مردنی نووسەر بە زمانێکی سادە ئەگەر لە تێڕوانینی ''بارت''دا ئاماژەیەک بووبێت بە ئاوەڵاکردنی دەستی خوێنەر بۆ شەخسیکردنەوەی تێگەیشتن و کراوەیی مانای دەق و داماڵینی تاک شرۆڤەیی لە نووسراو و لە گشتێتیی خۆیدا جیاکردنەوەی نووسەر لە نووسراو، کەواتە دەبێ بڵێین کە ئەمڕۆکە لە پانتایی وێژە و کۆمەڵگای وێژەوانانی کوردستاندا ئەم چەمکە تەنیا یەک مانای لەخۆ گرتووە، ئەویش بێدەنگی لێکردنی نووسەرە لە بەرانبەر پرسیار و رەخنەگەلێک کە ئاراستەی نووسراوەکەی دەکرێت.
ئەگەر مردنی نووسەر وەکوو پێوەرێک بۆ هەڵسوکەوتی نووسەر لەگەڵ دەق و خوێنەر و لە مانای تایبەتیدا لەگەڵ رەخنەگر بە بنەما بگرین، ئەمە نەک هەڵە نییە، بەڵکوو زۆریش بەجێیە، بەڵام لێرەدا یەک پرسیار دێتە ئاراوە: کاتێک کە نووسەر دەیەوێ گۆڕانکارییەکی بەرچاو و بنەمایی یان داهێنانێک (لانیکەم لە روانگەی خۆیەوە) لە نووسیندا بەدی بهێنێ و هیوایەکی ئەوتۆیش بە توانا و لێهاتوویی و تەنانەت بوونی رەخنەگری زیندوو و چالاک و چاوتیژ نییە کە کارەکەی بناسرێت و وەکوو شتێکی نامۆ و نەشاز نەبینرێت، دەبێ چی بکات؟ بە واتایەکی دیکە ئایا نووسەر مەحکومە بەوەی چاوەڕێی کەسێک بێت کە رۆژێک بێت و ئەو و کارەکەی بدۆزێتەوە و گرینگیی کارەکەی دەربخات؟ یان ئەوەی کە دەستەوەستان دابنیشێت رەخنەگران بە رەخنەگرتن یان بێدەنگی لێکردن، کارەکەی بخنکێنن؟ بە تایبەت کە هێندەک کات بەرچاوتەنگی و دوگمابوونی کۆمەڵگای وێژەیی دەبێتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم داهێنانی نوێدا.
رەنگە هێنانەوەی نموونەیەک مەبەستەکە روونتر بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بە داخەوە ناتوانین لە وێژەی کوردیدا نموونە بهێنینەوە، چونکە بە هۆکارگەلی جیاواز لە وێژەی کوردیدا باسی رەخنەی ئەدەبیات بە گشتی و باسگەلی لەم چەشنە بە تایبەتی تەریک کەوتوون و هێنانەوەی نموونەیەک رنگە هێندەک ئەستەم بێت. کەواتە نموونەیەک لە وێژەی فارس دەهێنمەوە: رۆژێک کە ''نیما یوشیج'' دەستی دایە نوێکردنەوەی شیعری فارسی، سونەتی هەزار ساڵەی شیعری کلاسیکی فارسی کە هەموو وەکوو ئایەتی مونزەل سەیریان دەکرد، لە تەشقی ئاسمانەوە داگرت و گەڵاڵەیەکی نوێی داڕشت کە دوایی لە ئێران ناوی بوو بە ''شێعری نیمایی''، هەموو پێیان وابوو کە نیما و شێعرەکانی لە بن زەرپی گورزی رەخنەگرانی بێبەزەیی و بەرچاوتەنگی ئەو سەردەمدا بەرگە ناگرن و دادەڕمێن.
بەڕاستیش دەبوو وابێت، بەڵام تەنیا شتێک کە یان باشترە بڵێین یەکێک لە گرینگترین ئەو فاکتەرانەی نەیانهێشت ئەمە رووبدات، ئەوە بوو کە نیما پێشتر خۆی تەیار کردبوو. نیما بنەما فکرییەکانی ئەو کارەی کە دەیویست بیکات، بە وردی داڕشتبوو، رەخنەگری مێشک وشک نە بە هاشوهوش و نە بە بێدەنگی لێکردن نەیانتوانی دەنگی ئەو کپ بکەن و ئەو توانی گرینگترین گۆڕانکارییەک کە لە مێژووی ئەدەبیاتی فارسیدا روویداوە، بە ئەنجام بگەیەنێت و رێگا بۆ کەسانی دوای خۆی خۆش بکات. گرنگیی ئەو کارەی نیما لە ئاستێکدا بوو کە ئێستاکە دەکرێ بە شێوەیەک ئەدەبیاتی فارسی بۆ دوو بەشی پێش نیما و دوای نیما دابەش بکەین.
وای دابنێین، نیما بڕوای بەو خوێندنەوە لە ئایدیای مەرگی نووسەر هەبووایە کە نووسەر نابێ باسی نووسراوەکەی بکات! زۆرێک لە وێژەوانانی ئەمڕۆی ئێران (لەوانە دەتوانم بە مێهرداد فەلاح ئاماژە بکەم کە بە تازەیی لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژەیەکی کورتی بەو باسە کردووە) پییانوایە ئەگەر وابایە، هەر ئەو دەم دەنگی نیما کپ کرابوو، رەنگە ئەدەبی فارسی ساڵەها لەو بوارەدا وەدوابکەوتایە و تەنانەت هەر لە جێی خۆی قەتیس بمایە (هەڵبەت من پێموانییە قەتیس بمایە، چونکە ئەم نوێبوونەوەیە رەوتێکی جیهانیی گشتگیر بوو کە لە رۆژهەڵاتی ناویندا هەموو وڵاتانی گرتەوە و کوردستانیش لەوە بێبەش نەبوو).
ئەمە لە بارەی شاملویشەوە هەر راستە. ئەویش هەر بەو شێوەیە بە تیۆریزە کردنی بنەماکانی شێوازی داهێنراوی خۆی رێگەی لە لەبارچوونی هەوڵە شێعرییەکانی خۆی گرت.
لەلایەکی دیکەوە ئایدیای مردنی نووسەر ''مردنی رەخنەگریشی لێدەکەوێتەوە. کاتێک کە بارت بە جێگای Author لە وشەی (چەمکی) Scripteur کەڵک وەردەگرێ و پێوەندی نووسەر لەگەڵ دەسەڵات واتە ''ئاوتۆر'' لەگەڵ ''ئاوتۆریتە'' دەبچڕێ و بە جێگای ئاوتۆر واتە نووسەر، ''سکریپتۆر'' واتە ''بنووس*'' دێنێتە بەرباس، کردەی نووسین لە نووسەر و دەسەڵاتی نووسەر دادەبڕێت و ئەمە لە خۆیدا رەخنەگر (وەکوو دەسەڵاتی رەهەندگیرکردنی واتا و شیکاری) لە مانا بەتاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەمجار خوێنەر جێگای رەخنەگر دەگرێتەوە.
لێرەدایە کە ئێمە وەکوو کەسانێک، کە مەودایەکی زەمانی- جوگرافیمان لەگەڵ بارت و ئایدیاکەی هەیە، تووشی جۆرێک لە خراپ تێگەیشتن بووین. ئەو شتەی کە لە مردنی نووسەردا بەرباسە رێگرتن لە شرۆڤە و لێکدانەوەی دیکتاتۆرانەیە. واتە بڕیارە ئایدیای مردنی نووسەر رێگە لە دیکتاتۆریەتی شیکاری (interpretive tyranny) بگرێت.
بەو واتایە کە دەق بە ژمارەی بەردەنگەکانی خۆی خاوەن مانا و هەڵگری شرۆڤە و شیکاری و تەفسیرە و نووسەر (رەخنەگریش) نابێ هەوڵی ئەوە بدات کە ئەم بەرینایەتییە بەرتەسک بکاتەوە. هەڵەکەی ئێمە لێرەدایە کە بە ناوی ئایدیای مەرگی نووسەرەوە، رێگا لە نووسەر (یان بنووس) بگرین بنەماکانی کارەکەی خۆی تیۆریزە بکات، یان ئەوەی کە ئەم بنەما داڕشتنە بە لاوازیی نووسەر بزانین. ئەم ئاکارە کاتێک کێشەساز دەبێت کە لەو کۆمەڵگا بێ رەخنەگرەدا کاتێک رەخنەگرێک بۆ ناساندن و شیکردنەوەی بنەمایی بابەتێک دەست بە کار دەبێت، خێرا بابەتی مەرگی نووسەر بێتەوە بەر باس.
بەهەرحاڵ ئەگەر شێعر (بە گشتی هونەر) وەکوو جەوهەر چاو لێبکەین، هاتنە بەر باسی عەرەزیاتی لەو چەشنە چاوەڕوان دەکرێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە خراپ تێگەیشتن لە کۆمەڵێک دەستەواژەی وەرگیراو و وەرگێڕدراو تووشی هەڵەمان نەکەن و رێگا لە گەشەی بواری هونەر نەگرن.
*بنووس: ئەم وشەیەم لە بەرانبەر وشەی Scripteur داناوە کە رۆڵان بارت لە وتاری مردنی نووسەردا بەکاری هێناوە و هەمان مانای نووسەر دەدات، بەڵام نووسەرێک کە وەکوو تایپیستێک تەنیا وشەکان تایپ دەکات و پێش نووسین و دوای تەواوبوونی نووسین درێژە بە ژیانی خۆی نادات و هیچ شتێک لەسەر خوێنەر فەڕز ناکات.



