رووداو - هەولێر
لە رۆژی هەژدەهەمینی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ هێزە عێراقییەكان لە چەند میحوەرێكەوە پێشڕەوییان كردووە.
رۆژی 3-11-2016 هێزە عێراقییەكان لە بەردەوامی شەڕی موسڵدا، لە پێنج میحوەرەوە پێشڕەوییان كرد و چەند ناوچەیەكیشیان گەمارۆداوە.
میحوەری باکووری موسڵ:
لە میحوەری باکووری موسڵ، هێزە عێراقییەکان لە لێواری شەلالاتن و چاوەڕوانن گەڕەکی کەرامە کۆنترۆڵبکرێتەوە، ئنجا لەوێشەوە پێشڕەوی بەرەو ناو شەلالات دەستپێبکرێت، هەرچەند دوێنێ هەندێک هەوڵ هەبوون بۆ چوونە ناو شەلالات، بەڵام هیچ ئاکامی نەبوو.
تلکێفیش لەو میحوەرەوە هێشتا بە گەمارۆدراوی ماوەتەوە.
میحوەری باکووری رۆژهەڵاتی موسڵ:
هێزەکانی پێشمەرگە باشیکیان گەمارۆداوە و تاوەکو ئێستا پێشڕەوی بەرەو ناو باشیک نەکراوە.
میحوەری رۆژهەڵاتی موسڵ:
لە رۆژهەڵاتی موسڵ هێزەکانی سوپا و هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ ناو گەڕەکی کەرامەی موسڵ دەستپێکردووە.
قۆڵی یەکەمی هێرشەکە لە باكووری گۆکجەلی بووە بەرەو ناو گەڕەکەکە. هێزەکانی دژە تیرۆریش لە سەنتەری گۆکجەلیەوە هێرشەکەیان دەستپێکردووە.
لە باشووری گۆگجەلیش هێزەکانی سوپا لە گوندەکانی خوەیتلە و شەهرزاد بەرەو باشووری گەڕەکەکە لە پێشڕەویدان.
بەگوێرەی زانیارییەکان هێزەکان توانیویانە بچنە ناو گەڕەکی کەڕامە.
میحوەری باشووری موسڵ:
دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان رۆژی چوارشەممە 2-11-2016 گوندیان لە باکووری ناحیەی شۆرە کۆنتڕۆڵکردەوە، ئێستا تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە حەمام عەلیلەوە دوورن.
میحوەری رۆژئاوای موسڵ :
حەشدی شەعبی، کە لە قۆڵی رۆژئاوای موسڵ پێشڕەوی دەکات، دوو گوندیان لە میحوەری رۆژئاوای موسڵ کۆنترۆڵکردەوە.
حەشدی شەعبی ئەمڕۆ رایگەیاند هێزەکانیان گوندی (تەل شەهاب)یان کۆنترۆڵکردۆتەوە و هێزەکانیان گەیشتوونەتە دەوروبەری گوندی عەین جەحش.
بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن، ئێستا تەنیا 15 کیلۆمەتر لە تەلەعفەرەوە دوورن.



