رووداو- هەولێر
فێنك تەنیا 20 رۆژ بوو منداڵی پێنجەمی بووبوو، بەهۆی لێدانی بە شیشی ئاسن و بە بەرد لەلایەن مێردەكەیەوە، كوژرا و پۆلیسیش دەڵێ مێردەكەی سەرخۆش بووە كاتێك ئەو تاوانەكەی كردووە.
شەوی 8/1/2017، ژنێكی دانیشتووی ناحیەی دیبەگەی سەر بە شاری هەولێر بەناوی فێنك سەعید، 29 ساڵ، دوای ئەوەی لەلایەن مێردەكەیەوە بە توندترین شێوە ئەشكەنجە دەدرێ، بە پەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی دەردەچێ.
مێردەكەی بەناوی (ك.ح) كە تەمەنی 30 ساڵە و شوفێری تاكسییە، دوای رووداوەكە خۆی رادەستی پۆلیسی دیبەگە كرد.
موقەدەم ئەیوب جەوهەر، بەرپرسی پۆلیسی ناحیەی دیبەگە بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو پیاوە جارجارە مەیی خواردووەتەوە، ئەو شەوەش دوای بانگی مەغریب بە سەرخۆشی گەڕاوەتەوە و لەگەڵ ژنەكەی دەنگە دەنگیان بووە، پاشان پیاوەكە چووەتە دەرەوە و جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە و دووبارە لەگەڵ ژنەكەی بووەتەوە بە دەنگە دەنگیان، هەر لەنێو ماڵەكەیدا بە بەرد و شیش لە ژنەكەی داوە. ژنەكە دوای 12.30 خولەكی شەو لە نەخۆشخانە گیانی سپاردووە و فریای وەرگرتنی ئیفادەی نەكەوتوون.
موقەدەم ئەیوب گوتی "پیاوەكە هەر هەمان شەو هات بۆ بنكە و دەستبەسەرمان كرد، سەرەتا نكۆڵی لێدەكرد كە ژنەكەی خۆی كوشتبێت و دەیگوت شەو كاتێك هاتوومەتەوە، بینیومە لە گەرماوەكە كەوتبوو، بەڵام سەرلەبەیانییەكەی دوای ئەوەی هاتەوە هۆشی خۆی، گوتی ژنەكەی ئەشكەنجە داوە".
وەكو موقەدەم ئەیوب ئاماژەی بۆ كرد، پیاوەكە بۆ بەیانییەكەی قسەی خۆی گۆڕیوە "لەو كاتەدا زۆر پەشیمان بوو دەگریا، چونكە بە قسەی خۆی، بە مەبەستی كوشتن لە ژنەكەی نەداوە و تەنیا ویستوویەتی بیترسێنێ".
ئەو بەرپرسەی پۆلیس لە زاری تۆمەتبارەكەوە باسی كێشەی نێوان ئەو ژن و پیاوە دەكات و دەڵێت "پیاوەكە لە دانپێدانانی خۆیدا دەڵێت هەر كاتێك گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، ژنەكەی پێیگوتووە بۆچی بە سەرخۆشی دەگەڕێیتەوە، ئیدی هەموو جارێ بووەتە شەڕیان".
گوتیشی "پیاوەكە دوای رووداوەكە هاتبووە دەرەوە و هاواری كردبوو ژنەكەیان كوشتم، خزمەكانی چووبوون بە هانایەوە، بەڵام منداڵە گەورەكەی گوتبووی باوكم و دایكم بووە بە دەمەقاڵەیان و باوكم لە دایكمی داوە".
فێنك تەنیا 20 رۆژ بوو پێنجەمین منداڵی لەدایك ببوو، هێشتا كاتی زەیستانییەكەی تەواو نەكردبوو كە لەلایەن مێردەكەیەوە كوژرا.
شیروان سەعید، برای فێنك، بە (رووداو)ی گوت، كاژێر 12.18 خولەكی ئەو شەوە زاواكەیان ئاگاداری كردووەتەوە و گوتوویەتی "فێنك مرد و خۆم رادەستی پۆلیس دەكەم". پاشان لەلایەن كەسوكاری زاواكەیانەوە فێنك گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و ئەویش لە نەخۆشخانە بە برینداری بینیویەتی كە دەموچاوی خوێناوی بووە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكانی قسەی بۆ نەكراوە و گیانی دەرچووە.
شیروان گوتی "هەرچەندە هێشتا راپۆرتی پزیشكیمان نەبینیوە تا بزانین زاواكەمان سەرخۆش بووە یان نا، بەڵام لەو باوەڕەدا نین سەرخۆش بووبێت، چونكە بە قسەی منداڵەكانی كە لای پۆلیس كردوویانە، ئەو شەوە منداڵەكانی لە ژوورێكدا بەند كردووە و دواتر بە دڕندانەترین شێوە و ئەوەندەی بزانین بە دار و شیش لە خوشكەكەمانی داوە".
وەكو ئەو برایەی فێنك روونیكردەوە، فێنك و هاوژینەكەی بەردەوام كێشەیان هەبووە، هەر بەو هۆیەشەوە خوشكەكەی چەند جارێك تۆراوە و چووەتەوە ماڵی باوكی، تەنانەت هەندێكجار گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی لێی جیاببێتەوە، بەڵام لەبەر منداڵەكانی پەشیمان بووەتەوە.
شێروان گوتی "تا دوو ساڵ لەمەوبەریش خوشكەكەمان دەیگوت مێردەكەی مەی دەخواتەوە، قسەمان لەگەڵ مێردەكەی دەكرد دەیگوت ئیدی ناخۆمەوە، بەڵام دوو ساڵە خوشكەكەمان باسی ئەو كێشەیەی نەدەكرد و هاتوچۆشمان لەگەڵیان گەرم بوو".
بە قسەی شیروان، دوای رووداوەكە رێگەیان نەداوە كەسوكاری زاواكەیان بەشداری پرسەكە بكەن و دۆسیەكەشیان بۆ یاسا جێهێشتووە. (رووداو) هەوڵی دا رای كەسوكاری تۆمەتبارەكە وەربگرێت، بەڵام گوتیان جارێ قسە لەسەر ئەو رووداوە ناكەن.



