رووداو- هەولێر
لە ئەنجامی تۆپبارانی چەکدارانی داعش بۆ سەر گوندی جحالە لە باشووری شارەدێی گەیارە، کەسێک کوژراوە و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەحمەد ئەنوەر، لە راگەیاندنی میحوەری مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" شەوی یەکشەممە 25-7-2016 چەکدارانی داعش گوندی جحالەیان لە باشووری شارەدێی گەیارە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تۆپبارانکرد، بەوهۆیەشەوە کەسێک کوژراوە و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن".
ئەحمەد ئەنوەر گوتی" بەشێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی مەخموور چارەسەریان بۆ دەکرێت و بەشێکی دیکەشیان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کراون. باری تەندروستی هەندێک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە".
گوندی جحالە دەکەوێتە باشووری شارەدێی گەیارە و چەند رۆژێکە لەلایەن سوپای عێراق کۆنترۆڵکراوەتەوە.



