رووداو - رانیە
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـیان لە سنووری گوندەکانی بناری قەندیل لە شارۆچکەی سەنگەسەر کرد، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ زیانێک نەزانراوە و دەنگی ئەو فڕۆکە جەنگیانەش لە قەزای رانیە و پشدەر دەبیسترێن.
شێرزاد قەندیلی، هاونیشتمانی بناری قەندیل بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "دوو فڕۆکەی جەنگی گوندەکانی (بۆڵێ، ئەستێرۆکان و قەلاتوکان)ی بۆ ماوەی شەش جار بۆردوومان کرد، بەڵام تاوەكو ئێستا نازانرێت چ زیانێکی هەبووە و بەشێک لە بۆمبەکانیش نەتەقیونەتەوە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی "مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروستبووە، چونکە لەم وەرزە خەڵک بۆ گەشتکردن و هێنانی گژوگیا بەهاریەیکان دەچنە ئەو گوندانە".


