رووداو - ئاژانسەکان
عەلی شیرازی، نوێنەری عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە فەیلەقی قودس، پێیوایە گرووپی حوسییەکان "ئەنسار الله" لە یەمەن، کۆپییەکی لێکچووی حیزبوڵڵای لوبنانە و دەشڵێت حەشدی شەعبی لە عێراق و سووریا بەهامانشێوە کۆپییەکی لێکچوون لەگەڵ "ئەنسار الله" و "حیزبوڵڵای لوبنانی".
ئەو نوێنەرەی خامەنەیی لە فەیلەقی قودس كە سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند:" کودەتاکردن لەسەر گرووپی حوسییەکان (ئەنسار الله) لە یەمەن، کودەتاکردنە بەسەر گەلی یەمەن". ئەو بەرپرسە ئێرانییە پێشیوایە ئەمانە گرووپێک یان حیزبێکی بچووک نین، بەڵکو " گەلی یەمەنین و ئەمڕۆ گەلی یەمەن بەخەبەر هاتووە و ئێستا لە گۆڕەپانەکەن".
شیرازی ئاماژە بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی دەکات کە کرایە سەر شاری قەنیترە و تێیدا 6 سەركردەی حیزبوڵڵا کوژران، کە لە نێویاندا فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هەبوو، دەشڵێت "ئیسرائیلییەکان دەبێت چاوەڕێی گورزێکی وڵاتەکەیان بکەن لە هەر کات و شوێنێک بێت".



