رووداو - بەردەڕەش
ملازمی یەکەمی هەواڵگری زێرەڤانی تەییب بەهرام شێروانی، لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی وانکێ شەهیدبوو، ئێستا 17 کەس لە خانەوادەکەی نێوبراو لە سەنگەرەکانی شەڕدان لە دژی چەکدارانی داعش، هەفتەی رابردوو دوای زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر شەهیدبوونییەوە، لەلایەن دوو کەسی گوندەکەی دراوسێیان سووکایەتی بە گۆڕەکەی دەکرێت و درووشمی نەشیاو لەسەر کێلی گۆڕەکەی دەنووسن.
بە گوتەی کەسوکاری ئەو شەهیدە، تا ئێستاش هاندەرانی ئەم کارە دەستگیرنەکراون، ئەم دەڤەرە لە رابردوودا شانەی نووستووی داعشی لێ پەیدابووە و تاوەكو ئێستاش هەر ماون، پێش ماوەیەک بکوژی شەهید هوجام هەر لەم دەڤەرە ئەندامی شانەیەكی نوستووی داعش بوو، چەند قوتابییەکیش هەر لەم دەڤەرە روویان کردووەتە ناو ریزەکانی داعش و سەنگەریان لە پێشمەرگە گرتووە، ئێستا ئامارەکان دەریدەخەن، 9 کەس لەو دەڤەرە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.
موختاری گوندەکە دەڵێت، بە ماوەیەکی کەم دەزگا ئەمنییەکان دوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردن و ئێستا لێکۆڵینەوە لە گەڵییان بەردەوامە، بۆ ئەوەی بگەنە راستی بابەتەکەو هەروەها پاڵپشتی ئەنجامدەرانی ئەو کارە.
پێشمەرگە شەهیدەکە خاوەنی سێ منداڵە، سووکایەتیکردن بە گۆڕیشی تەواوی کەسوکارەكەی نیگەرانکردووە و لە چاوەڕوانی دادگان تاوەکو هاندەر و ئامانجی ئەو سووکایەتییەی گۆڕی شەهیدەکەیان بۆ روونببێتەوە.



