رووداو- سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێشنیازی خوێندنی هاوبەشی بۆ وەزارەتی پەروەردە كردووە ، خوێندنی هاوبەش بریتییە لەوەی كە حكومەت و كەرتی تایبەت پێكەوە ئەركی خوێندن بگرنە ئەستۆ.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت ئەو كۆمپانیایەی كە لەم سیستەمەدا بەشداریی دەكات بەپێی گرێبەستێك كارمان لەگەڵ دەكات ئەویش بە دروستكردنی خوێندنگا و پێداویستییەكانی و دابینكردنی مامۆستا بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەت لە پای ئەوەدا بڕێك پارە لە قوتابی وەردەگیرێت، ئەمەش سوودی دەبێت بۆ مامۆستا و پێداویستییەكان، ئێمە لەساڵی داهاتوودا قوتابیمان زۆر دەبێت مامۆستامان كەم دەبێت و یەك دەوامیمان دەبێتە دوو و سێ دەوامی ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە لەم سەردەمی تەقینەوەی تەكنەلۆژیادا".
بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە بێت كە پێشنیازكراوە كێشەی كەمی مامۆستا و قوتابخانە و مووچە دەكەوێتە ئەستۆی كەرتی تایبەت و حكومەت پێكەوە، چارەسەركردنیان بە شێوەیەكی هاوبەش لە بەرژەوەندی پرۆسەی خوێندن دەبێت.
سەربەست كەریم ، بەرپرسی مەشق و راهێنانی پەروەردەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم سیستەمە كاریگەری لەسەر كوالێتی خوێندنی قوتابی دەبێت ، دەكرێتە خوێندنێكی نێودەوڵەتی و ئاستی بەرز دەبێتەوە، لەلایەكی دیكەوە قوتابی كاتێكی زیاتر لە نێو قوتابخانەدا دەمێنێتەوە پۆلەكانیش بەپێی ئەو سیستەمە بێت رێژەی قوتابیان كەم دەبێتەوە و بەردەوامیش مامۆستایان لە راهێنان و مەشق بەردەوام دەبن، لەبری بەپێی خزمەت حیسابی بۆ بكرێت بەپێی بەخشین كاری بۆ دەكرێت".
لەگەڵ بەرزكردنەوەی پێشنیازی خوێندنی هاوبەش زیاتر لە 5 كۆمپانیا ئامادەییان دەربڕێوە بۆ ئەوەی لەو سیستەمەدا بەشداریی بكەن ، هەروەها 44 قوتابخانەش ئامادەن كە دوای تەواوكردنیان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە سیستەمی خوێندنی هاوبەشی تێدا جێبەجێ بكرێت ئەگەرچی هەندێك لە سەرمایەداران بۆ ئەو كارە ئامادەن، بەڵام پێیانوایە ئەو سیستەمە لەم دۆخەدا ئەستەمە جێبەجێ بكرێت.
جەمال حاجی عەلی ، سەرمایەدارێکی دانیشتووی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرمایەداران بۆ ئەم كارە دەتوانن هەموو شتێك بكەن بەڵام ئەوەی كە كێشەیە خەڵك چۆن دەتوانێت ئەو ئەركە قورسە هەڵبگرێت لەم نیو مووچەیی و بێكاری و بێی ئیشییەدا ، هەیە نانی ئێوارەی نییە بیخوات هەیە 3 منداڵی هەیە ، گەر پارەكە 500 دۆلاریش بێت كە ئەمە رێژەیەكی كەمە دەبێتەی 1500 دۆلار و قورسە ئەمە بۆ خێزانەكان هەڵبسوڕێت".
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 487 هەزار و 944 قوتابی ، و 39 هەزار و 830 مامۆستا و 837 قوتابخانە حكومی و 22 قوتابخانەی تایبەت هەیە، هەربۆیە بەرپرسانی پەروەردە دەیانەوێت بەر لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن ، جارێكی دیكە كێشەكانی كەرتی خوێندن لەبەر بێ مووچەیی بەرۆكیان نەگرێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

.jpeg&w=3840&q=75)

