رووداو - راپەڕین
رۆژی 16-4-2016 ، 29 ساڵ بەسەر کیمیاباران کردنی گوندی شێخ وەسانان و شارۆچکەی باڵیسان تێپەڕی، بریندارانی چەکی کیمیایی لەم دەڤەرە تا دێت رەوشی تەندروستیان خراپتر دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانێت وەک جاران لە دەرەوەی باشووری کوردستان چارەسەریان بکات.
حوسێن یەکێکە لە بریندارانی چەکی کیمیایی گوندی شێخ وەسانان و شارۆچکەی بالیسان، ئەو ماوەی 29 ساڵە بە دوای چارەسەری برینەکانییەتی، بەڵام تا دێت رەوشی تەندروستی خراپتر دەبێت.
حوسێن حەمەد برینداری چەکی کیمیایی دەڵێت "تا ئێستا 23 پزیشکم کردووە بۆ چارەسەر وەرگرتن، بەڵام بەردەوام رەوشی تەندروستیم خراپ دەبێت، پزیشکەکان پێیان گوتووم سیەکانم نەماون".
لە 16-4-1987 حکومەتی بەعسی رووخاو بە چەکی کیمیایی گوندی شێخ وەسانان و شارۆچکەی بالیسانی بۆمباران کرد، بەم هۆیەوە 261 هاونیشتمانی شەهید بوون و 350 دیکەش بریندار بوون.
فاتمە مستەفا، برینداری چەکی کیمیایی دەڵێت "ناتوانم بجوڵێم ئەگەر کەمێک بڕۆم بەڕێگادا هەناسەم تەنگ دەبێت و ئەگەر پشوو نەدەم دەکەوم، هەروەها سیەکانم کە ئیلتیهاب دەکەن خوێنیان لێدێت".
سەلمان عەزیز، برینداری چەکی کیمیایی بەهۆی چەکی کیمیای هەناسەی تەنگ دەبێت و بۆ رووداو گوتی "هەناسەم تەنگ دەبێت و چاوەکانم ئازاریان هەیە و تەندروستیم زۆر خراپە".
تەنیا ئەمساڵ 3 لە بریندارانی چەکی کیمیایی لە گوندی شێخ وەسانان بەهۆی خراپی باری تەندروستیان گیانیان لە دەستداوە، دەیانی دیکەش لە ژیر چاودێری پزیشک دان.
بەشی زۆری بریندارانی چەکی کیمایی پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەی باشووری کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانێت وەک جاران لە دەرەوە چارەسەریان بکات.
فواد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت "ئێمە سەرقاڵی ئەوەین پزیشکی تایبەت لە دەرەوە بێنین بۆ ئەوەی پشکنین بۆ نەخۆشەکان بکەن و چارەسەریان بکەین لەناوەوەی باشووری کوردستان"
ماوەی شەش مانگە بریندارانی چەکی کیمیایی گوندی شێخ وەسانان و شارۆچکەی بالیسان هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە، زۆربەی بریندارەکانیش بە دەست نەخۆشیەکانی پێست و چاو و سییەکان دەناڵێنن.


