رووداو - ئیستەنبوڵ
خەڵکی تورکیا ترسێکی زۆریان لێنیشتووە بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە لەبەرامبەر دۆلار، بۆ ئەوەی هانی خەڵک بدەن دۆلارەکانیان بگۆڕن بە لیرە بۆ شکاندنی بەهای دۆلار، بەشێک لە کاسبکارانی ئیستەنبوڵ بە بەلاش خواردن دەدەنە ئەو کەسانەی دۆلاریان گۆڕیوەتەوە، سەریشیان بۆ چاک دەکەن و 6 مەتریش فەرشیان بە دیاری پێدەدەن.
دوای دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهاندا و ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی نێوخۆی تورکیا، بەهای لیرەی تورکی بەجۆرێک دابەزی کە لە مێژوودا هاوشێوەی نییە و ریکۆردی شکاندووە.
ئێستا لە بازاڕی بۆرسەدا 100 دۆلار بەرامبەر بە 355 لیرەیە. بازرگانانی تورکیاش لە داشکانی بەهای لیرە دەترسن و دەیانەوێت بەر بە زیاتر دابەزینی بگرن. بۆ ئەو مەبەستە، بەشێک لە کاسبکارانی ئیستەنبوڵ، لەسەر دووکانەکانیان نووسیویانە "ئەوەی دۆلار بگۆڕێت بە لیرە، کارەکانی لای ئێمە بە بەلاشە"

لە بەردەم دووکانێکی فرۆشتنی فەرشدا نوسراوە: 2 هەزار دۆلار بگۆڕە بە لیرە و پسوولەکەی بێنە و 6 مەتر دووجا فەرش بە دیاری وەربگرە

لە شووشەی چێشتخانەیەک نووسراوە: 250 دۆلار بگۆڕە بە لیرە و پسوولەکەی بێنە، بە بەلاش نان بخۆ

سەرتاشێک نووسیویەتی: سەر و ریشتاشین بە بەلاشە بۆ کەسێک 300 دۆلار دەگۆڕێت بە لیرە و پسولەکەی دەهێنێت

.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)