ئەو قسەیە لەناو كوردەواریدا زۆر باوە كە دەگوترێ "ئاو و ئاوەدانی"، ئەمە بۆ پیشاندانی گرنگیی رۆڵی ئاوە لە ئاوەدانیدا كە بێ ئاو ئاوەدانی زەحمەتە. لەڕووی پزیشكیشەوە لێی بڕوانی، تەندروستییش بەهەمان شێوە بێ ئاو ئەستەمە.
بۆ زانینی گرنگیی ئاو بۆ تەندروستی هەر ئەوەندە بەسە كە ئاو 60%ی جەستەی مرۆڤ پێكدێنێ. كەواتە جەستەی كەسێكی 70 كیلۆیی 42 كیلۆ ئاو لەخۆدەگرێت. جەستە رۆژانە رێژەیەكی زۆر لە ئاو دەردەداتە دەرەوە، بە جۆرێك تەنیا لەڕێی میزەوە نزیكەی لیتر و نیوێك ئاو فڕێ دەدات. هەروەك رێژەیەكی دیكەش لەڕێی پیسایی و ئارەقەكردنەوە لەدەستدەدات.
ئەمانە سەرباری ئەوەی كە پێیدەگوترێ "لەدەستدانی شلەی هەستپێنەكراو" كە رۆژانە نیو لیتر تێدەپەڕێنێ، ئەمەش تەنیا لەڕێی هەناسە و پێستەوە. كاتێكیش تووشی تا و سكچوون یان كەشوهەوای گەرم دەبینەوە، یانیش وەرزشی قورس دەكەیت، ئەم لەدەستدانی ئاوە یەكجار زیاد دەكات.
بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوە لەدەستچووە، دەبێ لەڕێی دەمەوە ئاو وەربگیرێ. نابێ پشت بە خواردن ببەسترێ، چونكە ئەو ئاوەی لەڕێی خواردنەوە بەدەست دەهێنرێ، 20%ی ئاوی پێویستی جەستە تێپەڕ ناكات، بۆیە دەبێ پەنا بۆ ئاو خواردنەوە ببرێت. كاتێك رێژەی ئاوی لەدەستدراو لە ئاوی وەرگیراو زیاتر دەبێ، حاڵەتێك دروستدەبێ كە پێیدەگوترێ "وشكبوونەوە"، ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێ، كێشەی گەورەی تەندروستی و تەنانەت مردنیشی لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت لە منداڵاندا.
یەكێك لە كێشەكانی خەڵكی ئەم سەردەمە ئەوەیە كە بڕێكی زۆر لە خواردنەوە گازییەكان دەخۆنەوە، بە جۆرێك ئاماری رێكخراوە تەندروستییەكان دەریدەخەن، لەڕووی بڵاوییەوە، خواردنەوە گازییەكان ئاویان تێپەڕاندووە! زۆر گرنگە بزانین ئەو خواردنەوانە میز زیاد دەكەن، كەواتە نەك هەر لەش ئاودار ناكەن، بگرە وشكیشی دەكەنەوە!
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەگۆڕێ: ئایا رۆژانە پێویستمان بە چەندە ئاوخواردنەوە هەیە؟ رێنماییە پزیشكییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دەبێ رۆژانە لانیكەم 2 لیتر (هەشت پەرداخ) ئاو بخورێتەوە. لەو حاڵەتانەشدا كە بەفیڕۆچوونی ئاو زیاد دەكات (وەك لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا)، دەبێ زۆر زیاتر بخورێتەوە. ئەگەر بێت و وەك سەردەمانی منداڵی، بەردەوام مەتارەیەك ئاو بەدەستەوە بگرین و لێی بخۆینەوە، كارێكی زۆر چاك دەكەین.
باشترین و ئاسانترین پێوەریش بۆ دۆزینەوەی ئەوەی ئایا بایی پێویست ئاو دەخۆینەوە یان نا، سەرنجدانە لە میز كە دەبێ زۆر و رەنگ كاڵ و بێ بۆن بێ، كاتێك ئەمانە پێچەوانە دەبنەوە، واتە بایی پێویست ئاو نەخوراوەتەوە.
ئەوەش گرنگە بزانرێ كە هەندێ جار مێشك بە هەڵە تینوێتی بە برسێتی تێدەگا، بۆیە ئەگەر كەسەكە لەبری ئەوەی دەست بۆ خواردن دەبا، دەم بۆ ئاو ببا برسێتییەكەی دەشكێ! ئەمەیە وا دەكات لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئاوخواردنەوەی زۆر وەك هۆكارێكی پارێز دابنرێت.
* قوتابیی بۆرد لە هەناو و شارەزا لە دروستیی خۆراك



