رووداو- پیران
دەڤەرەكە سەوز و بەراو بوو، دیمەنەكانی سەرنجڕاكێش و شیرین بوون، بەڵام شوێنێكی بچووكی ئەم دەڤەرە، بووەتە سوێرترین ناوچەی كوردستان. سوێرییەكەی بەخێر بۆ دانیشتووانەكەی شكاوەتەوە و سێ سەدەیە خوێ ناكڕن.
بیرێك كە لە ناحیەی پیرانی سەر بە قەزای مێرگەسۆرە، تەمەنی نزیكەی 300 ساڵە. تاكە بیرە لە كوردستان بەهۆی سوێرییەكەی بە كەڵكی خواردنەوە نەیەت. خەڵكی ناوچەكە بەدیرۆكێكی دەماودەمی 300 ساڵییەوە قسە لەبارەی بیرەكە دەكەن.
عەبدولڕەحمان سلێمان، 62 ساڵ، خەڵكی شارۆچكەی پیرانە، لە منداڵییەوە خوێی ئەو بیرە لەنێو چێشتدا دەخوات. ئەو كاتێك دەگاتە سەرەی خۆی، ئاوی بیرەكە هەڵدەگۆزێت و دەیكوڵێنێت، تاوەكو بەشی پێداویستییەكانی خێزانەكەی خوێی لێ بەرهەم بهێنێت.
لەڕابردوودا، بەهۆی ئەوەی كە ئاوی بیرەكەیان بە شیفا بۆ نەخۆشییەكان زانیوە، كاتێك ئاژەڵەكانیان نەخۆش كەوتبانایە، دەهێنرانە سەر بیرە سوێرەكە. بەبۆچوونی عەبدولڕەحمان سلێمان "ئاژەڵەكان چاك دەبوونەوە".
ئەوەی لەم شارۆچكەیەدا لەمەڕ بیرەكە جێی سەرنجە، ئەوەیە كە جگە لەخەڵكی شارۆچكەی پیران، بۆ هیچ كەسێكی دەوروبەر نییە ئاوی ئەم بیرە دەربهێنێت و خوێی لێ بەرهەم بهێنێت.
خەڵكی ناوچەكە، رۆژانە یەك لەدوای یەك ناوی خۆیان لەدەفتەرێكدا دەنووسن و هەر رۆژەی سەرەی یەكێك لەوانەیە، كە ئاوەكە بۆ دەرهێنانی خوێ بكوڵێنێ.
هەر كەس بیەوێت لەم خوێیەی دەستبكەوێت، خەڵكی ناوچەكە بە دیاری پێی دەدەن و بەهیچ شێوەیەك نە خوێكە و نە ئاوی بیرەكەش، مامەڵەی پێوە ناكرێت و بە پارە نافرۆشرێت.
سەعید شێخۆ، تەمەنی نزیكەی هەشتا ساڵ بوو، بەڵام زۆر بەگوڕ و چالاك بوو، هەموو وردەكاری دروستكردنی خوێكەی نیشانداین. ئەو پێیوابوو كە نابێت ئاوی ئەم بیرە یەك دڵۆپەشی لێ بڕژێتە سەر زەوی، چونكە وەك ئەو دەیگوت "موتفەڕكە، نابێت بڕژێتە سەر زەوییەكە، بەلامانەوە گوناهە، بەڵام وامان لێكردووە كە ئاژەڵەكان خۆیان بێنە سەری، پێشتر بە بەرد و قوڕ ئێرەمان چاك كردبوو، دیوارێكیشمان بۆ دروست كردبوو".
بەلای خەڵكی ناوچەكەوە، بیرێكی ئاسایی نییە، ئەوان وەك ئاوێكی پیرۆز لێی دەڕوانن و نابێت ئاوەكەی بڕژێت و هەر دەستێوەردان و بەفیڕۆدانێكی ئاوی بیرەكەش بە گوناه دەزانن.
ئەسعەد شێخۆ، 90 ساڵ، بۆ هەر قسەیەك لەبارەی بیرەكە، دەیگوت "خوا دەیزانێت". ئەو نەیدەویست وەك شوێنێكی پیرۆز باسی لێوە بكات "خەڵكی ئێستا باوەڕیان بە شێخ و مەشایەخ نەماوە".
بە گوتەی خەڵكی ناوچەكە، رۆژانە باری سێ ئێستر خوێ لەو بیرە سوێرە دەردەهێنرێت، ئەگەر هەر هێسترێك 100 كیلۆ بار بكات، ئەوا 300 كیلۆ خوێ لە بیرێكی ئاو دەردەهێنرێت، ئەم بیرە سوێرە، تەنیا لەوەرزی هاویندا خوێی تێدایە و لە وەرزی زستاندا كە ئاوەكەی زۆر دەبێت، بەكەڵكی بەرهەمهێنانی خوێ نایەت.



.png&w=3840&q=75)