رووداو - هەولێر
یوتووب بووەتە گەورەترین کەناڵی بڵاوکردنەوەی کلیپی ئەستێرەکانی جیهان و ملیۆنان خەڵک لە وڵاتانی جیاواز کلیپەکان دەبینن، بەپێی ئامارێکی فەرمی ماڵپەڕەکە، پێنج ئەستێرەی جیهانیی توانیویانە زیاتر لە یەك ملیار بینەریان بۆ تەنیا یەک کلیپیان هەبێت.
کلیپی ئەستێرەی چینی سای پی ئیس وای، پێوەری جیهانی شکاندووە و پڕبینەرترینە، گۆرانی گانگام ستایل کە زۆرترین ریکۆردی لە نزیکترین کاتدا تۆمارکردووە، لە ماڵپەڕی یوتوب زیاتر لە 2 ملیار بینەری هەبووە، بەم هۆیەوەش گۆرانیبێژەکە ناوی لە کتێبی ژمارە پێوانییەکان ناسراو بە گینس تۆمارکراوە.
تایلۆر سویفت، لە پلەی دووەم دێت و لە گۆرانی بلانک سپەیس زیاتر لە ملیارێک و 200 هەزار بینەری هەبووە، لەدوای ئەویش جەستن بەیبەری ئەستێرەی ئەمەریکی، كە بەتەمەن بچووکترین ئەستێرەی جیهانە، بە گۆرانی بەیبی زیاتر لە یەک ملیار بینەری لە یوتووب هەبووە.
مارک رۆنسۆن ئەستێرەیەکی جیهانییە، گۆرانی ئیپتاون فانک-ی ناوبانگی لە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە، بەم هۆیەوەش توانی بێتە ریزی ئەو ئەستێرانەی زۆرترین بینەریان هەیەو ملیارێکی تۆمارکرد، مەیگەن تراینۆر-یش بە گۆرانی ئۆڵ ئەباوت دات باس- زیاتر لە یەک ملیاربینەری هەبووە.
یوتوب ماڵپەڕێکی ڤیدیۆیی جیهانییەو لە ساڵی 2005 لە کالیفۆڕنیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دامەزراوە، یەکێک لە گەورەترین و پڕ سەردانترین ماڵپەڕەکانی جیهانە، ئێستا ئەستێرەکانی جیهان بە هونەرمەندانی کوردستانیشەوە بەرهەم و کلیپەکانی خۆیانی تێدا بڵاودەکەنەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

