رووداو - سلێمانی
بۆ رازاندنەوەی ماڵەکانیان، یان بۆ بەسەربردنی کاتێکی ئارام لەدیار گوڵ و نەمامەکانیان، هاونیشتمانیان لە باشووری کوردستان روو لە شەتڵگەکان دەکەن بۆ کڕینی گوڵ و نەمام.
كامیل عومەر، 31 ساڵە دەستی لەنێو ئینجانە و گەڵا و گوڵدایە. ئەو، لە شەتڵگەیەكی بچووكەوە دەستیپێكرد، ئێستاش پرۆژەكەی گەورە بووە و، خۆی بەشێك لەو گوڵانە بەرهەمدێنێت، كە پێشتر لە ئێرانەوە هاوردەی دەكردن تەنانەت بۆ خۆڵ و پەینی نێو ئینجانەكانیش، پشتی بە خۆی بەستووە.
کامیل عومەر، خاوەنی شەتڵگە دەڵێ "لە ساڵی 1992ـوە تاوەكو 2009 ئێمە، گوڵ و نەمامەكانمان لە وڵاتی ئێرانەوە دەهێنان، بەڵام ئێستا جگە لەوەی خۆمان بەرهەمی دەهێنین، لە وڵاتی توركیا و هۆڵەنداش رێژەیەكی زۆر گوڵ هاوردە دەكەین. پێشتر زۆر داوامانكرد حكومەت زەویمان پێبدات، تاوەکو بتوانین خۆمان گوڵ بەرهەمبهێنین، بەڵام ئەوە سەرینەگرت و بۆیان جێبەجێ نەكردین، لەگەڵ ئەوەشدا خۆمان توانیمان ئەو زەوییانە بەكاربهێنین و، گوڵ و نەمام بەرهەمبهێنین".
بازاڕی گەرمی ئەمجۆرە فرۆشیارانە لە مانگی دووەوە دەستپێدەكات تاوەكو مانگی شەش، بەڵام ئێستا وەرزی گوڵە و زۆریی جۆر و رەنگاوڕەنگیان وایكردووە زۆرترین خواستیان لەسەر بێت، نرخەكانیش بەپێی ئەو وڵاتەی لێوەی هاوردە دەكرێت، دیاریدەكرێت.
حەمە ئەمین رەحمان، هاونیشتمانی دەڵێ "من، گەر بە دەستی خۆم بێت گوڵ و نەمامی خۆماڵی دەكڕم، بەڵام كە دێمە ئێرە ناتوانم تەماشای ئەو هەموو گوڵە جوانە نەكەم، كامەشیان دڵم بیگرێت ئەوە دەكڕم. نرخەكان گرانن بۆیە هەوڵدەدەم گوڵێک بکڕم کە نرخەکەی زۆر نەبێت".
گوڵ و نەمام، جگە لەوەی جوانی دەبەخشنە نێو ماڵ و كۆڵانەكان، بەشێک لە هاونیشتیمانیان بە سەرچاوەی ئارامی ژیانیانی دەزانن، بۆیە خزمەتی چەندین جۆری گوڵ و نەمام دەكەن.
كوردستان عومەر، یەکێکە لەو هاونیشتمانیانە و دەڵێ "زۆرم حەز لە گوڵە. ماڵەكەم تەنیا 100 مەترە، بەڵام توانیومە گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر بچێنم، كاتێک لەلای ئەو گوڵانە دەبم، زۆر ئارام دەبمەوە و لە هەموو بێتاقەتییەك و ژاوەژاو و هەواڵەكانیش دوور دەكەومەوە. گوڵ و نەمام هەرچۆنێك بێت: خۆماڵی یان هاوردەکراو بۆ من گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ماڵەكەم جوان دەبێت و ئارامیم پێدەدات".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، نزیكەی 200 شەتڵگەی حكومی و تایبەت لە سلێمانی هەن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئاماری هاوردەكردن یاخود بەرهەمهێنانی گوڵ و نەمام روون نییە.
بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی دڵخۆشە بەوەی ساڵانە ژمارەكە زۆرتر دەبێ، بەگوتەی ئەوان گرنگیدانی هاونیشتمانیان بەگوڵ و نەمام، وایكردووە رێژەی سەوزایی لە سلێمانی بگاتە 14%.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار



