شرۆڤە و بۆچوون- ماجید نووری
تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی كوردستان ــ جەیهان، دروستكردنی قەیرانێكی تری دارایی و ئابوورییە بۆ هەرێمی كوردستان، گۆڕان و یەكێتی وەك دوو
ناوكە مۆرەی ناو یەك كودی سەوز لە باشووری كوردستاندا، بە هاندانی راوێژكارانی ئێرانی، لە ئەنجامدانی وەها كارێكدا كە ژێربەژێر پاڵپشتی مەعنەوی لە پەكەكە دەكەن، بەو كارە خۆشحاڵن، رەنگە دەرئەنجام ئەوانیش بكەونە بەر تەنگژەیەكی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی، ناشكرێت لە چارەسەری ئەم قەیرانە تازەیەی تەقاندنەوەی بۆریەكەدا كە بەشێكی پێوەندی بە مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانەوە هەیە خۆیان بدزنەوە.
ئامانجی سەرەكی تەقاندنەوەی بۆریەكە بریتییە لە بێئومێدكردنی وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمەریكا، لەوەی بتوانن لە ناوچەكەدا بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیان بگەیەننە پلەیەكی باڵا لەم قۆناغە ئاڵۆزەدا كە لەلایەن پێنتاگۆنەوە توركیاش هێنراوەتە ناو هاوكێشەكانەوە و لە بەرامبەر هەڵوێست وەرگرتنی توندی ئەم وڵاتە دژ بە داعش، گڵۆپی سەوز بۆ توركیا هەڵكرا تا بە هێزی سەربازی رووبەڕووی نەیارە سەرسەختەكانی تریشی لە ناوچەكەدا ببێتەوە، لە كاتێكی وەهادا تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی جەیهان، زیاتر لە پیلانێكی سیخوڕیانەی ئێرانی دەچێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكانی بەرهەمهێنانی نەوت، تا وڵاتانی خۆرئاوا هان بدات روو لە نەوتی ئێران بكەنەوە.
ئێستا توركیا و هەرێمی كوردستان تەنیا ئەڵقەی پێشتێنەیی ئاسایشی ئەمەریكان بۆ وەستاندنی تەشەنەسەندنی دەسەڵاتی یەكێتی سۆڤیەت بەرەو ناوچەكانی تر، پاش ئەوەی ئێران لەڕێی خەونی دروستكردنی هیلالی شیعییەوە موژدەی زیاتری بە سۆڤیەت داوە تا بە سانایی بتوانێت فشاری دەرەكی لە ناوچەكەدا لەسەر ئەمەریكا زیاتر بكات، واتە ئێران هێشتا بەشێكە لە گۆڕەپانی ململانێ و بەرەنگاربوونەوەی نێوان رووسیا و ئەمەریكا، لەو نێوەندەدا توركیا لەسەر ئەو هێڵە گشتیە دەڕوات كە ئەمەریكا بۆی دەكێشێت، هەر خۆماڵیكردنێكی نەوت یان هەر هەناردەكردنێكی نەوت و هەر هەوڵێكیش بۆ سەربەخۆ ناردنی نەوت و سەربەخۆبوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان ئەگەر لەلایەن توركیاوە بە ناچاری مامەڵەی كاتیی لەگەڵ بكرێت، ئەوە ئێران بە كارێكی لەو چەشنە ناچار نییە خۆشحاڵانە پێشوازی لەو هەنگاوە بكات، هەر لەبەر ئەوەیە هاریكاری لۆجیستی ئەو هێزانەش دەكات كە لە توانایاندایە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و ناو قووڵایی توركیا دروست بكەن، تەنانەت گەر بەكاری تیرۆریستی و تێكدەرانەی لێدانی بۆری و سووتاندنی كامیۆنی بازرگانییش بووبێت.
بۆ ئەم مەبەستە هێزەكانی سەر بە پەكەكە لەلایەن ئێرانەوە مەشقپێدراون تا لەناو قووڵایی توركیادا بەو جۆرە كارانە هەستن، هاوشێوەی ئەو هێزانەی یەكێتی كە لە ساڵانی هەشتاكاندا هەمان یەكەی ئێرانی مەشقیان پێدابوون تا بە بۆردومانكردنی بۆریە نەوتەكانی كەركووك هەستن، ئەوكات بە سەرپەرشتی (نەوشیروان مستەفا) ئەو چالاكیەی لێدانی بۆریە نەوتەكانی كەركووك جێبەجێ كرا، هەنجەتێكیش بوو بۆ رژێمی سەدام تا پرۆسەكانی ئەنفال دژ بە گەلی كورد رابگەیەنێت و هەرچی گوند و شارۆچكەكانی باشووری كوردستانە بسووتێنێ، دوور نییە لێدانی بۆری نەوتی جیهانیش هەنجەتێكی تر بێت بۆ سوپای توركیا كە كاردانەوەی توندتری لە بەرامبەر باكووری كوردستان لێبكەوێتەوە، دواتر بە زیان بۆ هەدەپەیش تەواو دەبێت.
لە هەموو حاڵەتەكاندا وەك چۆن لێدانی بۆریە نەوتەكانی كەركووك لە هەشتاكاندا بە كاولبوونی كوردستان وەڵام درایەوە، هاوشێوە لێدانی بۆری نەوتی كوردستان ــ جەیهان، هێندەی گەلی كوردستان تێیدا زیانمەند دەردەچن، نیو ئەوەندە توركیا زیانی پێناكەوێت، چونكە ئەو وڵاتە چەندین دەریچە و دەروازەی تری بۆ راكێشانی وزە هەیە، ئینجا لەبەرئەوەی رێكخەرانی سەرەكی تەقاندنەوەكە و نەخشەداڕێژەرانی بنەڕەتی و هۆكاری سەرەكی لە جێبەجێكردنی تێكڕای كردەوەكەدا لە پشتەوە ئێرانییەكانن، بەڵام لە راگەیاندنەكەیدا كە باڵی سەر بە پەكەكەی خۆ بە پاڵەوانزان بە ئاشكرا دەیخاتە ئەستۆی خۆی، راستەوخۆ پەكەكە دەكەوێتە سەنگەری دژەخۆرئاواو ئەمەریكاوە، بەگشتیش ناوبانگی كوردی پێ لەكەدار دەبێت، با دواتر هەپەگە روونكردنەوەش بدات كە تەقاندنەوەی بۆڕییەكە بە بڕیاری ئەوان نەبووە و یەكینەیەكی گەریلا لە ناوچەكەدا سەربەخۆ ئەو كارەی كردووە و گوایە نەیانزانیوە كە ئەوە بۆڕیی نەوتی كوردستانە.
لە كاتێكدا ئەو چوار كەرە دێز و پێنج بارگیر و ئەسپەشێیەی كە لە هەشتاكاندا دوو تۆپی هاوەنی 120 ملمی و 36 گوللە تۆپی پێ باركرابوون و كۆمپانیای نەوتی كەركووكیان بۆردومان كرد، چ كاریگەری بۆ لاوازكردنی رژێمی سەدام نەبوو، ئەو چەند ئۆتۆمبێلە تەقەمەنی و ئەنجامدەرانەی بۆ تەقاندنەوەی بۆرییەكە گواسترانەوە و كارەكەیان پێ ئەنجام دا، چ كاریگەرییان لەسەر لاوازكردنی توركیا نابێت، بەڵكو زیاتر هانی توركیا دەدات بكرێتە ئەندامێكی كاراتر لەناو هاوپەیمانێتی دژە تیرۆردا و نفووزێكی سەربازییانەی زیاتر بەسەر ناوچەكەدا دەسەپێنێت و زیاتریش خۆی دەخاتە ناو چوارچێوەی سیاسەتی ئەمەریكاوە، كەواتە هەریەك لە ئێران و توركیا قازانجێكی تاكتیكی لابەلایان لەم كارەدا كرد و زیانمەندی ستراتیژیی تەنیا هەرێمی كوردستان و پەكەكەیە كە یەكەمیان بەربەستی لەبەردەم سەربەخۆیی ئابووری بۆ دروست دەبێت و دووەمیشیان بە مایەپووچی لێی دەردەچێت.



