رووداو- هەولێر
بە ئیمزای ماوەبەسەرچوو، پلەی کەسوکاری سەرۆکی پێشووی پەرلەمان بەرز دەکرێتەوە و پارتییەکانیش تا ئێستا چوار ئۆتۆمبیل و دوو خانوویان نەگەڕاندووەتەوە بۆ پەرلەمان. بڕیاریشە بەدواداچوون بۆ فایلە گوماناوییەکانی پەرلەمان بکرێت.
لە دواڕۆژەکانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، کۆمەڵێک فەرمان دەرچوون تایبەت بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە، ئەوانیش لەکاتێکدا بووە کە سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی هاتووەو بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لەجیاتی ئەو، ئەو کارانەی کردووە کە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو ماوەیەدا نزیکەی حەوت کەس دامەزراون یان پلەیان بەرزکراوەتەوە بە بەرواری مانگی 10 لەکاتێکدا دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەکان لە مانگی 12 و هەندێکی لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2014 کراون.
یەکێک لە فەرمانەکان بۆ بەرزکردنەوەی پلەی خانمێکە کە نزیکی پلە یەکی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانە، ناونیشانەکەی لە "شارەزا"ەوە بەرزکراوەتەوە بۆ "راوێژکاری پێشکەوتوو"، جیاوازیی نێوان مووچەی ئەو دوو ناونیشانەش نزیکەی چوار ملیۆن دینارە. مووچەی راوێژکار زیاترە لە 2.500.000 دینار، بەڵام مووچەی راوێژکاری پێشکەوتوو لەسەرووی شەش ملیۆن دینارە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی رووداو، دامەزراندنی بەڕێوەبەری نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی کە ژنبرای کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، لەهەمان کاتداو بە پلەی "شارەزا"، کارێکی نایاسایی دیکە بووە کە لەو ماوەیەدا کراوە.
دیلمان محمەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە (رووداو)ی گوت "تا ئێستا لیژنەیەک دیاری نەکراوە و کەیسەکە یەکلایی نەبووەتەوە، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەمە فێڵکردنە و بەدڵنیایی بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەیسانە دەکەین کە بەشێوەی نایاسایی تێپەڕێنراون".
بەپێی یاسا هەرکەسێک پلەی "شارەزا"ی پێبدرێت، دەبێت خاوەنی بڕوانامە بێت، بەڵام لە خولی پێشووی پەرلەماندا خەڵک بەبێ بڕوانامە بەو ناونیشانە دەمەزرێنراوە و لە خولی نوێشدا کە خولی چوارەمی پەرلەمانە، لە نووسینگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خەڵکی بێ بڕوانامە بە پلەی شارەزا دامەزرێنراوە.
بە فەرمانێک، چوار کەس کە بۆ خزمەتکردنی چوار بەرپرسی پەرلەمان دامەزرێنرابوون بەناونیشانی"خزمەتکار"، هەڵوەشێنرایەوە. ئیشی ئەو چوار فەرمانبەرە خزمەتکردن بووە تا سەردەمی خانەنشینییان. دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو فەرمانەی هەڵوەشاندووەتەوە بە بیانووی ئەوەی هیچ بەرپرسێک ناتوانێت فەرمانبەرێکی مەدەنی لە دەزگاکانی دەوڵەت بۆ خزمەتی شەخسیی خۆی بەکاربهێنێت و ئەوە لەڕووی یاساییەوە هەرگیز رێگەی پێنادرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 132 ئۆتۆمبیلە کە 22یان هی فەرمانبەران و کاربەدەستان بوونە و لێیان وەرگیراوەتەوە و تەنها چوار ئۆتۆمبێل ماوە کە لای راوێژکارە پێشکەوتووەکانی پارتین. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی پەرلەمان کە ئەوانیش پارتین، هێشتا خانووەکانیان چۆڵ نەکردووە. دیلمان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە برادەرانی پارتیمان ئاگادارکردەوە کە ئۆتۆمبیلەکان بگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دەگرینەبەر لە دژیان"
لەماوەی رابردوودا، (رووداو) لەسەر هەمان پرسی دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلە بە نایاسایی کۆمەڵێک زانیاری بە بەڵگەوە بڵاوکردەوە. سەبارەت بەوەی ئایا پەرلەمانی کوردستان هیچ بەدواداچوونێکی بۆ ئەوە کردووە، دیلمان محەممەد دەڵێت "ئێمە هیچ بەدواداچوونێکمان نەبینیوە کە بۆ ئەو کەیسانە کرابن و هیچ فایلێکیشیان بۆ نەکراوەتەوە، بەدڵنیاییەوە هەر کەیسێکی نایاسایی یان گەندەڵی هەبێت، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و پاشان رای گشتی لێ ئاگاداردەکەینەوە لە رێگەی بانکی زانیارییەوە کە نووسینگەیەکی نوێیە و لەبەر رۆشنایی یاسای مافی بەدەستخستنی زانیاری دامەزراوە".


.jpg&w=3840&q=75)